فریشتە کەس نابات بۆ بەهەشت

  2021-04-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حسەین لەتیف

ژیان بەبێ شەیتان واتە تۆ وەک فریشتەیەک دەژێیت. گەر دەمزانی وەک شەیتانێک بژیم، ئێستا لە هەسارەیەکی ترەوە بۆتان دەدرەوشامەوە .

جەخار،  لە شەیتانێکم کەم بوو، ئەمە یەکەمین و دوایەمین گرفتی من بوو لەگەڵ ژیان .

ئەفسووس، درەنگ بیرم کەوتەوە، بۆ وەک شەیتانێکی هێمن نەژیام .

بەدوای فریشتەیەک دا هاتم، پێم لە ترس و لە شەرم و لە پاکێتی هەڵکەوت.  ئاه، ئەی پاکێتی، درەنگ  زانیم تۆ هیچ نیت، جگە لە ناوێکی تری گەمژەیی، لە رووخسارێکی تری دەبەنگی

بەم عومرەوە دەبێت دژی پاکێتی بجەنگم، وەک کۆترێکی بەر باران، ئاو لە باڵەکانی دەچۆڕیت، باڵەکانم بەیەکدا دەدەم و خۆم لە پاکێتی رزگار دەکەم، ئەوە دیمەنێکی شاعیرانەی ئێوارە نییە، حەقیقەتی بەیانییەکی تر بە قاچی هەڵۆیەکەوە دێت .

 دێتەوە یادم فریشتەیەک دوای خۆی خستم، بە ئومێدی بەهەشت بە دوای فریشتەکەدا هەنگاوم نا، لە تووناوتوونەکانی ژیاندا رێگای هەڵەکرد و لە دۆزەخ خۆم بینییەوە، هیچ لەوە ناخۆشتر نییە فریشتەت هەبێت،  فریشتە کەس نابات بۆ بەهەشت، فریشتە .

 ئەی فریشتەی من: تۆ ئەستێرەناس نەبوویت، من و رێگاکەت پێکەوە وون کرد. لێرەم گەر دەمبیستیت؟ لە بەشی ژێرەوەی دۆزەخ، دەمەوێت هەڵبێم، هەڵبێم لە تۆ ئەی دۆزەخی من .

 ئەی فریشتە،بە ساویلکەیی خۆت لە تاریکییەکدا جێتهێشتم، تەنها ئومێدی من  شەیتانە ، لە ئاوی رووناکیدا فێری مەلەم بکات .

 ئاخ،ئەی شەیتانی من کەی دەگەیت؟

 تەمێک بەربینایمی گرتووە،چل وحەوت بەهار، چل و حەوت هاوین، چل و حەوت پایز،لە چل و هەشتدا زانیم ئەو هەموو ساڵە  لە

چ زستانێکی سەختدا ژیاوم .

پێویستم بە شەیتانێکە، بەبێ ئەستێرەش لە جەنگەڵەکاندا بڕوات و ڕێگا وون نەکات، لە بیابانەکاندا بڕوات و بزر نەبێت، بە دەریادا بڕوات و ترسی لە باوبۆران نەبێت. دڵم لە فریشتە شکاوە، دێتەوە یادم فریشتەیەک لە تووناوتوونەکانی ژیانداڕێگاکەی لێ بزرکردم .

 پێویستم بە شەیتانێکە لە رۆژە گەرماکاندا فێنکم بکاتەوە، لە شەوە ساردەکاندا  گەرمم بکاتەوە، لە غەمگینیدا شادیم پێببەخشێت، لە تەنیاییدا ببێت بە دۆست، لە شەودا ببێت بە رووناکی، لە رۆژدا ببێت بە گەواڵە هەورێک .

 ئەی دواین فریادڕەسی من، بە قاچی کەروێشک وەرە، درەنگە، بە خێرایی تیشک وەرە، لە شێوەی هەرشتێکدا دێیت وەرە، تۆ بەس وەرە، لە میراتی فریشتە رزگارم بکە. منیش  بەڵێنت   پێدەدەم، لە نیوەرۆدا،لە قەرەباڵغیدا، بۆت دێمە سەرچۆک .



ڕیکلام