کانیلەی سوێر

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عومەر سەید

لە قووڵایی چەمەکەدا، لە نێو نەمامە تازە هەڵچووەکان و دڕکوداڵ و تووتڕکەکاندا، کوندەپەپوویەک، بەردەوام دەخوێنێت! لە مێژە، شەو و رۆژ دەنگی دەبیسترێت. کەس نازانێت لە ترسی تەنهاییە، یاخود دەیەوێت نهێنییەک بە گوێی دنیادا بدات. کە پێ ناچێت کەس لێی تێبگات!

رێک بەرامبەر بە چەمەکە، بەسەر بەرزایی تەپۆڵکەیەکەوە، کانییەک تەقیوەتەوە و ئاوێکی روون دەڕژێنێتە نێو چەم و پێدەشتە وشک و شەقارشەقار بووەکەوە، سەرلەنوێ تەڕ و پاراویان دەکاتەوە. لە قرچەقرچی وەرزی هاوینی گەرمی گەرمیاندا، کانیی و چەمەکان، تەنانەت هەندێ کەڕەت، خاسە و رۆخانەش وشک دەبن و ئاو دەبێتە قاتی، گەرما هەموو تەڕی و فێنکییەک لووش دەدات. ئا لەو گەرمای تاوسانەدا، تەقینەوەی کانییەک و بەسەر یاڵێکەوە، رووداوێکی سەیر و پڕ نهێنییە!

خەڵکی ناوچەکە، بە ترس و گوومانەوە لە کانییەکەیان دەڕوانی، قسە و باسی سەیر و عەنتیکەیان لێ دەگێڕایەوە. بە تایبەتیش، ئەو کاتەی کە بۆیان دەرکەوت، ئاوی کانییەکە، وەک هەر ئاوێکی تری ناوچەکە، شیرین نییە و تا بڵێی تامێکی سەیر و نامۆی هەیە!

پیرەکان، لە هەموان زیاتر لەم بارەیەوە باس و خواسیان دەکرد. هەر کە لە سەر حەوز و نێو مزگەوت و دیوەخانەکان پێکدەگەیشتن، باس باسی سوێرە کانیلە بوو.

" تەححححا، ئەم کانییە عەجایبە... بەخوا بڕا حونەرە!"

" بە بیرەوەری خۆم و باووباپیرم، نەبووە لە وەرزی هاویندا کانییەک بتەقێتەوە! نەخوازەڵاش بەسەر گردێکەوە... پەححححح لە کاری خودا!"

" وەکەلامی خودا، ئەمە غەزەبە... برا ئەم ناوچەیەی ئێمە کوا ئاوی شۆری هەیە! پێی ناوێ غەزەبی خوایە و بەرۆکی پڕ تاوان و گوناهی گرتووین!"

ژنانیش سبەینان کە دەچوونە سەر کانی و بیرەکان، بە ترسەوە ئاویان تام دەکرد و ئەوجا گۆزەکانیان لێهەڵدەگۆزی. تا ئەو کاتەش دەیان حیکایەت و بەسەرهاتی سەیریان لە بارەی کانییەکەوە دەگێڕایەوە و گوێ لێدەبوو.

هەواڵی کانیلەی سوێر، وەک گڕی بەر وشکە پووشی مانگی جۆزەردان، بە تەواوی وڵاتدا تەشەنەی سەند. کار گەیشتە ئەوەی لە هەموو لایەکەوە، پەیتا پەیتا خەڵک بەڕێوە بوون بۆ بینینی کانییەکە، لەگەڵ خۆشیاندا نەخۆش و گول و پەککەوتەکانیان دەهێنا، بە نیازی چاکبوونەوە و پاکبوونەوە، لە ئاوی کانییەکەیان هەڵدەشەپاندن و دەرخواردیان دەدان. پاشان، لەگەڵ خۆیاندا چەندیان بۆ بڕۆشتایە، ئاوی سوێریان دەبرد.

هەر لە نزیک کانییەکەوە، دەروێشێکی گەرمیانی، کەپرێکی لێدا و شەو و رۆژ بە دیار کانییەکەوە، نوێژ و حەی ئەڵلای دەکرد و دەفی دەکوتی. هەمیشە کە خەڵک لە کانییەکە نزیک دەبوونەوە، دەمی لێدەکردنەوە و بە سەریاندا هاواری دەکرد:

"لاچن... دەی بڕۆن... ئێرەش مەکەنە شوێنی سەیران و رابواردن... ئێرە شوێنێکی گەورە و پیرۆزە، بۆ ئێوە دەست نادات. مەنزڵگای شێخ و مووشایخ و پیاو چاکانە، مەگەر نابینن، چۆن بۆ بەدبەختی و بێ ئیمانی ئەم مەخلووقاتە سەر لێشێواوانە دەگرین؟ رۆڵەکانم، ئەمەی ئێوە دەیبینن، ئاو نییە. ئەمە قووڵپی فرمێسکی ئەوانە لەم زەوییە رەقەڵانەوە سەر دەکات... بڕوانن بۆ نەگبەتییەکانی ئێوە دەگرین... بۆ تێناگەن.؟!"

لە نیوەشەودا، دەنگی کوندەپەپووەکە، نزا و نووزەی وشکە دەروێش و قووڵپە قووڵپی ئاوی کانییەکە، شەوی تاریکی گەرمیانیان سامناکتر دەکرد.

رۆژێک چەند زانایەکی بواری جیۆلۆجی، بە خۆیان و کەرەسە و ئامێرەکانیانەوە هاتنە ناوچەکە و داوایان لە خەڵک کرد، بیانبەنە سەر کانییەکە. ئەو دەستە زانایە، بە یاوەری دوو رۆژنامەنووس لە پایتەختەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زانستیانەی کانییەکە وەڕێکەوتبوون. چونکە رۆژ نەبوو لە رۆژنامە و کەناڵە تیڤێکانی وڵاتەوە، شتی سەیر و سەمەرە، چیرۆکی زۆر و جۆراوجۆری لە بارەوە نەوترێت.

ریش سپی و پیاو ماقووڵ، منداڵ و تەنانەت، ژنانیش کەوتنە هاوشانی زاناکان، حەشاماتێک بەو پێدەشتە قاقڕ و وشکەی ژێر هەتاوی گەرمی گەرمیاندا، بەرە و کانییەکە بەڕێکەوتن.

دەمە دەمی نیوەڕۆ گەیشتنە شوێنی مەبەست. تیشکی خۆر، دەشتودەری دەبرژاند، دار و بەرد، وەک گەنمە شامی دەتەقین. دەنگی ناسازی زیکزیکەکانی نێو بنچکە تۆزاوییەکان، هەر لە زریکەو فیزاحی ئادەمییەکانی نێو دۆزەخەکەی خودا دەچوون، کە هەتا هەوا گەرمتر بوایە، ئەوان زیاتر و بەرزتر دەیان زیکاند.

