بە تۆمەتی هەوڵی کودەتا ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای ئورودن دەستگیر کران

  2021-04-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکان بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئوردن بە بیانووی هەوڵی کودەتا و تێکدانی دۆخی ئەمنی، ژمارەیەک لێپرسراوی باڵایان دەستگیرکردووە، بەشێوەیەک کەسانی نزیک لە جێنشینی شاهانەی ئوردنیان تێدایە.

ئاژانسی هەواڵی ئوردن (بەترا) بڵاویکردەوە، یەکێک لە دەستگیر کراوەکان  ئیبراهم عەوزەڵا سەرۆکی دیوانی شاهانەی ئوردن و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەیان تێدایە.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئوردن (حەمزە بن  حسێن ) جێنشینی پێشووی پادشای ئوردن و ٢٠ بەرپرسی دیکە دەستگیر کراون، کە گوایە هەوڵی کودەتایان داوە.

واشنتۆن پۆست لە زاری ژمارەیەک لێپرسراوی ئوردنەوە ئاشکرایکردووە، لەو دەستگیر کراوەکاندا کە هەوڵی کودەتاکەوە گلاون، ژمارەیەک سەرۆک هۆز و لێپرسراوی دەزگا ئەمنییەکانیشیان تێدایە.

ئاژانسی بەترای ئوردن بێ ئەوەی هۆکاری دەستگیر کردنەکان ئاشکرا بکات، تەنها ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دوای چاودێرییەکی ئەمنی ورد بووە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بەردەوامە.

میدیاکان باسیان لەوەشکرد، هەواڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی دیکەش لە ئارادایە، بەڵام دواتر زانیاری لەسەریان بڵاودەکرێتەوە.

هەڵمەتی دەستگیر کردنی ئەو کەسانەش لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئوردنەوە ئەنجامدراوە، لە ئێستادا هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بە پەرۆشن بزان هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانە چییە.

میدیاکان باس لەوە دەکەن دوای ئاشکرابوونی ئەو هەواڵە، هێزە ئەمنییەکان بە چڕی لە شەقامەکانی ئوردندا بڵاوەیان پێکراوە.



ڕیکلام