تێکشکانی زەمەن و هەڵاتن لە خود

  2021-04-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کتێبی "بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من"ی داستان بەرزان

دانا عەسکەر

رۆمانی یاداشنامە،یاخود بییۆگرافیی کەسێتی، جۆرێکە لە کارکردن لەناو وردەکاریی یادەوەریی کەسێتی خەیاڵئامێز، یاخود تێکەڵکردنی یادەوەریی کەسێتی فەنتازییە بە یادەوەریی کردەیی و مەجازییەوە. جیاوازی ئەم جۆرە نووسینانە لەگەڵ یادەوەریی گشتیی، رەهەندیی فەنتازیی و تەکنیکی و هونەری نووسینی هەیە،کە ئەوی دییان  رەهەندی دیکۆمێنتاری بوونێکی کردەیی مێژوویی هەیە.  ئەم جۆرە لە نووسین، هەوڵێکە بۆ بە فەنتازیاکردنی واقیع، واتا نووسەر دەیەوێ لەڕێی هونەری نووسینەوە یادەوەرییەکانی لەناو فۆرمێکی جودای نووسین جێ بکاتەوە. لە مێژووی نووسینەوەی یاداشتی کەسێتی، کە دەچێتە چوارچێوەی بەرجەستەکردنی مێژوو لەناو رۆمان، واتە گێڕانەوەی فەزایەکی دی مێژوو، کە هەندێک زانیاری گرنگ بە خوێنەر دەدات، لەناو خودی مێژوودا تۆمار نەکراوە، هەندێکجار تەنانەت ناوی کەسایەتییەکانیش دەگۆڕدرێن، واتا کارکردنێکی فەنتازییە لە سیاقی مێژوو،بەم شێوەیە دەق زیاتر لە نووسینێکی دراماتیکی دەچێت، وەلێ لەناوەڕۆکدا نووسەر ناتوانێت دەستبەرداری خاڵی سەرەکی رۆمان یا نووسینەکەی بێت، ئەویش یاداشتکردنی خەونی کەسێتییە،بۆیە ئەم جۆرە نووسینانە دەچنە خانەی ئەدەبی کۆچەوە،ئەم جۆرە نووسینە خەونێکی دووسەریی هەیە، یەکەم گێڕانەوەی سەفەرێکی واقیعیە، دووهەم سەفەرێکی مەجازی بە نێو مێژوو و، جوگرافیای شوێنێکی دیدا دەکات. نووسەر و ئەکادیمیستی دیاری عیراق، عەبدوڵڵا ئیبراهیم، سەبارەت بە ئەدەبی یادەوەریی دەڵێ، ئەگەرچی نووسینەوەی یاداشتنامە بەشێکە لە ئەدەبی گێڕانەوە، وەلێ لە راستیدا جۆرێکە لە دانپیانی کەسێتی لەناو فەزای نووسین. دەکرێ ئەم بۆچوونەی دکتۆر عەبدوڵڵا ئیبراهیم وەک گرێی نووسین تەماشا بکرێت،بەدیوێکی دیدا وەک فەزای جێ گۆڕکێ بە ناسنامە تەماشا بکرێت، کە بە کەش و شارستانی و مێژوویی و جوگرافیی دیدا گوزەر دەکات، یاخود بە پێچەوانەوە، هەستکردن بە غوربەت لە نیشتمان، دیسان هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی شکستی ناسنامەی کەسێتی، کە ناچار لەڕێی سەفەری مەجازییەوە کۆچ و شکستییە روحییەکانی دیکۆمێنت دەکات. لە بارەی ئەم جۆرە نووسینەوە دکتۆر عەبدوڵڵا ئیبراهیم دەڵێ: دەبی ئەوەمان بیرنەچێت، کە ئەدەبی دوورخستنەوە و ئەدەبی ئاوارەیی  دوو جۆری جیاواز و دوو فۆرمی جیاوازن، ئەدەبی دوورخستنەوە دەبێتە زیندانی هەموو دەلالەتە جوگرافییەکانی کەسێتی، وەلێ ئەدەبی ئاوارەبوون،کەسێکی کراوەی هەموو ئاوارەبوونەکەی خۆیەتی. بە پێی توێژینەوەکان ئەدەبی رۆژهەتی ناوەڕاست زۆرترین پێگەی لەنێو ئەدەبی کۆچدا کردووەتەوە، ئەم تێڕوانینە رەهەندی سیاسی و سایکۆلۆجی هەیە، کە رەنگە هەموومان لە مەغزاکەی تێبگەین، ئەوەی ئێمەش دەخاتە نێو فەزای ئەو نووسینانەوە، هەمان مەغزا و مەودای سیاسی و سایکۆلۆجی هەیە،کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە گەڕان بەدووی ناسنامەدایە. بەڵام بۆ ئێمەی کورد دووجار کاریگەریی نەرێنی هەیە، یەکەم ناسنامە بە مانای گشتییەکەی. دووهەم مەغزا سیاسی و سایکۆلۆجییەکەی، کەوایە ئێمە بەر لەوەی بەدووی کەسێتیدا بگەڕێین، بۆ شوێن دەگەڕێین، شوێنێک کەسێتیمانی تێدا بدۆزینەوە.

