گەڕانەوە بۆ ژێر سیستەمی ئینتیداب

لەتیف شێخ مستەفا

یاساناس و سیاسەتمەدار
  07/08/2020  |    466 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی ٢٠١٥ لە ھۆڵی کۆلیجی یاسای زانکۆی سلێمانی کۆڕێک بەسترا لەسەر وەزعی عێراق و چی باشە بۆ چاکردنی وەزع ، من مداخەلەیەکم کردو وتم باشترین شت گەڕانەوەیە بۆ نیزامی ئینتیداب ، مامۆستا میوانەکانی جنوب قسەکەی منیان پێ قورس بوو وابزانم بە نەزانیشیان لەقەڵەمدام.

ئەو قوتابیانەی کە دەرسی یاسای دەستوریم پێ وتون شایەتن من زۆر دەمێکە باسی سیستەمی ئینتیداب و باشیەکانی دەکەم .

سیستەمی ئینتیداب سیستەمێکە بۆ راھێنانی گەلانی تازە سەربەخۆ بوو لەسەر چۆنیەتی حوکمڕانیکردن لەلایەن دەوڵەتانی سەرکەوتوو لەجەنگی جیھانی یەکەم بەتایبەتی ئینگلتەراو فەرەنسا، سێ پلەی ھەبوو بەگوێرەی پلەی پێشکەوتنی ھەریەک لەو گەلانە ئەلف و با‌و و جیم .

ئاخر دەلاکی یان دارتاشی یان خەیاتی یان ھەر پیشەیەک پێویستی بە فێربون و راھێنانە ، چۆن دەبێ بابەتی حوکمڕانی کە چارەنوسی ملێۆنەھا خەلکە بدرێت بەکەسانێک کە لەوەوپێش ھیچ شارەزایی و فێربونێکیان نیەو لەجادە یان لەشاخەوە ھاتوون ، ئەگەر لە فەرزێکدا کەسی باشیش بن، لێی نازانن و تێکی ئەدەن.

گەلی عێراق بە پلەی «ب » واتە مام ناوەند نە زۆر دواکەوتو نە زۆر پێشکەوتو دانراو کەوتە ژێر ئینتیدابی بەریتانی
حوکمەتی بەریتانیا ھەر لە دیوانی کۆشکی پاشایەتیەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران و وەزیرەکان و فەرمانگە سەرەکیەکانی دەوڵەت ڕاوێژکاری یاسایی و دەستوری و ھونەری دانا ، ئیشیان ڕاوێژپێدان و فێرکردنی بەرپرسە عێراقیەکان بوو سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوەبردن و حوکمرانی ھەر یەک لە وەزارەت و فەرمانگەکەی خۆی.

ئەگەر پاشا یان سەرۆک وەزیر یان وەزیرھەر ھەلەیەک یان دەرچونێک لەیاسا یان دەستور یان ئسوڵی حوکمرانی و ئیدارە ی ھەبوایە راوێژکار ئیشی ئەوە بوو بۆی راستکاتەوەو نەیەڵێ تێپەڕێ.

سەرنجام لەماوەی نزیکەی ٣٨ ساڵ لە سیستەمی ئینتیداب بناغەیەکی پتەوی دەولەتێکی مەلەکی دەستوری دامەزراوەیی ھاتە دامەزراندن ، ھێواش ھێواش کەلتوری حوکمڕانی و دەولەتداری دروست دەبوو ، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوشەوە ئەنجومەنێ ئاوەدان کردنەوە دروست کراو لەسایەی دۆزینەوەی نەوت ، دەست کرا بە ئەنجامدانی یەکەم وەجبەی پرۆژەی ستراتیجی وەک بەنداوی دوکان و حەبانیەو سەرسار و کارگەکانی چیمەنتۆو ھتد.

بەداخەوە کۆدێتای رەشی١٤ ی تەموزی ساڵی١٩٥٨ ھەموو ریسەکەی کردەوە بەخوری و ئەو دەولەتە دەستوریە دامەززراوەییەی تێکداو لە جیاتی ئەو سیستەمێکی سەربازی دیکتاتۆری مەزاجی و شەخسی لە جێگا دامەزراند ، ئیتر لەو رۆژەوە عێراق ساڵ بەساڵ ئاڕامی ئیستیقرارو خۆشگوزەرانی لەدەست دەدات و ساڵ بەساڵ کۆدێتا بەدوای کۆدێتاو حوکمەت بەدوای حوکمەت بەرەو خراپتر دەروات.

تەنانەت ھەموو ئەو پرۆژانەش لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسم ئەنجام دران لەسەردەمی پاشایەتی و لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە بریاریان لەسەر درابوو پارەکەشیان بۆ تەرخان کرابوو ، تەنھا جێبەجێ کردنەکەیان کەوتە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم ، ئەویش لەبەر روخانی سیستەمی پاشایەتی.
زیاتر