پەڕینەوە لە ئاوی زبڕوچ

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیسحاق بابل

وەرگێڕانی: شیروان مەحمود

فەرماندەی فەوجی شەش ڕایگەیاند،  کە سپێدەی ئەم بەیانییە شاری نۆڤگەڕەد- ڤەلینسک دەستی بە سەردا گیراوە.  بارەگای فەوج  لە کرەپیڤنە دەرباز بووە  و، یەکەکانی پشتگیری و خزمەتگوزاری دوا بەدوای ئەوان بە گرمە و ناڵەوە بەو ڕێگا سەرەکییەدا، کە برێستی بە واڕشۆوە دەبەستەوە و، کاتی خۆی بە فەرمانی نیکۆڵای یەکەم و لە سەر خۆین و ئێسقانی سەربازە جووتیارەکان ڕاکێشرابوو، ڕێی دەکرد .

مێرگی گوڵالەسوورە بە چواردەورماندا سوور دەچێتەوە، سروەیەکی نیوەڕوانە شنە دەخاتە کێلگە جۆ زەردهەڵگەڕاوەکانەوە. دوور ، لەلای ئاسۆوە، گەنمەڕەشە وەک دیواری کۆنە دیرێک هەڵچووە. ڤەڵینی ئارام پێچ دەخوات و دەکەوێتە پشتمانەوە و لەناو تەمی ڕەنگمرواری سپیندارەکاندا دیار نامێنێت. ڤەڵین خۆی بەرەو گردۆلکە بە گوڵ ڕازاوەکان دەخشێنێت و دەستە شلبووەکانی لە دەوەنەکانی خمێل دەئاڵێنێ. خۆرە پرتەقاڵییەکە، وەک کەللە سەرێکی بڕراو بەو ئاسمانەدا تلۆردەبێتەوە و، ڕووناکییەکی نیان لە درزی نشێوەهەورییەکانەوە دزە دەکات وبەیداخەکانی ئێوارە بە سەر سەرمانەوە دەشەکێنەوە. بۆنی خۆێنە ڕژاوەکانی دوێنێ و لاشەی ئەسپەکوژراوەکان دەتکێتە ناو فێنکیی ئەو ئێوارەیەوە. رووبارە تاریکداهاتووەکەی زبروچ  هاواروهاژەی دێت و لەپێچەکاندا کەف دەچڕێنێ.  پردەکان داڕماون ، ناچار تەنکاوێک دەدۆزینەوە و لێی دەپەڕینەوە. مانگە مەزنەکە سەرپشتی شەپۆلەکان کەوتووە. ئاوەکە دەگاتە ئاست پشتی ئەسپەکان، لێشاوی ئاوەکە لە نێوان قاچی سەدان ئەسپدا شڵپە و خۆڕەی دێت. کەسێک نوقمی ئاوەکە دەبێت بە دەنگێکی بەرز کفرێک دەکات. ڕووی ڕووبارەکە بەچوارگۆشەی ڕەشی عەرەبانەکان داپۆشراوە ، هەردەنگی هاوار و فیکە و گۆرانییە،  بەسەر ماری بریسکەداری مانگە کەی سەر ڕووی ڕووبارەکەوە و چاڵە ڕۆشنبووەکانی ناو ئاوەکەدا، دەتەقێتەوە .

ئێوارەیەکی درەنگوەخت دەگەینە نۆڤگەڕەد. دەبینم ژنێکی دووگیانیان خستۆتە ئەو ئەپارتمانەی بۆ منیان تەرخانکردووە، لە گەڵ دوو جووی موو سوور و ملباریکدا. سێیەمیان سەری خۆی داپۆشیوە و وخۆی خزانۆتە لای دیوارەکەوە و نووستووە. دەبینم هەموودوڵابەکانی ئەو ژوورەی کە بۆ من دانراوە شکێنراون و خراونەتە سەرپشت، پارچەی کوتکوتکراوی پاڵتۆیەکی فەرووی ژنانە، پیسایی مرۆڤ و  پارچەی وردوخاشبووی قاپوقاچاغێکی پیرۆز، کە جووەکان ساڵی جارێک لە جەژنی پاسخەدا بەکاری دەهێنن، لەو ناوەدا کەوتوون .

_ ئێرە پاک بکەنەوە!_ بە ژنەکە  دەڵێم _ ئێوە لە چ پیسییەکەدا دەژین، خانم ...