لە کتێبی بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من، دا، بەر چەندین هەڵاتن دەکەوین، ئەم کتێبە لەچەند بەش و دیمەنی جیاواز پێکهاتووە، دیمەنگەلێک نووسەر هەوڵی داوە بە شێوەی راپۆرت بۆمانی بگێڕێتەوە، ئەم شێوازە لە نوسین ئێستا لە ئەوروپا کاری لەسەر دەکرێت.

لەبەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا بەر چەند جۆرێک لە هەڵاتن دەکەوین، مردنی دایک بۆ خۆی دەرکردنێکە لە روحی نیشتمان، دایک نیشتمانە لەدەست چووە ئەبەدییەکەی ئێمە، ئەو هەڵاتنەی کە بە مردنی دایک کۆتایی دێت. نەوەکانی ئادەم هەمیشە دەرکراوەکانن، دایک ئەو بەهەشتەیە کە هەمووانی تێدا کۆدەبێنەوەو، دەردەکرێین، دەرکردن لەم فیردەوسە، هێندە بەئازارە هیچ شوێنێک ناتوانێت ئەو سیحرەمان پێ ببەخشتێتەوە، کە لەوێدا ژیاوین، ئەو چرکەساتەی دایک دەمرێت، تۆ دەرکراوێکی بێ ناسنامە و بێ دڵی، دڵێک لە رەحمی دایکەوە سروشتی کەسێتی تۆی بەو دونیا تاریکەوە بەستووەتەوە، تا لێی دەرنەکرێت، نازانی ئەو تاریکییە چ چراخانێکە و، نازانی ئەو خودە چ پەیوەندییەکی لەدەست داوە. بەر لەوەی تۆ پشت لە نیشتمان بکەی، تۆ لە نیشتمانە گەورەکەی روحت دەرکراویت، هیچ نیشتمانێک ناتوانێت ئەو بەرامەی مسکەت بۆ پەڕ بکاتەوە. گێڕانەوە لەم کتێبەدا دەچێتە خانەی فەلسەفەی بونیادگەرییەوە، کە بەشێوەیەکی رەها پەیوەندیی نووسین  و، واقیع بەیەکەوە گرێ دەدات. دەرکەوتنی فەلسەفەی بونیادگەریی یەکەمجار  لەسەر دەستی ولیم فۆنت، دامەزرێنەری ئەو قوتابخانە سایکلۆجیە بوو،ساڵی ١٨٧٩ لە یەکەم توێژینەوەیدا سەربەخۆیی زانستی سایکۆلۆجی لە فەلسەفە جیا دەکاتەوە، دواتر ناونرا قوتابخانەی بونیادگەریی،چونکە گرنگیی بە وەسف  و بونیادی دەروونی مرۆڤ دەدات، پاشان سەربەخۆیی و گەشەکردنی لەگەڵ زانستی زمانەوانی پەرەپێدەدرێت، بەتیبەت لە دیبەت و نووسینەکانی  فەیلەسوفی سویسری و زانای زمانەوانی دی سوێسەر، هێندەی تر قوتابخانەی بونیادگەریی تێکەڵی زانستی مرۆڤایەتی دەبێت .

مەبەست لەم رونکردنەوەیە ئەوەیە، ئەم نووسینەی داستان بەرزان، پشتی بە میتۆدی بونیادگەریی بەستووە، کە پەیوەندیی ناوەکی لەگەڵ خود و دەوروبەردا دروست دەکات.

لە زۆرینەی بەشەکانی ئەم کتێبە مەنەلۆگ پانتاییەکی زۆری داگیر کردووە، ئەگەر چی مەنەلۆنگ ئاخاوتنێکی ناوەکی مرۆڤەو راستەخۆ پەیوەندی بە زانستی زمانەوانییەوە هەیە، وەلێ راستەوخۆ پەیوەندیی بە واقیع و سروشتی دەرەوەی خۆیەوە هەیە، هەر لە مردنی دایکەوە سەرچاوەی گرتووە، تا دەگاتە هەڵاتن لە شوێن.

بەشی دووهەمی ئەم کتێبە.هەڵاتن لە نیشتمان.