پاش هەندێ پشکنینی سەرەتایی، زاناکان لە نێو خۆیاندا کەوتنە چپە و ورتە ورت:

"هیچ ئاماژەیەک نییە بەوەی ئەم زەوییە خوێ، یان هەر جۆرە کانزایەکی تری تێدا بێت. سوێر بوونی ئەم ئاوە، دیاردەیەکی سەیر و نامۆیە!"

"لەوانەیە سەرچاوەی ئەم ئاوە زۆر دوور بێت و بە رێکەوت، لێرەدا هەڵتۆقیبێت."

لە پێناو بەدەستهێنانی سەرە داوێکی زانستی و مەنتقی، کەوتنە هەڵدڕینی کانییەکە. دەروێشەکە، کە تا ئەو کاتە هەر وەک خەڵکەکەی تر تەماشای دەکرد. چیتر خۆی پێڕانەگیرا، پەلاماریدان و کەوتە ناڵە ناڵ: " کۆیلەکانی خودا، ئێوە بە تەمای چین؟! وازبێنن، چاوی ئەم کانییە پیرۆزە کوێر مەکەن. دەستێوەردانی کار و نهێنی خودا، بۆ مرۆڤ باش نییە، وازبێنن، قازمە و بێڵی تێوەرمەدەن."

هەرچۆنێک بێت، ئەو خەڵکەی تا ئەو کاتە لە شێوەی بازنەیەکی دەوری کانییەکەدا، رەق و رەپ وەستابوون و هەر تەماشایان دەکرد. هاتنە بەینەوە و وشکە دەروێشیان بە پاڵ و راکێشان، بۆ ژێر کەپرەکەی دوور خستەوە.

هێشتا نیو مەترێکیان چاڵ هەڵنەکەنیبوو، کاتێ لە بنی چاڵەکەدا بازنەیەکی سپی بچووکیان بەدیکرد. بە ئەسپایی کەوتنە دەرهێنانی ئاو و قوڕی چاڵەکە، لەو کاتەدا کزەبایەک تۆز و غووباری گەرمی لوول کردوو بووە گەردەلوول، تەپوتۆزێکی بۆر و تیژ بۆ چەند ساتێک تەواوی حەشاماتەکەی لە نێو خۆیدا غەرق کرد. پاشان وەک، گێژەڵوکەی دەریا، تیژ بەرە و چەمەکە شۆڕ بووەوە، لەگەڵ خۆیدا هەموو پووش و پەڵاش و کڵناشکی ئەو دەوروبەرەی پێچایەوە و بردی.

غەڵبەغەڵبی بە چرپە کەوتە نێو خەڵکەکەوە، دەروێشەکە، بە دوو چاوی زەق و برۆی ئەستوور و رەشی تێکەڵ بە پرچی درێژ و پەرشووبڵاوەوە، دیسانەوە بە خۆی و دەف کووتانەوە هاتەوە پێشەوە، ئەم کەڕەتەیان، گەرم و گوڕتر لەگەڵ حەیی ئەڵلادا، شێت ئاسا بە دەوری خۆی و خەڵکەکەدا دەخوولایەوە. سەیر و سامناک حاڵ گرتبووی، دەتوت لەگەڵ گەردەلوولەکەدا سروشی پێگەیشتووە.

دەنگی دەفەکە و شڵپوهوڕی قوڕاوی ژێر دەمە قازمەکە و نیگای ترس لێنیشتووی حەشاماتەکە، پێشبینی کارەساتیان دەکرد.

بە ئەسپایی قوڕاوەکەیان فڕێدایە دەرەوەی چاڵەکە، ئەوەی مایەوە و بە دیار کەوت، بووە مایەی تۆقین و سەرسامبوونی هەموان. ئێسکە کەللەسەرێکی سپی، ئاو لە هەردوو کوونی جێ چاوەکانییەوە بە تەوژم دەهاتە دەرەوە!

کەللەسەرێکی بە ئێسک بووی کۆن، مەگەر هەر خودا بۆ خۆی بزانێ هی چ کەسێکە و لە چ سەردەمێکدا مردووە.

ئاو بە هەر دوو جێ چاوانیدا، دەڕژێتە دەرێ و بۆتە ئەم کانییەی هەموو خەڵکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە! دەبێ چ نهێنییەک لەم کەللەسەرەدا، خۆی مەڵاس دابێت؟!

زاناکان، رەپ و راست بە دیار چاڵەکەوە وەستابوون و بە چاوی زەق و گووماناوییەوە تەماشای کەللەسەرەکەیان دەکرد. کە لە بۆشایی چاڵەکەدا، وەک میزەڵانی دەستی منداڵێک، بە زنجیرە ئێسکێکی پچڕپچڕی باریکی ملییەوە بە زەوییەکەدا داکووترا بوو. کەچی وەک دوو بۆری، ئاوی روون، بە چاوەکانیدا دەڕژانە دەرێ. ئاخر زمانی زانست و مەنتقی ئەوان، لە بەرامبەر ئەئاوها دیمەنێکدا، جگە لە لاڵبوون، هیچیتری پێنەدەکرا!

دەروێشەکە بە بینینی کەللەسەرەکە، هێندەیتر گڕی گرت، وەک ئاو رۆشنکەرەوە، جێی بە خۆی نەدەگرت و خێرا خێرا رووی دەکردە خەڵکەکە و هاواری دەکرد:

"نەمگووت... نەمگووت ئێرە نزرگەی شێخ و مووشایەخانە، دەی خێرا سەری داپۆشنەوە، تا بەر غەزەبی خودا و پیاو چاکان نەکەوتووین..."

هەندێ لە حەشاماتەکە خۆیان پێڕانەگیرا و لە ترسا هەڵهاتن. رۆژنامەنووسەکان، خێرا خێرا وێنەی کەللەسەرەکە و دەروێشەکەیان دەگرت. زاناکان مات و حەپەساو و سەرلێشێواو، پەیکەر ئاسا جووڵەیان نەدەکرد.

تا دەهات هەوا گەرمتر دەبوو، لەگەڵیشیدا زیکەی زیکزیکەکانی پێدەشتەکە، زۆرتر و بەرزتر دەبوو. بەڵام چیتر کوندەپەپووەکە نەیدەخوێند!

چاڵەکە پڕ بووەوە لە ئاو، لەوێشەوە، سەرلەنوێ بە رێڕەوی دیاریکراوی خۆیدا، بەرەو چەمەکە و دەشتە وشکەکە، جۆگەلەی بەستەوە.

سەرەنجام، لە بەدواداچوونی زۆری خەڵک بۆ کانییەکە، گەیشتنە سەرچاوەکەی، دەرکەوت ئەوە ئاو نییە هەڵدەقووڵێ. بەڵکوو فرمێسکی سوێری کەللەسەرێکی وڕکاوی و گرینۆکە، کە بە هیچ ژیر نابێتەوە و فرمێسکی وشک ناکات!