 دوو جووەکە لە جێی خۆیان ڕاستدەبنەوە و بە سۆلە لبادییەکانی پێیانەوە دەکەونە هەلەکەسەما و کۆکردنەوەی قاپۆقاچاغە شکاوەکان، بێدەنگ، چەشنی مەیمون و،  وەک یابانییەکانی ناو  سێرک، باز دەدەن  و بەدەم فڕکان فڕکانەکەیانەوە ڕەگی ملیان دەئاوسێ. دۆشەکێکی پەڕم لە سەر زەوییەکە بۆ ڕادەخەن و منیش لە تەنیشت جووە نووستووەکەی سێیەمەوە لە لای دیوارەکەوە لێی پاڵدەکەوم . هەژارییەکی تۆقێنەر باڵی بەسەر پەناگاکەمدا کێشابوو. چواردەورم کوشتەی بێدەنگییەکی تەواوە، تەنیا مانگەکە، دەستە شینەکانی خۆی لە سەرە بازنەییە بریسکەدار و بێپەرواکەی خۆیەوە دەئاڵێنێ و لەودیو پەنجەرەکەوە دەسوڕێتەوە .

من قاچە سڕ و ئاوساوەکانی خۆم دەکێشمەوە و لە سەر دۆشەکە پەڕە هەڵتەقیوەکە خەوم لێ دەکەوێت. خەو بە فەرماندەی فەوجی شەشەوە دەبینم. لە خەوما بە سواری ئەسپێکی کەتەوە  بەدوای فەرماندەی فەسیلەکەدا غار دەدات و دوو فیشەک دەنێت بە ناو چاوییەوە. فیشەکەکان  کەللەی فەرماندەی فەسیلەکەمان کوناودەردەکەن و هەر دوو چاوی دەکەونە سەر زەوییەکە. '' تۆ لە پای چی فەرمانی پاشەکشەت بە فەسیلەکەت داوە؟'' سەڤیتسکی ، فەرماندەی فەوجی شەش ، بەسەر کابرای پێکراودا دەقێژێنێ_ لێرەدا بێدار دەبمەوە، چونکە ژنە دووگیانەکە پەنجەکانی بە دەوموچاومدا دەگێڕێ .

_ جەنابتان_ ژنەکە دەکەوێتە قسەکردن_ بەدەم خەوەوە دەقیژێنن و پەل دەهاویژن. من لە سوچێکی تردا جێگەتان بۆ ڕادەخەم، چونکە ئێوە پەل بە باوکمدا دەکێشن   ...

ژنەکە بە قاچە نیمچە باریکەکان و ورگە دەرپەڕیوەکەیەوە  لە شوێنی خۆی بەرز دەبێتەوە و لێفەکە  لە کابرا نووستووەکە دەکاتەوە . پیرەمێردە کە لە جێی خۆی و لە سەرپشت مردووە. قوڕقوڕاگەی داماڵراوە و، دەمووچاوی لە ناوەڕاستدا شەقارکراوە، خوێنێکی شین، وەک پارچەیەک قوڕقوشم بە سەر ڕیشییەوە مەییوە .

_ قوربان_ ژنە جووەکە بە دەم قسەکردنەوە دۆشەکەکەی ڕادەوەشێنێ _ ئەوە پۆڵۆنییەکان کوشتیان، ئەو لێیان پاڕایەوە : ببمەنە دەرەوە و لە تاریکییەکەدا بمکوژن، با کچەکەم ئەوە نەبینێ کە چۆن دەمرم. بەڵام ئەوان بەو جۆرەیان کرد کە دڵیان دەیخواست... ئەو لەم ژوورەدا گیانی لە دەستدا وتەنانەت ئەوساتەش خەمی منی بوو... جا ئێستا دەمەوێ بزانم _ ژنەکە لە پڕ هێزێکی ترسناکی تێگەڕا و گوتی_ دەمەوێ بزانم لە کوێی ئەم دنیایەدا، باوکێکی تری وەکوو باوکی منتان بۆ دەدۆزرێتەوە ...

و. لە ڕووسییەوە : شیروان مەحموود محەممەد

گەنمەڕەشە: سەرباری ناوەکەشی جۆرێک نییە لە دانەوێڵە، بەڵکو ڕووەکێکی نزیکە لە خێزانی ڕێواس و بەرەکەی وەک دەنکە گەنم دەهاڕدرێت و جۆرێک ئاردی لێ دروست دەکرێ

خمێل جۆرە ڕووەکێکی بۆنخۆشە، لە دروست کردنی بیرە و ڤۆدکادا بەکاردەهێنرێت. بە عەرەبی حشیشە الدیناری پێ دەگوترێت