لەبەشی یەکەمدا ئاماژەمان بە مردنی دایک و دەرکردن لە نیشتمان وەک سەرچاوەی کەوتنی ناسنامەی کەسێتی بە نیشتمانەوە بەستەوە، کە دایکە. لەم بەشەدا وێڕای بێ ناسنامەیی، ئەمجارەیان لە شوێن هەڵدێت، شوێن وەک جەوهەری بوونی مرۆڤ، کە روحی دایک و ناسنامەکەی تێدا لە دەست دەدات. فەزای کەسێتی کارەکتەری سەرەکی ئەم کتێبە بکەرێکی هەمووشتزانە، کەشی شوێن لە نێوان داپیرەی و باوکیدایە، دوای مردنی دایکی، باوکی ژنی دووهەم دێنێت، بۆ کەرەکتەری ئەم حیکایەتە مردنێکی تری دایکە، وەلێ ئەمجارەیان باوکیشی بۆ ئەو مردووە. ئەم پرۆسە سایکلۆجیای کەشی کەسێتی پاڵەوانی حیکایەتەکان دەخاتە نێو گێژاوێکی دییەوە، گێژاوێک لە نێوان بوون وەک بوونەوەرێکی ئاڵۆز و، نەبوون وەک کەسێکی نامونتەمی بۆ ژیان و دەوروبەر.

لە نووسینەدا دەرەوە و ناوەوە هەیە، ناکرێت دەرەوە پەیوەندیی بە ناوەوە نەبێت، وەلێ لەم کتێبەدا ناوەوە پەیوەندیی بەدەرەوە نییە، یەک دەرئەنجام لەو پانتاییەی دابڕیوە، ئەویش مەرگی دایکە، لە کوێوە گرێی حیکایەتەکانی ئەم کتێبە هەڵوەشێنینەوە، دەمانباتەوە سەر مەرگی دایک، " من پیاوێکم خوێنێکی رۆژهەڵاتی بەجەستەمدا دەگەڕێت" ئەم دەستەواژیە هەم لەشوێنی دووهەم کە بەرلینە، هەڵمان دەتەکێنێ، هەم دەمانگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی یەکەم، کە کوردستان و سێبەری دایکە، لەم تەکنیکەی داستان دا، دایک ئەو سومبۆڵە فیکریی و فیگەرە گشتییەیە کە هەمووانی بە نیشتمانەوە گرێ داوە. بۆ ژن شوێنی دایکی نەگرتەوە؟ دەکرێ  چیرۆکی لێکتێنەگەیشتی کارەکتەری پیاو، لەگەڵ ژنەکەی لە ئوروپا ئەو جیاوازییە روحییەمان بۆ تەفسیر بکات و، وەک پرسیارێک بۆ خوێنەری بەجێبهێلێن!

گێڕانەوە و کۆچ

لەسەرەتاوە ئاماژەمان بەوەدا کە ئەدەبی کۆچ دووسەرەیە، یەکەم سەفەری واقیعی، دووهەم سەفەری مەجازی،بە هەردوو دیوەکەیدا ئەدەبی کۆچ لەناو خۆیدا کۆمەڵێک رەهەندی مێژووی جوگرافی و فەرەهەنگی لە خۆ دەگرێت، زۆرێک لە نووسەرانی ئەدەبی کۆچ دەڵێن: وڵاتێکم ناسی هێشتا نەمبینیوە! رۆماننوسی میسری ئیبراهیم عەبدولمەجید، خاوەنی ئەم گوتەیەیە، لە سەفەری واقیعیدا، لەگەڵ کولتوور و دونیابینی و شوێندا بەریەک دەکەوین، وەلێ لە سەفەری مەجازیدا، پێش شوێن و جوگرافیا دەکەوین، واتا کردەی سەفەری مەجازیی، ئاگایی پێش وەختەی گەرەکە، بۆیە لەمانە سەرەکییەکەی سەفەردا، دونیا مەجازییەکە بەسەر ناگایدا زاڵترە. لەم کتێبەی داستان بەرزان دونیا مەجازیەکەی بەسەر دونیا واقیعییەکەیدا زاڵترە، وەلێ لەگێڕانەوەی حیکایەتەکاندا کە ناتوانێت لە شوێنی یەکەم رزگاری بێت،لە بەهای رەهەندە مەجازییەکەی کەم دەکاتەوەو، ناتوانێت خود لەو گرێیە رزگار بکات، ئەم کەوتنە ئەزەلییە هەم پەیوەندی بە دەسەڵاتی شوێن و هەم بە دەسەڵاتی زمانەوە هەیە، کە لەزۆرینەی دیالۆگ و مەنەلۆگەکاندا، خۆی دەداتەوە دەست قەدەری شوێنی یەکەم، بۆ دەربازبوون لەو قەدەری گەڕانەوەیە، زۆربەی کات حیکایەتەکان لە ناشوێندا هەڵ دەکەن. هەر لە بەشی سەرەتای نائومێدی هەبوودا. نووسەر پەنا بۆ سینەما دەبات، ئەگەرچی سینەما لەم کتێبەدا وەک فۆرمێکی ئاگایی دەخاتەڕوو، کە تێیدا لەڕێی قڕکردنی جووەکانەوە، رەسمی نەخشەی بیرهێنانەوەی ئەنفالمان بۆ زیندوو دەکاتەوە، وەلێ لە واقیعدا هەڵاتنە لە شوێن، ئەو بێئومێدییە هەر پەیوەندی بە جینۆسایدەوە نییە، بەڵکو بەمانا گشتییەکەی بێئومێدیە لە شوێن. هەر لەناو ئەم باسەدا داستان بەرزان زۆر بە وریاییەوە گورزێک لە عەقڵی خۆرئاوا و سەردەمی مۆدێرنە دەدات، بەوەی ئەگەرچی مۆدێرنە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە، وەلێ هەوڵیکیشە بۆ قڕکردنی مرۆڤ، جەنگ و گەشەکردنی پیشەسازی سەربازیی بەشێکە لەو مۆدێرنەیەی کە رۆژئاوا شانازی پێوە دەکات، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە دیوە ناشرینەکەی مۆدێرنەیە، هەم جووەکان و کوردیش بوونە قوربانیی پیشەسازیی سەربازیی خۆرئاوا.