بەڵام خۆ تا ئێرە نیوەی حەقیقەتەکەیە، پاشان پرسیار گەلی تر سەریان هەڵدا. ئەم کەللەسەرە بۆ دەگری؟! کەللەسەری چ کەسێکە؟! کەی و بە چی مردووە؟ ئەی بۆ وەک هەر مردوویەکی ئەم دنیایە، لە گۆڕەکەیدا بێدەنگ نانوێت.؟!

باشە ناکرێ لە بری فرمێسک هەڵڕشتن، وەقسە بێت و پێمان بڵێ چی گەرەکە؟! ئەم هەموو فرمێسکە لە پای چی! دەیەوێت چیرۆکی چ نهێنی و حەقیقەتێک، بە گوێی ئەم ژیانەدا بدات؟!

گەرچی وەڵامی ئەم پرسیارانە لە لای کەس نەبوو، بەڵام بووە هەوێنی دەیان و سەدان، چیرۆک و ریپۆرتاژ و لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر، هەر کەسە و بە لایەکدا رایدەکێشا.

ئەمەی کە لە بەردەستی تۆشدایە و دەیخوێنیتەوە، دەستنووسی یەکێک لەو چیرۆکانەیە، کە لە بارەی حەقیقەتی سوێرە کانیلەوە نووسراوە.

پاڵپشت بە تراژیدیا و مێژووی تاڵی گەرمیان، دەکرێ بڵێین، ئەم چیرۆکە تا رادەیەکی زۆر، حەقیقەتی کەللەسەرەکەی لە خۆ گرتووە.

چیرۆکەکە، بەم شێوەیە، بە ژمارە دەست پێدەکات... یەک... دوو... سێ... چوار... پێنج...

                             ***

شەش... حەوت... هەشت... نۆ... دە...

هەر دوو دەستە بۆر هەڵگەڕاوە قڵیشاوەکانی بە دوو ئاراستەی جیاواز و لەسەرخۆ، لە سەرچاوە کز و تەڕەکانی لادا و چاوانی هەڵگڵۆفت. بیلبیلەکانی بە شێوەیەکی نا ئارام دەهاتن و دەچوون. دوور رووانی، پاشان بە لای راستدا و دواتر بە لای چەپی خۆیدا، هیچی بەدی نەکرد.

ساڵانێکی زۆرە، ئەم رێوڕەسمە هەمیشە دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە، بووەتە شێوە نوێژێکی تایبەت بە خۆی، نوێژێکی سەیر و نامۆ، پڕ لە زووخاو و گریان، لە شێوەی سێڵاوێکی قوڕ و لیتەدا، لە ناخەوە هورووژمی بۆ دێنێ. لە چاوەکانییەوە، وەک دوو جۆگەلەی نێو کێڵگەیەک بە هەر دوو روومەتە چرچەکانیدا دێنە خوارێ.

"چ چارەنووسێکی قورسە، پێدەچێ تا هەبم، فرمێسک ببێ، خودایە ئەم یارییە، کەی کۆتایی دێت؟!"

هێندەی فراوانی رۆحی ماندووی نێو جەستەی لەڕوو لاواز و چکۆلانەی، کە ئەگەر بێت و دەرباز بێت. هەموو گێتی توانای لە خۆ گرتنی نییە، لە خەیاڵ فراوانتر و تیژترە. هێندەی ئەو رۆحە دەریایەک لە فرمێسکی سوێر، لەو دیو رووکاری چاوە بە قووڵاچووەکانیدا هار وهاجانە شەپۆل دەدا و دەڕژێ. بە روومەتەکانیدا دەخزێنە خوارێ.

"بۆ مەحکوومت کردم بەم یارییە بێ کۆتاییە، گەمەی وا مەودا درێژ کێ بەرگەی دەگرێت؟! نەئەبوو بەم شێوەیە خۆتم لێ بشاریتەوە. تەماشای دەستەکانم کە، ئەمە کەی لەو دەستانەی سەرەتای یارییەکەمان دەچێت؟! ئەو کات دوو دەستی چکۆلانەی سپی و خرپن بوون. تەماشا چۆن بوونەتە دوو کۆتەرە داری رەش هەڵگەڕاو؟!" کۆشی پڕ پڕ و تەڕ تەڕ دەبێ لە فرمێسک، لەگەڵ رژانی هەر دڵۆپە گەشێکی تردا، دڵۆپێک لە کۆشییەوە دەڕژێتە بەر پێیەکانی.

"گەر دەمزانی وابزر دەبی، هەرگیز ئەو یارییەم نەدەکرد. تۆ لەگەڵ خۆتدا، ژیان و منداڵیی و لاوێتی منیشت بزر کرد! بوومە ئافرەتێک، بێ چارەنووس و پشتووپەنا. هەموو یارییەک یاسای تایبەتی خۆی هەیە، تۆ هەموویت تێکشکاند و منت لە بیر کرد... دەبوایە تۆ سەر لە ئێوارە، لە پشت دەرگای حەوشەوە دەربکەوتیتایەتەوە... مەگەر لە بیرت چوو، هەموو کەڕەتێک، سبەینان خۆت دەشاردەوە و منیش هەمیشە، سەر لە ئێواران دەمدۆزیتەوە و گڕم دەکردی. چاوشارکێکە، قەت لە رۆژێکی زیاتر نەدەخایاند. یاسای هەمیشە سادەی یارییەکە هەر ئەمە بوو..."

لافاوی فرمێسک نەدەوەستا، کۆشی پڕ فرمێسکیشی وردە وردە دەڕژایە سەر زەوی بەر پێی و زەویش دەبووە قوڕ، قوڕێکی خەست و توند.

"چاوەکانم، ئەو چاوە گەشانەی هەمیشە دەتگووت، هێندە قووڵ و گەشن خۆمیان تیادا دەبینمەوە، بڕوانە چۆن بوونەتە کانگای فرمێسکی سوێری جاویدانیی. ئەها... بڕوانە بە ئاستەم ترووسکاییان تێدا ماوە." یەکەم جار نییە بە گریان و فیزاحەوە، ئەم قسانە لە بەر خۆیەوە دەڵێتەوە و یەخەی کراسە هەمیشە رەشەکەی بەری دادەدڕێت. ساڵانێکی زۆرە، ئەمە حاڵێتی، چاوەکانی وشکاییان بە خۆیانەوە نەبینیوە و وەک گەڵای پڕ شەونمی بەهار، دایمەودەر، تەڕ تەڕن. لەوەتەی فامی کردۆتەوە و کەوتۆتە نێو ئەم گەمە سەختەوە، کە پێ ناچێ هەتا دوا هەناسەی ژیانی کۆتایی پێ بێت، گەمەیەک کووتومت لە گەمەکەی سیزیف دەچێت. لەویش سەختتر... زۆر سەختتر.

