دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، بەشێک لە هاوڵاتیانی لوبنان ڕژانە سەرشەقامەکان و هەڵیانکوتایە سەر هەردوو وەزارەتی دەرەوە و ئابوری.
خۆپیشاندەران چەندین دروشمان لەسەر دەروازەی سەرەکی وەزارەتی دەرەوە بەرزکردەوە و داوای داماڵینی چەکیان لە بەیروتی پایتەخت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندەران چوونە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بەشەڕهاتن و ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.
لەناوەڕاستی بەیروتیش خۆپیشاندەران جگە لە وتنەوەی چەندین دروشم لە دژی حکومەت و دەسەڵاتداران، چەندین داری لەسێدارەدانیان لە گۆڕەپانەکان ئامادەکرد، وەک دەربڕینێک بۆ لەسێدارەدانی لێپرسراوە سیاسی و گەندەڵکارەکانی لوبنان.
لە وەزارەتی دارایی ئەو وڵاتەش خۆپیشاندەران وێنەی میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنانیان لە پەنجەرەی وەزارەتەکەوە فڕێدایە خوارەوە.
بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکان بۆمی فرمێسکڕێژیان لەدژی خۆپیشاندەران بەکارهێنا و بەهۆی توندوتیژی هاتە ئاراوە و زیان لە بەچەندی ئوتۆمبێل و دامودەزگای گشتی گەیشتووە.
خۆپیشاندەران نیگەرانی خۆیان لە سیاسەتەکانی حکومەت دەربڕی لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کە بەهۆیەوە تا ئێستا ١٥٠ کەی گیانیان لەدەستداوە و ٦ هەزار کەسیش بریندار بوون و نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسیش بێ ماڵوحاڵ ماونەتەوە.