لەخاڵێکدا گوتمان مەنەلۆگ فەزایەکی زۆری ئەم کتێبەی داستان بەرزانی داگیرکردووە، ئەگەرچی لەم مەنەلۆگانەدا کۆمەڵێک باس و خواستی رەخنەئامێز و باگگراوندیی هوشیاریی کەسێتی و گشتیی دەخاتەڕوو، وەلێ هەندێک جار لە سیاقی یەکێتی بابەت دەردەچێت، ئەم جۆرە نووسینانە ناکرێت وەک رۆمان تەماشا بکرێت، لە هەمان کاتدا وەک بابەتی یاداشتنامەش تەماشا ناکرێت، هەریەک لەم دوو ژانرە گرنگەی ئەدەب، فۆرم و تەکنیکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە حیکایەتەکان بەیەکەوە گرێ دەدات، ئەوەی ئەم چیرۆکانە بەیەکەوە گرێ دەدات، غوربەت و هەڵاتنە لە شوێن، کە دایک و نیشتمان فاکتەری سەرەکی ئەم بە یەکبەستنەوەن، لە هەر یەک لەو بەشانەی لەم نووسینەی داستاندا هەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان دەمانبەنەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە، کە ئەویش فۆرمات کردنی خودێکی شکستخواردوو و، ئاڵۆزە. داستان بەرزان لە وێنە گشتییەکەی ئەم کتێبەیدا، بوونیادی هەموو حیکایەتەکانی بەسەر دوو رەهەندی کۆچدا دابەش کردووە، ئەواش کۆچ بە نێو زەمان و فیکردا، لەرەهەندی زەمەدندا چەقی حیکایەتەکان دوو جەمسەریین، کە لەنێوان ئەروپا و کوردستاندا دەخولێنەوە، کە شوێن و زەمەنی جیاوازن. لە رەهەندیی فیکریدا، گێڕانەوە فەزاگەڵێکی جیاوازی لە خۆ گرتووە، کە کۆمەڵێک پرسیاری وروژاندووە، ئەم پرسیارانە لە وێنە گشتییەکەیدا کارەکتەر ناچاری کۆچ دەکات، کۆچ نەک بەمانا گشتییەکەی ئەم کتێبە، کە خۆی لەناو کەشی کۆچدایە، بەڵکو بەو مانایەی کۆچ بە نێو فیکر و ئەندێشەیەکی دونیابنیدا دەکات، سەفەر بەو فیکر و ئەندێشەدا بوار بۆ گفتوگۆی و ئەرگیومێنتی زیاتر دەخاتەڕوو.

خاڵی دیماهی لە بارەی ئەم کتێبەی داستان بەرزان، ئەوەیە، وەک چۆن کارەکتەری ئەم ژانرە لە رۆخی ئاوێکدا رووداوەکان دەگەڕێتەوە، نووسەری ئەم کتێبەش ئەم دەقەی بەکراوەیی بۆ خوێنەر جێهێشتووە و، بەبێ ئاماژە کۆمەڵێک پرسیاری بۆ جێهێشتووین، دەکرێ هەر یەک لای خۆمانەوە کۆدەکانیان بکەینەوە، لە ئەدەبی تازەگەریدا هەموو روانینەکان بۆ چیرۆک و فۆرمی نووسین، دەکرێت راست بێت، کۆتاییەکان لای خوێنەری وریا ئاشکرا دەبن، کە لە چ گۆشە نیگایەکەوە لەم دەقە دەڕوانێت.



ڕیکلام