وەک هەمیشە، سەراسیمە

  2021-03-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرزان هەستیار

 ١ -

ئەو هەموو ڕۆژە چی لێ بکەم

قۆڵ کەم بە قۆڵی ساردی کامیاندا ، .....

بیناییم ڕۆ بکەمە کوێوە و

چۆن ڕێ نەدەم گۆرانییە ئارامەکان

وەک مار لە زارما لوول ببن ؟

هەفتەکان بە چی  ئاسوودە کەم و

 لە حەوت جێوە بێتاقەتیی فیچقە نەکات ؟

دوانزە مانگ؛ واو دوانزە مانگ

بە چی پڕ دەبنەوە و چۆن خۆمیان لێ قوتار بکەم ؟

مانگێک سەرتاسەر سەمام کرد و

مانگێک لێوانلێو غەمبار بووم و

یەکێکی تر ژنێک بەسەر شانما گریا و

منیش فرمێسکەکانیم خواردەوە ،

مانگێکیش خۆم لە کەلاوی گریاندا شێم هەڵهێنا ،

نازانم، مانگێک چی و مانگەکەی تر چی ترو

 ئەی ئۆردووی ئەو مانگانەی تر؟؟

ساڵ؛ پەککوو لە ساڵ

 ئەو چاڵە زەبەلاحانە چی پڕیان دەکاتەوە ؟

ئەو چیا سەختانە  چ شەقاوێک دەڕۆستیان دێت ؟

چەند زۆرن، چەند

ئەوە چییە ،کەی من داوای تەرزە و بارانی ئەو هەموو  

ڕۆژو  هەفتەو  مانگ و ساڵەم کردووە  ؟

ئەوەندە خاوو خلیچکم ..

 نە ، فریای بەربوونەوەی کریستاڵی ڕۆژەکان و

 نە، شکانی  گوڵدانی هەفتە و

نە،شەقبردنی ئاوێنەی مانگ و

نە ، بەلاداهاتنی  کەپکەشاخی ساڵ دەکەوم .

من بەم خوێنساردییەی خۆمەوە

کەی  دەرەقەتی شارەزەردەواڵە ورووژاوی ....

 ئەو هەموو سەرقاڵییە دێم ؟ .

  ٢ -

ئەوانە کەی ڕۆژ بوون

لە چووتبوونی دوو پاساریی کورتتر و

 لە بازدانی کارئاسکێکی ترساو گورجتر

ڕۆژ کەی وا دەبێت

هەر وەنەوزێ بوو، وەنەوزێ

هەفتە چۆن وا ئەگوزەرێت، ....

فریای نووسینی نامەیەکی دڵداریی نەکەویت

 لە ئاوڕدانەوەیەکدا ، ماشێنی "هەینی" هەموو ڕۆژەکان  بارکات

 پێ ڕانەگەیت  منداڵانە .....

بە کامی دڵ سەر بخەیتە سەرڕانی دایکت ،

بە باوکت بڵێیت بە دڵڕەقییەکەشتەوە خۆشمدەوێێت و

چەمی ماندوێتیت لە ڕۆحما خوڕەی دێت

 ئەمە کەی مانگی پێ دەڵێن، ...

بەشی گێڕانەوەی نوکتەیەک و

فێنککردنەوەی حەوشەی دڵێک نەکات، بە پێکەنین

هێندەی کێشانی جگەرەیەکی غەمگین و

توانەوەی قاڵبەسەهۆڵێکی ماندووی سەر شۆستەیەک ....

هەناسەی لە نێو سنگیا بێت؛

نەمبیستووە ساڵ وا بێت، .....

هەر هێندەی کردنەوەی قفڵێک توول بکێشێت

توانەوەی چلوورەیەک بێت ...

لە تەرمۆزە شکاوەکەی شانی مناڵییمدا ،

خواردنەوەی چایەکی سارد لە بەیانییەکی زستاندا

--

چەند وشک و درێژن ئەو هەموو ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵە

ئەڵێێ لە داوێنی بیابانێکی کاکی بە کاکی بەربوونەتەوە

چەند کورتن ئەو هەموو ساڵ و مانگ و هەفتە و ڕۆژانە

لە ماچێکی نهێنیی و

باوەشێکی پڕ ترس و لەرز و

خەیاڵی حەرامی سۆفییەک دەچن !

--

نۆڤێمبەری 2020



ڕیکلام