"بەسە، چیتر لە توانامدا نییە، بەرگەی ئەم چاوەڕوانییە بە عەزابە ناگرم. لەوە زیاتر خۆتم لێ مەشارەوە، لە شوێنێکەوە، جا ئەگەر بۆ چەند ساتێکیش بێت، خۆتم بۆ دەرخە. بەسە، با کۆتایی بە چاوشارکێکەمان بهێنین. وایدانێ تۆ یارییەکەت بردۆتەوە و من دۆڕاندوومە. بە هەموو شتێک رازیم، تەنها تۆ بگەڕێرەوە و هیچیتر."

هێندە سامناکانە دەگریا، قووڵپی گریان لێنەدەگەڕا بە باشی ددان بە وشەکاندا بنێت و زیاتر لە بڵمە بڵم دەچوو. تەوژمی فرمێسکی سوێریش، بینایی لێڵ دەکرد و دنیای رووناکی لێ دەکردە تاریکی. هەتا زیاتر هاواری باوکی بکردایە، فرمێسکی زیاتر و زیاتر فووارەی دەبەست.

دواجار لە بری فرمێسکی روون، فرمێسکی سور دابارییە سەر قووڕاوەکەی بەر پێی، دەنگی نووساو و لووشکە لووشکی گریان لە پەلووپۆی خست. شەکەت و ماندوو، دەستەکانی وەردایە نێو قوڕەکەی بەر پێی و کەوتە هەڵشێلانی. هێندەی توانای مابوو قوڕی فرمێسکاوی شێلا. پاشان، تۆپەڵ تۆپەڵ کردنی بە خشت، نزیکەی پانزە بیست خشتێکی بۆ دروستکرا. یەک دووانێکیان مەیلە و سور بوون.

ئێستا، ئیتر جگە لە چاوشارکێ، مەبەستێکی تریش بەکوێرەوەرییەکانی ژیانەوە گرێی دەدات. سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ئەو خانووەی کە یەکەم جار چاوی تێدا هەڵهێنا و سەرەتای یارییەکەی تێدا دەستپێکرد.

رۆژانە ئەمە کارێتی، سبەینان زوو بەر لە ئاگابوونەوە و گۆرانی کڵاوکووڕەکانی ئەو پێدەشتانەی گەرمیان، ئەم چاوەکانی بە نێو دەستی دەشارێتەوە، هەتا دە دەژمێرێ و بە دوایشیدا بە لێزمە بارانی گەرم، ئەو خشتانە دەخوڵقێنێ، کە بە نیازە تەواوی خانووەکەی ماڵە باوکی پێ دروستبکاتەوە.

"دەبێ وابێت. تا ماڵەکەمان وەک جاری جارانی لێنەیەتەوە، پێناچێ باوکم بگەڕێتەوە."

ئەمەی بە لەرەیەکی خنکاوەوە وت. بەڵام خۆ سەرلەنوێ خوڵقانەوەی ئەو ماڵەی ئەمی لە منداڵیدا تیا ژیاوە، هەروا کارێکی سووک و سانا نییە. یادەوەری ئەو هەموو نەخشەیە. لە کوێ بدۆزێتەوە؟ ئەمێک لە ئێستادا، بووەتە قەیرە کچێک، هەر هێندەی پریاسکەیەکی لێماوەتەوە. دوو دەستی قڵیشاو و لەرزۆک، دڵێکی بێ حەوسەڵە و دوو چاوی هەمیشە تەڕ و کز. خانوو هێز و گڕوتینی بازووی دەوێت. ئەمی ژێر باری قورسی خەم و تەنهایی، ژێر باری رەقی یارییەکی بێ کۆتایی، چۆن چۆنی خانوو دروست بکاتەوە!

"خودایە، هەر هێندەم لێت گەرەکە، گوڕ و هێزی تەواوکردنی ئەم کارەم بدەیتێ."

لەگەڵ داڵغەی دروستکردنەوەی خانووەکەدا، پەرداغێ چای تێکرد، بەرە و نێو ئەو چوار دیوارە وەڕێکەوت، کە بەئەندازەی باڵایەک هەڵیچنی بوو. ئەمە رێک لە جێگەی چوار دیواری دیوەخانەکەدا بەسەر یەکییەوەی نابوو. شوێنی دیوەخانەکەی باش پێ دەزانی. بۆیە لە سەرەتاوە لەوێوە دەستی پێ کردبوو. تاک و تەرای خشتی نێو دیوارەکە سور بوون، ئەوە ئەوانە بوون بە فرمێسکی خوێنینی دروست کرابوون. لەگەڵ هەر قوومە چایەک، بارتەقای قوومەکەی نێو گەرووی، فرمێسکی سوێر دەڕژایە نێو پەرداخەکەی دەستییەوە! هەمیشە وابوو، هیچ کات لەبەر فرمێسک هەستی بە تامی شیرینی چاییەکانی نەکردووە، هەر هێندەی لە لێوەکانی نزیک دەکاتەوە، پڕ دەبێ لە فرمێسکی رژاو. لە سووچی سەرەوەی نێو پانتایی دیوەخانەکەدا راکشا، کش و مات، چاوەکانی لێکنا، فرمێسک بە هەر دوو لا چاویدا چۆڕاوگەی بەرەو زەوییەکە بەست. لە ناخەوە یادەوەری رابردووی پڕ بەختەوەری، وەک پارچە شووشەی بەر خۆرەتاوی هاوین، بریسکەی دەدا و نغرۆی خەون و داڵغەی دەکرد.

" هەموو شەوێک، لەم جێگایەدا و بە تەنیشت باوکمەوە رادەکشام. بازووی دەکردە سەرینی ژێر سەرم و نیگامان ئاوێتەی یەکتر دەکرد. بەختەوەری لە نێوان چاوانی هەردووکماندا دیلانێی دەکرد. دەستەکەی تریشی لە نێو پرچەکەمدا، یاریدەکرد و چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە. پێموابێت لە دواین شەوی پێکەوە بوونماندا بوو، حیکایەتی ئەو پیاوەی بۆ گێڕامەوە، کە بەرەو شاری جنۆکەکان کەوتە ڕێ بە مەبەستی دۆزینەوە و گێڕانەوەی دڵی دزراوی کچۆڵەکەی، داخم ناچێ، بەر لەوەی چیرۆکەکە کۆتایی بێت، من خەوم لێکەوت. ئێستاش یەکێک لە حەسرەتەکانم، بیستنی ئەو دوای چیرۆکەکەیە، نازانم، ئاخۆ ئەو پیاوە نەگبەتە دڵی دزراوی کچۆڵەکەی هێنایەوە، یان نا...

باوکە خۆزگە بۆ چەند ساتێک دەگەڕایتەوە و ئەو دوایی چیرۆکەکەت بۆ دەگێڕامەوە و هیچیتر..."

