حەسان دیاب: گەندەڵی لە لوبنان لە دەوڵەت گەورەترە

  2020-08-10  | 
حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسان دیاب سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان بەشێوەیەکی فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکە لەمیدیای وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، چینێکی سیاسی هەوڵی داوە هەموو کەمووکوڕییەکان بخاتە سەر حکومەتەکەی و گەندەڵی لە دەوڵەت گەورەترە.

دیاب لە لەکاتی خوێندنەوەی بەیاننامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا وتی "سیستمی گەندەڵی ڕۆچووەتە ناو هەموو جومگەکانی دەوڵەتەوە، بەڵام من بۆ دەرکەوت سیستمی گەندەڵی گەورەترە لەدەوڵەت، دەوڵەتیش بەهۆی ئەو سیستمەوە دەستی بەستراوە و ناتوانێن ڕوبەڕوی بێتەوە و خۆی لێ ڕزگار بکات".

سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی لوبنان وتیشی" ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم کارەساتێکی گەورەداین، بەرژەوەندییەکان وادەخوازێت هەموو هاوکارین بۆ تێپەڕاندنی ئەم  کارەساتە، بەڵام هەندێک هیچی بەلاوە گرنگە نییە، جگە لە تۆمارکردنی خاڵی سیاسی و گوتاری جەماوەریی و وێرانکردنی هەموو ئەو بەشەی دیکەی دەوڵەت کە ماوە".

دیاب لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا جەختیکردەوە، حکومەت داخوازییەکانی لوبنانییەکان خستە سەر شانی خۆی بۆ گۆڕانکاریی، بەڵام لەنێوانیان  ئەوان و گۆڕانکاریدا دیوارێکی زۆر ئەستورهەیە و لەلایەن چینێکەوە دەپارێزرێت بە هەموو هۆکارە قێزەونەکان بەرگری دەکەن لەپێناو پارێزگارکردن لەدەستەکەوت و پێگەکانیان و توانای کۆنترۆڵکردنی  جومگەکانی دەوڵەت.

ڕاشیگەیاند "بەوپەڕی شەرەفمەندانە و تواناوە شەڕمانکرد، بەڵام جەنگێکی نابەرابەر بوو، ئێمە بە تەنها و ئەوان پێکەوە دژمان وەستانەوە".

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشانەوەی لوبنان جەختیکردەوە، ئەوان ئەمڕۆ لەبەردەم دۆخێکدان، هەنگاوێک دەگەڕێنەوە بۆ دواوە و لەگەڵ خەڵکدا دەوەستنەوە، بۆ ئەوەی جەنگی گۆڕانکاری دەستپێبکەنەوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ "دەستلەکارکێشانەوەم ڕادەگەیەنێم خوا لوبنان بپارێزێت".

دوا تەواوبوونی وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان دەستلەکارکێشانەوەی کابینەی حکومەتەکەی دیابی قبوڵکرد و داوایکرد، حکومەتێکی کاربەڕیکەر بەڕیوەبەرێت تا ئەو کاتەی حکومەتێکی نوی دەستبەکار دەبێت.

لەوەتەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت ڕوویداوە، خۆپیشاندەرانی لوبنان شەقامەکانیان چۆڵ نەکردووە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەیان دەکەن.

بەهۆی تەقینەوەکەی لوبنانەوە زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژران و ٦ هەزار کەسیش بریندار بووە و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ ماوەتەوە و زیانی نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیار دۆلار بەژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.