بە ناوبژیوانی ڕوسیا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) تەرمی ٣٧ کوژراوانی ملیشیا چەکدارەکانی هاوکاری تورکیای ڕادەستی سوپای تورکیا کردەوە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شەرەکانی ناحیەی عەین عیسا کوژرابوون.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەو، وەک پابەندبوونێک بە بنەماکانی یاسای جەنگ و پەیڕەو نێودەوڵەتیەکانەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕێگەی دا بە کشانەوەی تەرمی میلیشیا چەکدارە سورییەکان، کە هاوکاری سوپای تورکیا دەکەن، کە لە نیوان ١٨ بۆ ٢٠ی ئەم مانگە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ناوچەی عەین عیسا کوژرابوون.
پرۆسەی گواستنەوەی تەرمی کوژراوەکانیش لە گۆڕەپانی شەڕەکە بە ناوبژیوانی هێزەکانی سوپای روسیا ئەنجامدراوە.
پێشتر هێزەکانی هەسەدە رایگەیاند، ژمارەیەک چەکداری سەر بە گروپ و میلیشیا چەکدارەکانی سوریای نزیک لە تورکیا لە شەڕەکانی دەوروبەری ناحیەی عەین عیسا کوژران و هێشتا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا ماونەتەوە.
لە نێوان ڕۆژانی ١٨ بۆ ٢٠ی ئەم مانگە هێزەکانی هەسەدە بەرپەرچی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە سورییەکانی نزیک لە ئەنکەرەی دایە، لە نزیک گوندەکانی سەید و مەعلەک لە ریفی ناحیەی عەین عیسا و بەهۆیەوە ٣٧ چەکداری ئەو گروپانە کوژران.