شکۆی ئاڵا

لەتیف شێخ مستەفا

یاساناس و سیاسەتمەدار
  17/10/2020  |    722 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر ئاڵا لە ناوخۆ ڕێزلێگیراو بوو شکۆی بەوە ناشکێت کە لە دەرەوە بیسوتێنن یان سوکاێەتی پێ بکەن، ٧٠ ساڵە عەرەبەکان ئاڵای ئیسرائیل دەسوتێنن، ئیسرائیلیەکان یەکجاریش لەتۆڵەی ئەوەدا ھەلنەستاون بەسوتاندنی ئالای دەوڵەتە عەرەبیەکان ، بەڵام رۆژ بەرۆژ ئاڵای ئیسرائیل شکۆ پەیدا دەکات و ھی عەرەبەکانیش بە پێچەوانەوە.

ئەزانن بۆ؟ چونکە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا ئەو ئاڵایە سیمبولی یەکسانی و سەروەری دەوڵەت و ھاوڵاتی ئیسرائیلیە نەک تەنھا ھی چەند گروپ و کەسێک .

کاتێک ئاڵا لەناوخۆ دەبێتە سیمبولێک بۆ نایاسایی و قاچاخچێتی و لادان لەیاسا و خۆسەپاندن ئەوکات رێزی لای ھاولاتیانی خۆی نامێنێ پیش دەرەوە .

کاتێک ئاڵای کوردستان دەبێتە سیمبولی ناعەدالەتی و زوڵم .

کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵک یان قاچاخچێتی دەکەن و ئاڵای کوردستان بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە دەکەن.

یان کاتێک بەرپرسێک یان چەکدارێک یان پیاوی بەرپرسێک زەوی داگیر دەکات و خانوو مونشەئاتی لەسەر دروست دەکات و ئاڵای کوردستان و ئاڵای حیزبێکیشی لەسەر دەچەقێنێ، یان کاتێک ئاڵای کوردستان دەبێت بۆ ئیمتیاز و خۆبادان بۆ چەکدارو کادر و بەرپرسانی حیزب لەناوخۆدا، ئەوکات لەبەرچاوی زۆرینەی ھاوڵاتیانی کوردستان پێش خەلکانی دی رێزو شکۆێ نامێنێ؟ ئەوە نھێنی ئەو خۆشحاڵیەیە کە خەلکانێکی زۆر لە سوشیال میدیا دەریدەبڕن بە سوتانی ئاڵاکە .

بۆیە سواری سەری خۆتان مەبن و ئیتر دان بەو راستیەدا بێن کە خۆتان لە پێش خەڵکی ترەوە بونەتە ھۆکاری لێدان لە شکۆی ئاڵا و بێڕێزیکردن پێی، بۆیە پێویستە ببینە ئیسرائیل نەک دەوڵەتە عەرەبیەکان.


زیاتر