لەگەڵ ئەو خەونە خۆشانەدا، ئارامیی بە جەستەیدا دەگەڕا و بزە دەکەوتە سەر لێوانی، وەک باڵندەیەکی بەرزە فڕ، بە نێو ئەو یادەوەرییانەدا دەفڕی و تێدەپەڕی. تا لە پڕ، لە نێو هەورە سپییەکاندا، ماندوویەتی باڵی خەیاڵی سست و لاواز کرد، خەو بە ئاسانی زەفەری پێ برد، بەرەو دنیایەکیتر راپێچی کرد.

 سپێدە بە ئاگا هاتەوە، بینی واباوکی لە خۆ ئامادەکردندایە بەرەو کێڵگەکەی وەڕێ بکەوێت. بە پرتاو لە جێگاکەی دەرپەڕی و خۆی هاویشتە کۆشی باوکییەوە.

 " باوکە... ئەی یارییەکەمان نەکەین؟"

 " بەسەر چاو کچە چکۆلانە نازدارەکەم... دەی با دەست پێبکەین... ئامادە بە..."

روویکردە دیوارەکە و بە نێو لەپی، هەر دوو چاوی خۆی شاردەوە و کەوتە ژماردن... یەک... دوو... سێ... هەشت... نۆ... دە...

رووی وەرگێڕا و هاواری کرد.

 " کچۆڵەی عەیار، خۆت مەڵاسدە واهاتم..."

 بە نێو حەوشە و ژوورەکاندا کەوتە گەڕان. هەموو سپێدەیەک ئەم یارییە، پاش نوێژی بەیانی یەکەم کار بوو، لەگەڵ هاتووچوون و گەڕانی نێو ژوورەکاندا، جارناجارێک بە بزەوە دەیگووت:

" ئەرێ بۆ خاتری خودا، ئەم کچە عەیارەی من لە کوێدا خۆی شاردۆتەوە...؟! خۆ هەر ئەڵێی جنۆکەیە، نادۆزرێتەوە؟!"

پاش تاوێک گەڕان، یا لە مووبەقەکەدا و لە پاڵ کەنۆکەدا، یان لە نێو کادانەکەدا، کچۆڵەکەی دەدۆزییەوە و هاواری لێدەکرد:

 " گڕ... گڕ... گڕم دایت... دۆڕانت."

 بەو سەبای سووبحانە، قاقای پێکەنینی باوک و کچە, ئاوێتەی دەنگی زەنگۆڵی ملی مەڕەکان و دەنگی مەشکە ژەنینی کەیبانووی ماڵ دەبوو. پاشان توند باوەشیان بە یەکدا دەکرد و کچە هاواری دەکرد:

 " ئەمجا نۆرەی منە... دەی بچۆ خۆت بشارەوە."

بە هەمان شێوە و شوێنی باوکی، کچۆڵەش چاوەکانی شاردەوە و رووی کردە دیوارەکە، بە دەنگی بەرز کەوتە ژماردن. یەک... دوو... بە ئەسپایی دەستی دایە کەشکۆڵەکەی... سێ... چوار... وردە وردە بەرە و دەرگای حەوشەکە بەڕێ کەوت... پێنج... شەش... حەوت... بە دوای خۆیدا و بە ئەسپایی دەرگاکەی پێوەدا، بەرەو کێڵگەکەی کەوتە ڕێ... هەشت... نۆ... دە... واهاتم. ئاوڕی دایەوە و تەتەر ئاسا بە ژوورەکاندا کەوتە گەڕان... لەم ژوورەوە بۆ ئەو ژوور، لە وێشەوە بۆ ژوورێکیتر. کە ماندو و بێ ئاکام بوو. چووە تەنیشت دایکییەوە کە هێمن و لەسەرخۆ مەشکەی دەژەن.

 " دایە، ئەم باوکەی من لە کوێ خۆی شاردۆتەوە؟"

" کچەکەم، لەوە زیاتر خۆت ماندوو مەکە، تا خۆر ئاوابوون نایدۆزیتەوە."

 تا دەهات هەوا قورستر دەبوو. بایەکی گەرم و وشک، برینە زۆرەکانی دەشت و دەری دەکوولانەوە و ژیانی بێ ماناتر دەکرد. گەرمیان لە (جدول الضرب)ی ژیاندا، کەڕەتی هەرچی بکەیت هەر دەکاتە دۆزەخ، هەموو شتێک پشتی لێهەڵماڵیوە و فرێوی دەدات. پڕە لەو مرۆڤانەی لە بری خوێن، زووخاوی رەش بە جەستەیاندا دەگەڕێ. پڕە لەو گوندانەی، هەر وەک قەقنەس سەدان کەڕەت لە پاشماوەی سووتاوی خۆیان خوڵقاونەتەوە.

پاش سەرخەوی پڕ لە خەونی یادەوەری منداڵیی، هەروا، بە راکشاویی کەوتە تێڕامانی ئاسمان, لەبەر خۆیەوە کەوتە ورتەورت:

 " پێ دەچێ هەموو گەردوون لە یاری چاوشارکێدا بێت! ئەگینا ئەو هەموو ئەستێرە بە باق و بریقانەی شەو کوان، چییان لێهات؟! مەگەر خۆیان لە زەمین نەشاردۆتەوە؟"

 هەستا وهاتە دەرەوە. وەلێ قەهری لێدەباری و چاوانیشی فرمێسک، کە بای گەرم بەر سیمای دەکەوت. هەستی بە کزانەوەی روومەتە تەڕەکانی دەکرد. بە تەواوی شوێن هەواری ماڵە خاپوورەکەدا ورد ورد رووانی. هەر چەندی دەکرد، نەیدەتوانی بە ئاسانی پەی بە وردەکاری، جێگا و رێگای ژوورەکان لەسەر شوێن هەوارەکە و لە نێو سەریدا یەکانگیر بکاتەوە... تەواوی شوێنەکە دوای ئەو هەموو ساڵانە، یەک پارچە بووەتە تەپۆڵکە و داروپەردووی تێکەڵ و پێکەڵ کە لە هەموو لایەکەوە، گوڵە بەیبوون و خەرتەلە، گژوگیای وشک هەڵاتوو، دایانپۆشیوە.

 دوای قەدەرێکی زۆر لە بیرکردنەوە، هێنان و بردن. تۆزە تۆزە نەخشەکەی وەبیر دەهاتەوە... تا دوا جار تەواوی پارچەکانی خانووەکەی، وەک پارچەکانی یاری میکانۆ لە نێو مێشکە جەنجاڵەکەیدا پێکەوە لکاند.

