ئەندامانی نوێی دادگای فیدراڵی دیاریکران

  2021-03-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ ئاشکرایکرد، پێکهاتەی نویی دادگای باڵای فیدراڵی دیاریکراون، بەڵام تا ئێستا ناوەکانی ئاشکرا نەکردوون.

لە بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، دادوەرانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە گوێرەی مادەی ٣/ بڕگەی دوو لە باسای هەموار یەکەمی ساڵی ٢٠٠٥ ی(یاسای دادگای باڵای فیدراڵی) بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی خۆیان سازکردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و میدحەت مەحمود دادگای باڵای فیدراڵی و سالم محەمەد نوری سەرۆکی داواکاری گشتی و جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دەستی سەرپەرشتیاری دادیی ئامادە بوون.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک و جێگر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بە بنەرەت و یەدەگ دەستنیشانکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێکهاتە نوێیەی دادگاکە ڕەوانەی سەرۆک کۆمار دەکرێت بۆ ئەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دەربکات و بە فەرمی لە پۆستەکانیان دەستبەکار بن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر کاندیدکردنی ئەندامانی دیکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئەندامانی دادگای فیدراڵی جەختکراوەتەوە لەو هۆشدارییانەی پێشوو، کە پێویستە لەسەر دادوەران بە هیچ شێوەیەک ناوبژی نەکەن یان ببنە لایەن لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە کاروباری ئیش و دادوەرییەوە نییە، چونکە ئەو  هەڵوێستانە سوکایەتیە بە دەزگای دادوەریی و یاسای رێکخستنی کاری دادوەریی.



ڕیکلام