خوێنی یادەوەری

  2021-04-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسەین لەتیف

باڵندەیەکی خۆشخوان بوو،

سروشت کردی بە بەردی رەنگا و رەنگ .

رۆژگارێک  رۆشنبووم،

ئاین تاریکی کردم .

 خێزانەکەمان شانمیان بە فەرمان قورس کردووە،هەتا بیر لە فڕین نەکەمەوە، خەیاڵمیان پڕکردووە لە رمووزن هەتا بیر لە دۆستایەتی باڵندە نەکەمەوە.هەموو ئەو درەختانەی خۆشم دەویستن بڕییاننەوە، هەتا لە بەیانییە بەهارییەکاندا هۆگری شەونمی سەر گەڵاکانیان نەبم. هەموو ئەو کانزایانەی لە خەیاڵی مندا جوانبوون  فڕێیان دانە دەریاوە، تا شەیدای درەوشانەوە نەبم. پێستی باڵندەکانیان کرد بە جانتا و پێڵاو، هەتا ئایندەم رەنگاڵەیی نەبێت. بە خوێنی خەیاڵەکانم، یاڵی ئەسپە پیرەکانی خۆیان رەنگ دەکەن ، هەتا هێزی وتنی گۆرانییەکم نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەخوێنی خەیاڵی من تەواو دەبێت و نە ئەسپە نەخۆشەکانی ئەوان چاکدەبنەوە. خوێنی خەیاڵی شاعیرەکان تەنها ئەوکاتانە رەونەقی هەیە نامەی عاشقانەی پێ دەنووسرێت.  خوێنی شاعیرلە سەردەمە تاریکەکاندا رۆشنایی دەبەخشێتەوە. شیعر خوێنی یادەوەریمە لەسەر کاغەز فووارە دەبەستێت .

خێزانەکەمان لە ژمارەیەک خودا پێکهاتووە : خودای جوانیکوژ، خودای خەیاڵکوژ،خودای شیعرکوژ؛

 ئەوان هیچ لەبارەی کیمیای شیعرەوە نازانن.

ئەم  خودایانە هەریەکە و رۆژانە بە جۆرێک دەمکوژن و  لە دایک دەبمەوە. خەیاڵم پڕە لە شوێن چەقۆ و چەکوشی خواوەندانی ئاین و پاسەوانەکانی نەریت. وەک بەردی رەنگاورەنگی ناو تەلاری خواوەندەکان، یادەورییان  بریندارە بە چەکووشی تەلارسازەکان، دەبریسکێمەوە. وەک سەربازێکی تەنیا و بریندار، لە تەپ وتۆزی جەنگی ئاین و نەریتدا، چاو لە هیوایەک دەبڕم. پاسەوانەکانی نەریت نازانن لە جەنگدا ،"دۆنکیشۆت"* و لە شیعریشدا  "رامبۆ"**باوانمە.

*دۆنکیشۆت، کارەکتەری رۆمانەکەی سێرفانتس،رۆمانەکەش هەڵگری هەمان ناوە.

**مەبەست ئارسەر رامبۆی شاعیرە.



ڕیکلام