ئیسحاق بابل(١٨٩٤-١٩٤٠) سێیەمین منداڵی خێزانێکی جوو بووە کە لە شاری ئۆدێسای سەر دەریای ڕەش ژیاون. پاش خوێندنی ناوەندی لەساڵی ١٩١٦ خۆی دەگەیەنێتە  پایتەختی  ئەوسای ڕوسیا، پیترۆگراد، ئەگەر چی بەپێی یاسا جووەکان بۆیان نەبووە لە پایتەخت نیشتەجێ ببن. بەڵام ئەو بە بیانووی خوێندنەوە ڕەزامەندی پۆلیس وەردەگرێ و یەکسەر لە پۆلی چواری کۆلیژی یاسا وەردەگیرێت. ئەو  بە سەر هەرسێ زمانی ڕووسی و فەرەنسی و ئیدیشدا زاڵە و بەرهەمەکانی سەرەتای بە فەرەنسی دەنووسێت. هاوینی  هەمان ساڵ دۆستایەتی لە گەڵ مەکسیم گۆرکی پەیدا دەکات و لە گۆڤاری '' لێتەپیس'' کە گۆرکی سەرپەرشتی دەکرد یەکەمین بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. هەر لە سەر ئامۆژگاری گۆرکی'' دەچێتە ناو خەڵکەوە'' و چەندین پیشە تاقی دەکاتەوە. لە کاتی  هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی پاش شوڕشی ئوکتۆبەر دەبێتە پەیامنێری جەنگیی و لە پاڵ لەشکری  یەکەمی سوارەدا و لە ژێر فەرماندەی بودیۆنی ئەفسانەئاسادا لە تەک بەڵشەفیەکاندا دەچێتە بەرەکانی شەڕ. لەوێ دەبێتە شایەتحاڵی هەموو تاوانەکانی جەنگ و دڵرەقی و داماڵڕانی بەها مرۆییەکان لە لایەنە بەیەک هەڵپژاوەکاندا دەبینێ. بابل ئەو بەسەرهاتانە لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی '' لەشکری سوارە'' وەک زنجیرەیەک کورتە چیرۆک بڵاودەکاتەوە .

ئەم چیرۆکەی ئێستا لە بەردەستی خوێنەری هێژادایە یەکەمین چیرۆکی ئەو کتێبەیە ، کە ئەگەر بەخت یارم بێت بەتەمام هەمووی وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی . بڵاوکردنەوەی کتێبەکە تۆڕەبوونێکی زۆری بودیۆنی لێکەوتەوە و ئەگەر گۆرکی بۆ بابل تێنەکەوتایە ڕەنگ بوو هەر  ئەو کات سزایەکی گەورە بدرایە .

ئیسحاق بابل لە سەرەتاکانی دەیەی سێیەمی سەدەی پێشودا ڕوودەکاتە ناوچەی ئوکراینا  بۆ ئەوەی لەسەر گەورەترین تاقیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتی سۆڤێت، وا تە لە سەر بە هەرەوەزکردنی کەرتی کشتوکاڵ بنووسێت. ئەو ئەزموونەی ئازاراێکی زۆری دەدات و نائومێدییەکی زۆری تیادروست دەکات کاتێک دەبینێت کە شێوازو ئامرازەکانی ئەو شاڵاوی بە کۆلیکتیڤکردنە زۆر لەوانەی شەڕی ناوخۆ ترسناکتر و نا مرۆڤانەتر و ئاکامەکانی تابڵێی تراژیدییانەتر بووە .

ساڵی ١٩٣٨ بابل دەکرێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی دەزگای چاپەمەنی دەوڵەتی بۆ بەرهەمە ئەدەبییەکان . ساڵێک دواتر دەگیرێت و تۆمەتی بەشداری لە چالاکی تێرۆریستانە و پیلانگێڕانەی دژە سۆڤێتی دەدرێتە پاڵ و هەموو بەرهەمە ئەدەبیە چاپ نەکراوەکانی دەستیان بەسەردا دەگیرێ و بەشی هەرە زۆریان بۆ هەتا هەتایە لە ناودەچن. بابل لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار دەکرێت کە دان بەوەدا بنێت گوایە پەیوەندی لە گەڵ ترۆتسکییەکاندا هەبووە و بەڕاسپاردەی ئەوان هەوڵی داوە لە بەرهەمەکانیدا واقیعی سۆڤێتی بشێوێنێ و لە ڕۆڵی حیزب کەمکاتەوە و لەناو هونەرمەنداندا خەریکی کاری پیلانگێڕی بووە و، بەوەشەوە نەوەستاوە سیخوڕی بۆ فەرەنسا کردووە و لەڕێگای ئیلیا ئێرنبورگەوە پەیوەندی لە گەڵ نووسەری فەرەنسی ئەندرێی مالڕۆ بەستووە و، سەبارەت هێزی ئاسمانی سوڤێت زانیاری پێداوە . دادگا بڕیاری مەرگی بەسەردا سەپاند و هەر بۆ ڕۆژی دواتر واتە ٢٧ی یەنواری ١٩٤٠ ئەو بڕیاڕە بە ئیمزای ستالینەوە بە سەر بابل و چەندین کەسی تردا ئەنجام دەدرێ و هەموویان لە گۆڕی بەکۆمەڵی ژمارە ١ ی گۆڕستانی دانسکۆی دا دەخرێتە ژێر خاکەوە .

ئێرنیست هەمینگوای زۆر سەرسام بووە بە شێوازی نووسینی بابل و گوتوویەتی کە:'' شێوازی نووسینی بابل لە شێوازینووسینی منیش کورتکراوەتر و پوختترە ''.



ڕیکلام