 " ئا لێرەوە لە دیواری پێشەوەی دیوەخانەکەوە، تا ئەو بەرزاییە کە بە گوڵە بەیبوونی زەرد و سپی داپۆشراوە، دەکاتە سەکۆی حەوشەکە، بە لای دەستە راستی دیوەخانەکەشەوە، ژوورە تایبەتییەکەی دایکم بوو. بە تەنیشیی ئەو ژوورەشەوە، بەرە و خوارتر، رێک ئا لێرەدا ناندێنەکەمان بوو. کەنوویەکی پڕ ئارد و مقەڵییەکی لە قوڕ دروست کراو و هەندێ قاپوقاچاغی تێدا بوو. لە خوارەوەی حەوشەکەشەوە ریزە خانۆچکەیەک پاڵیان بە یەکەوە دابوو. لەم سەرەوە ژوورێکی پڕ گەنم هەبوو، بە تەنیشتییەوە کادانەکە بوو، من زۆر جار ئالەو کادانەدا، خۆم لە باوکم دەشاردەوە. هەر بە ریزی ئەوانیشەوە، گەوڕی وڵاخەکان، ژووری کار و بەرخۆلەکان بوو. ئالێرەشەوە، لە نێوان دیوەخانەکە و ژوورەکەی دایکمدا، راڕەوێکی بچووک هەبوو ئەو سەری بە دەرگای لە دار دروستکراوی حەوشەکەمان کۆتایی پێدەهات."

 لەگەڵ ئەو قسانەیدا و بێ ویستی خۆی، وەک یارییەکی قورمیش کراو، بە نێو پانتاییەکەدا دەهات و دەچوو.

"لێرە ئەوە بوو، هۆ لەوێ ئاوها بوو... لە ناوەڕاستی حەوشەکەشدا، کۆڵەوانێکی لە قامیش دروستکراو هەبوو. هەمیشە کووپەڵەیەک ئاوی سارد، مەشکەیەک دۆ و جاخێک تۆراغی بە سەرەوە بوو. ژێرەوەی کۆڵەوانەکە، هێندە فێنک بوو، سەگە بۆرە کردبوویە ماڵی تایبەتی خۆی و هەمیشە لە ژێریدا رادەکشا."

 کاتێ چاوەکانی کەوتنە سەر جێگایەکی تر، سیمای گرژ بوو. دیسانەوە فرمێسکی گەش و سوێر، بە هەر دوو لا روومەتەکانیدا جۆگەلەیان بەست، بەڵام ئەم کەڕەتەیان بۆ دایکی.

 " ئێرە جێگای سێپاکەی دایکم بوو. سبەینان بەر لە بێدار بوونەوەی من و باوکم، ئەو خەریکی مەشکە ژەنینی خۆی بوو. تۆ لە ئاوی سازگاری کانی روونتر و بێدەنگتر بووی دایکە، سەرباری ئەو هەموو کاروبارە تاقەت پروکێنانە، تۆ هەر پێدەکەنیت. بەڵام کە سێپاکەیان شکاندی و هەموو دۆکەتیان رژاند. ئیدی وەک دەریا سەرلەبەری هێمنیت شێوا، فێرە گریان و وڕکێکی شێتانە بوویت... وای دایکە، چۆن بوویتە قوربانیی ژیانی نێو ئۆردووگا، ئەو ژیانەی رۆژ دوای رۆژ دەمبینی وەک مۆم، جوانییەکانتی دەتوانەوە. هەتا دەمرم ئەو رۆژەم بیر ناچێتەوە بە گریان و شیوەنی شێتانەوە، خۆت بە ماڵدا کرد و تفێکت کردە نێو کیلۆ ئاردەکەی دەستت، بە قژ رنینەوە فیزاحت کرد، ئارد حەیا و نامووسی پێ نەهێشتم، شەرم و شکۆی دزیم. ئاخخخخخخ، دایکە گیان، خۆزگە ئەم یارییە لێدەگەڕا و منیش وەک تۆ دەمتوانی بە دەنکە شقارتەیەک، کۆتاییم بەم ژیانە بێ شەرەفە بهێنایە."

 وڕ و گێژ بە دەوری خۆیدا دەخوولایەوە. وای هەست دەکرد، کچۆڵە چکۆلانە دەم بە پێکەنینەکەی جارانە و بە دوای باوکیدا دەگەڕێت. لە ساتێکدا ئەو نەخشە و خانووبەرەی نێو خەیاڵی لێبزر بوو، پاشان لە شێوەی ساتی منداڵیی و حەقیقەتدا دۆزییەوە. هەمووی چەند ساتێکی کەمە و باوکی دەرگای حەوشە دەکاتەوە. بە پرتاو خۆی گەیاندە پشت دەرگاکە و خۆی لە بۆسەنا، بە وریاییەوە کەوتە چاوەڕوانی. دەرگای حەوشە لێک ترازا و کوڕە لاوێکی باڵا رێکی تۆکمە دەرکەوت. کەشکۆڵێکی بە بن هەنگڵەوە بوو، بە دەستی راستیشی باوەشێ گیای هەڵگرتبوو. سەراپا بۆنی رێحانە و شەمامەی بێستانی لێدەهات.

 پێی خستە ئەم دیوی دەرگاکەوە، بەر لەوەی فریای سووکە هەناسەیەکیش بکەوێت، کچۆڵەکەی پەلاماریدا و توند باوەشی بە قاچەکانیدا کرد. بە گڕووتینێکی سەیرەوە زریکاندی:

 " گڕ... گڕ.... گڕ... باوکە گڕم دایت... دۆزیمیتەوە... دۆڕایت... بۆ هەر کوێ بچیت هەر دەتدۆزمەوە."

 گیاکەی فڕێدایە سەر زەوی و بە هەر دوو دەست بەرزی کردەوە بۆ ئاسمان، لە نێو رەشێتی ریش و سمێڵیدا، دوو ریز ددانی سپی دەرکەوتن. کەوتە ماچ بارانی کچۆڵەکەی و ئەویش توند، زۆر توند هەردوو دەستی لە شان و ملی باوکی ئاڵاند و لە تریقەی پێکەنینیدا.

 " باوکە، من یارییەکەم بردەوە و تۆ دۆڕاندت. من بردمەوە و تۆ دۆڕاندت. بە راستی باوکە گیان، تۆ ئەو هەموو ماوەیە لە کوێدا خۆت شاردبۆوە؟! خۆ من شوێن نەما بە دواتدا نەگەڕێم و پرسیارت نەکەم، ئەرز قووتی دابووی، یان ئەژدیهای حەوت سەری نێو چیرۆکەکانت فڕاندبووتی! باوکە چۆن دڵت هات، ئەو هەموو ماوە دوور و درێژە خۆتم لێ بشاریتەوە؟! ئاخر نەتزانی من بێ تۆ ناتوانم بژیم. من رقم لێتە باوکە، قەت... قەت... هەرگیز لێت خۆشنابم، لێت زویرم، بڕوا ناکەم هیچ باوکێک هەبێت لە تۆ دڵ رەقتر و بێ بەزەییتر بێت!"

