نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق وردەکاری دیداری نیوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و محەمەد بن زاید ئالنهەیان لە ئیمارات ئاشکرا کرد.
لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنێتی بەهێزکردن و هاریکاریکردنی لە زۆرێک لە بوارەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆڵی تەوەرەیی خۆی بگێڕێت لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکەدا.
لە بەرامبەریشدا وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، محەمەد بن زاید ستایشی هەنگاوەکان ی حکومەتی عێراقی کرد لە گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان.
هەروەها ستایشی ڕۆڵی عێراقی کردووە لە بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە و ئەو ڕێچکەیەی کە گرتوویەتییە بەر ، کە خۆی دەبینێتەوە لە سیاسەتی ئاسایکردنەوە و گفتوگۆ.
ئەمڕۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو کرد و لەگەڵ محەمەد بن زاید ئالنهەیان جێنیشینی ئەبوزەبی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبۆوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو جوڵانەی کە کازمی ئەنجامی دەدات بە ئاراستەی وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی، بە ئامانجی گێرانەوەی ڕۆڵی عێراقە لەناو وڵاتانی کەنداو.