خۆی نووساندبوو بە باوکییەوە، وڕکاوی و گرینۆک، فرمێسکی سوێر و گەرمی دادەباران. جار جارەش لە حەژمەتا بە چەپۆک و مشت، دەیکێشا بە نێو شانوشەپێلکی باوکیدا و بە سەریدا دەیقیژان. بێ ئەوەی باوکە، تەنانەت یەک جووڵەی بچووکیش بکات. کچۆڵە هەستی بە لینجی و گەرمی سەر شانی باوکی کرد. لەگەڵ هەر چەپۆکێکدا، هەستی دەکرد دەستی رۆدەچێتە نێو جەستەی باوکییەوە و شوێن دەستی چاڵ دەبێت. بە ئەندازەیەک مەچەکەکانی رۆچوونە نێو گۆشت و ئێسک و خوێنی جەستەی باوکییەوە، لە نێو باوەشیدا دەتوایەوە. هاروهاجانە دەگریا و پەلوپۆی رادەوەشاند. وەک جانەوەرێکی پڕ ترس و قین، بە هەموو لایەکدا دەست و پێی رائەوەشان و دەیقریشکان:

 " نا... نا نا، من دۆڕانم... من دۆڕام باوکە، من دۆڕاوترین بوونەوەری ئەم سەر زەمینەم، هەتا ماوم دەبێ فرمێسک بڕێژم، فرمێسکی خوێنین. ئەمە ئازارێکە و لە تۆی باوکەوە بۆ من دەبارێ. منی کڵۆڵ و بەد چارەنووس، منی گیرۆدەی چاوشارکێیەک کە هەموو کەسێک دەیکات و بۆی دەبێتە یادەوەری بەلەزەتی منداڵیی، کەچی من ئەوەتا پیر پیر، بە پرچی سپییەوە بەرۆکم بەرنادات! تاق و تەنیا، جگە لە خۆم، کەسیتر هاوەڵی ئەم یارییە نەعلەتییەم نییە. مردم هێندە چاوەکانم بشارمەوە و تا دە بژمێرم. کەچی تۆ هەر نەهاتی و نەهاتی، خۆت بە دەستەوە نادەیت و دەرناکەویت! ئەی بێبەزەییترین باوکی دنیا... دەوەرە... دەرکەوە... نابینی وەک شێتم لێهاتووە، بوومەتە وێڵ و سەرگەردانی ئەم دەشت و هەردە چۆڵوهۆڵە ترسناکە، سوێندم بە خودا، هەرگیز لێت خۆشنەبم."

 کەنەفت و کۆڵەوار، مت و خامۆش بوو، بە ئاستەم هەناسەی بۆ ئەدرا. پاش ماوەیەک، کەمێک بە ئاگا هاتەوە و بینی لە بری باوکی، باوەشی بەو خشتە هەڵچنراوانەدا کردووە کە بەرامبەر بە هەناسەی گەرم و فرمێسکی سوێری چاوەکانی، بەرگەیان نەگرتووە. دیسانەوە بوونەتەوە بە قوڕ، سینگ و دەم، چاو و قژی ئاڵۆسکاوی بە قوڕ سواغ درابوو. پتر لە دێو و درنج دەچوو تا لە مرۆڤ. قەیرە کچێکی پەککەوتە و لاواز، سەراپا غەرقی قوڕ و فرمێسک، تاق و تەنیا لە ژێر رەحمەتی قرچەقرچی گەرمای هاوینی گەرمیاندا، لە نێو پانتایی خاپوور کراوی گوندێکدا، دیمەنێکی سامناک و پڕ ترس و شکست بوو. بەڵام ئەو وەک دێڵە گورگێکی توڕە، کە راوچی پەلاماری بێچووەکانی دابێت، خۆی راپسکان و کەوتەوە سەر پێ. رێک راوەستا و هەر لە قژی ئاڵۆزکا و قوڕاوییەوە، تا نووکی پەنجە پێی خۆیدا روانی. دڵۆپە قوڕاوی خشت، بە هەموو جەستەیدا دڵۆپ دڵۆپ دەڕژایە بەر پێیەکانی. بزەیەکی پڕ بەرەنگاربوونەوە و دلێری نیشتە سەر رووخساری، دانەوییەوە و کەوتەوە هەڵشێلانی قوڕی خشتە توواوەکان، تا سەرلەنوێ بیانکاتەوە بەو خشتانەی بڕیارە ماڵە باوانی پێ ئاوەدان بکاتەوە.

زەردە گڕی گەرمیان، لە تەوقی سەری دەدا و زیاتر وڕ و گێژی دەکرد. وەلێ ئەو سور بوو لەسەر دروستکردنەوەی خشتەکان، بە دوو دەستی قوڕاوی لەرزۆکەوە، هەر خەریک بوو.

لای ئێوارە، کاتێک هەوا هەندێک فێنکتر بوو.

 لەسەرخۆ، بە باری قورسی خەم و پەژارەوە، بەو تەپۆڵکەیەدا سەرکەوت کە بە سەر پاشماوەی خاپورکراوی گوندەکەدا دەیڕوانی. بە دوای خۆیشیدا، هێڵێکی تەڕ و باریکی فرمێسکی بە جێدەهێشت.

لە سەر گردەکە دانیشت، ئەژنۆکانی بەرە و سینگی راکێشاوهەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی. بە دوو چاوی تەڕ و سورەوە، روانییە وێرانەی گوندەکە، لە ژێر لێوەوە، بە ورتەورت کەوتە قسەکردن:

 " رۆژانێک ئێرە پڕ پڕ بوولە قاوقیژ، لە ژیان و ئاوەدانی، لە درەختی باڵا بەرزی پڕ جریوەی چۆلەکە!"

 لەگەڵ نیگا خەماوییەکانیدا، لە قووڵایی ناخی خۆیدا، بە دووی وێنەکانی منداڵیدا دەگەڕا و ئاوێتەی دەڤەرەکەی دەکردن.

 " لەو بەری ئەو چەمەوە، سێ ماڵ سەریان کردبوو بە یەکدا، لەم بەریشەوە رێک، ئا لەوێدا مزگەوتی ئاوایی بوو. نەختێک خوارتر حەوزەکە بوو، هەمیشە پڕ بوو لە پیاوانی گوند، لە سێبەرەکەیدا سەرخەوی نیوەڕۆی گەرمیان دەشکاند. ئا لەوێشدا دار توویەکی ئەستوری زەبەلاح هەبوو، ئەوەتا تا ئێستەش کۆتەرەیەکی رەش هەڵگەڕاوی لێماوەتەوە. وای خودایە! لەو رۆژانەدا و هەموو ئێوارانێک ئەم تۆزە جێگایە پڕ دەبوو لە دەنگی مەڕوماڵات و هات وهاواری شوانەکان، لەنجەولاری کیژان. تۆ بڕوانە مرۆڤ چ یارییەکی ناشیرین دەکات. لەو هەموو باخ و بێستانە سەوزانە، لەو هەموو مرۆڤ و مەل و ئاژەڵانە، جگە لە خۆڵەمێش هیچیتر نەماوەتەوە. خوایەگیان، کوا ئەوانت لە سەر شێوەی خۆت خوڵقاندووە؟! مرۆڤ بە چی لە تۆ دەچێت؟! نا مرۆڤ لە شێوەی تۆ نییە، مرۆڤ لە شێوەی ڤایرۆسە، رێک وەک ڤایرۆس، روو بکاتە هەر ئاوەدانییەک، تا وێرانی نەکات و نەیکوژێت جێی ناهێڵێت. مرۆڤ وەک ڤایرۆس، بە سەدان و هەزاران جۆر خۆی دەگۆڕێت. مرۆڤ ڤایرۆسە، پەتا و نەخۆشییە، ئەو رۆژە هەر دێت، تۆش ناچار بە فرمێسکی سوێر بکەن. دەکەواتە چاوەڕێی چیت؟! واباشتر نییە، ئەو بەشە چکۆلانەی تریشی کە ماوە، لە فرمێسکی سوێری خۆتدا نغرۆ بکەیت و سەرلەنوێ هەڵیشێلیتەوە و دنیایەکی باشتر، مەخلووقێکی دڵ نەرمتری لێ بخوڵقێنی؟ دەزانم رۆژێک دێت لەو هەموو سۆز و بەزەییەت بۆ مرۆڤ پەشیمان بیتەوە."

 بەرلەوەی خۆر وەک پرتەقاڵێک، ئاودیوی چیاکان بێت. دەستی خستەوە سەر چاوە تەڕەکانی و کەوتەوە ژماردن...

" یەک... دوو... سێ...، هەشت... نۆ... دە."

 هەردوو دەستە بۆر هەڵگەڕاوە قوڕاوییەکانی بە دوو ئاراستەی جیاواز و لەسەرخۆ، لەسەر چاوە کز و تەڕەکانی لادا و چاوەکانی هەڵگڵۆفت. بیلبیلەکانی بە شێوەیەکی نا ئارام دەهاتن و دەچوون... دوور روانی، پاشان بە لای راستدا و دواتر بە لای چەپی خۆیدا... هیچی بەدی نەکرد...

 ساڵانێکی زۆرە، ئەم رێوڕەسمە هەمیشە دووبارە و سێ بارە دەبێتەوە، بووەتە شێوە نوێژێکی تایبەت بە خۆی، نوێژێکی سەیر و نامۆ، پڕ لە زووخاو و گریان. کە لە شێوەی سێڵاوێکی قوڕ و لیتەدا، لە ناخەوە هورژمی بۆ دێنێ و لە چاوەکانییەوە، وەک دوو جۆگەلەی نێو کێڵگەیەک، بە هەر دوو روومەتە چرچەکانیدا دێنە خوارێ.

 " دیسانەوە هەر هیچ... دەزانم تا ئەبەد نایدۆزمەوە، وانەشاراوەتەوە بدۆزرێتەوە..."

 گریا و گریا، هاوار و ناڵەی گەیشتە قووڵایی ئاسمان، قەتارەی دڵۆپی پڕ و درشتی فرمێسکی سوێر، کۆتایی نەبوو.

شەوی تاریک هات و بە هەزاران ئەستێرەی گەش و رووناک، وەک پوولەکە بە ئاسمانەوە دەبریسکانەوە. لە قووڵایی چاوی ئەمیشەوە بە هەزاران دڵۆپە ئەستێرەی جوانتر و گەشتر دەبریسکانەوە. بە درێژایی شەوی هێمن و کپ، گریا و ئەستێرەی فرمێسکی رشت. تاقە هاوەڵیشی دەنگی ئەو کوندەپەپوەیە بوو کە لە نێو چەم و کەلاوەکانەوە دەیخوێند، گۆرانی بۆ غەباوەت و نەگبەتی مرۆڤ دەچڕی. لە نێوان ئەو دوو دەنگەشدا، فرمێسکی سوێر، کاری خۆی دەکرد و هێدی هێدی بە زەوییە رەقەڵانەکەی سەر گردەکەدا رۆدەچوو، دەیکردە قوڕاو.

سەرەتا قوڕاوێکی خەست و توندوتۆڵ، بەڵام سات دوای سات نەرمتر و شلتر دەبوو. بە رادەیەک لە نیوە شەودا، توانای راگرتنی کەمترین قورسایی نەبوو.

 سەرەتا هەر دوو پێکانی لەسەرخۆ رۆچوونە نێو قوڕەلیتەکەوە. هەندێک خۆی راپسکاند، بەڵام بێهودە بوو. تەواوی سەر گردەکە ببووە قوڕاو و بەرە و ناخی خۆی پەلکێشی دەکرد. سات دوای سات بە ناخی زەویدا رۆدەچوو. تەزوویەکی پڕ ترس و لەزەت تەواوی جەستەی داگرت. هەستی کرد لە کۆتایی خۆیی و چاوشارکێکە نزیک بۆتەوە. هەتا هێزی تێدا مابوو لە تاریکییەکەدا قیژاندی:

" باوکە، تۆم بۆ نەدۆزرایەوە... یاریەکەت بردەوە... من دۆڕاندم... نا، نا، نا، هەردووکمان دۆڕاین. پێکەوە یارییەکەمان دۆڕان. دەزانم ئێستا تۆش، بە دوای مندا دەگەڕێیت و دەتەوێ بمدۆزیتەوە... هەردووکمان دۆڕاین... هەردووکمان بزر بووین... لە ئێستا بە دواوە، کەس بە دواتا ناگەڕێت. منیش بزر دەبم و کەس بۆم ناگەڕێت..."

وردە وردە، لە قوڕاوەکە رۆدەچوو. چاوە پڕ فرمێسکەکانیشی زەق زەق دەیانڕوانی... تا سەر سینگی لە قوڕاودا غەرق بوو. هەر دوو مەمکە سیس و چرچەکانی، وەک ئەوەی هەستیان بە بۆنی مردن کردبێ، بە سەڕ قوڕە لیتەکەوە هەندێک کەوتنە خۆڕاپسکاندن. وەک دوو بێچووە چۆلەکەی بێ ئەزموون لە فڕیندا، بەسەر قوڕاوەکەوە کەوتنە سەما کردن. بەڵام هەمووی چەند ساتێکی کەم بوو، نغرۆ بوون.

دوا شت چاوەکان، ئەو چاوانەی وەک دوو کانیلەی سوێر، قەت قەت وشکیان نەکرد، لە کاتێکدا دوور دوور دەیانڕوانی و لە قووڵایی تاریکاییەکەدا وێڵی بینینێک بوون. نۆرەیان هات، بە دوا نیگای وێڵ و فرمێسکی سورەوە رۆچوونە قوڕی سەر گردەکە و کۆتایی بە یاریەکە هات.

 لە نێو تاریکی تۆخی پێدەشتەکانی گەرمیاندا، هەمیشە کوندەپەپویەک دەخوێنێت. لە بەرزایی تەپۆڵکەیەکی پێدەشتی گەرمیاندا، کانییەک تەقیوەتەوە و یەک پارچە ئەو چەم و دەشتەی کردۆتە ئاو... ئەمما ئاوێکی سوێر...



ڕیکلام