کچانی دووکەڵ و ئاگر؛ سەرەتایەکی نوێ بۆ ڕۆمانی فێمێنیستی

  2021-05-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەژاڵ ئەحمەد

ڕێکەوتێکی نایاب، دەستنووسی تازە وەرگێڕدراوی نۆبەرە بەرهەمی خانمێکی کوردی تاراوگەی خستە بەر دیدەی تینووم بۆ خوێندنەوەی ئەو بەرهەمانەی بەقەڵەمی ژنێک دەنووسرێن. ڕۆژێکیان شەفیقی حاجی خدری هاوڕێم نوسخەیەک لە دەستنووسی ڕۆمانی( کچانی دووکەڵ و ئاگر) ی ئاڤا هومای بۆ ناردم کە لەهێندەنەبوو لە ئنگلیزییەوە وەریگێڕابوو بۆسەر زمانی کوردیی .نووسەر و وەرگێڕەکەش داوایان کردبوو یەکێکبم لەوانەی بۆچوونەکانی خۆیان دەخەنەڕوو بەر لە چاپبوونی ڕۆمانەکە، خۆشحاڵانە و بەبێ بیرکردنەوە لە سەختی کارەکە و ئەوهەموو کاتەی کە دەبێت بۆیتەرخانبکەم، ڕەزامەندیم دەربڕی. لەبەرئەوەی پێشتر ئاشنای ئاڤا و تواناکانی بووم لەبواری نووسیندا. بێجگە لەو چێژ و سەرسامییە گەورەیەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە پێی بەخشیم. واشیکرد بڵێم ئیدی بەتەنیا ئێزابێل ئەلەندیی ڕۆماننووسی دڵخوازم نابێت، ڕۆمانەکەی ئاڤا توانیی هێندەی کارەکانی ئەو ڕۆماننووسە چیللی یە سەرنجم ڕابکێشێت. یەکەمجارە ڕێکەوتی ئەو پاڵەوانە ژنانە بکەم لە ڕۆمانێکی کوردیدا کە هیچ شتێک نابێتە هۆی گەڕانەوەیان لەو خەونانەی هەیانە، هێنانەدی هیواکانیان دەخەنە پێش خۆشەویستی و هاوسەرگیریی وموغرەیاتەکانی دیکەوە.لەبەرئەوەی ئەمەی دەینووسم خوێندنەوەیەکی بەر لە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەی ئاڤایە بەزمانی کوردیی، پێویستە بەکورتی باسێکی بکەم .

خانمێک بەناوی لەیلا لەخێزانێکی هەژاری شاری مەریواندا  فامدەکاتەوە، تاکە برایەکی هەیە ناوی چیایە ، باوکیان وێرای ئەوەی خەڵکی (هەڵەبجەی پایتەختی هەنارە، وەک لە ڕۆمانەکەدا نووسراوە) هەردەم بەخەونی گەڕانەوە بۆ شارەکەیەوە ژیاوە ،لە زانکۆی تاران دایکی منداڵەکانی ناسێوە و ژیانی هاوسەرییان پێکەوەناوە. ئەم پیاوەی ناوی ئالانە زیندانی سیاسیشە هەر لەئێراندا گیراوە و  ئاسەواری زەبری لێدان بەسەرپشتییەوە نەخشەیەکی دروستکردووە. لە نهۆمی خوارەوەی خانووەکەیاندا ژنێک و کچەی دەژین ئەمان خەڵکی کۆبانێن، لە دێژەی بەسەرهاتەکەدا ئەم دایک و کچە دەبن بە شەڕڤان و ڕوودەکەنە چیاکان. چیاش کە بۆ خوێندن ڕوویکردۆتە تاران ماوەیەک لەگەڵ لەیلای خوشکیدا کە لەکۆشکێکی کتێبفرۆشتندا کاردەکات، لە شوقەیەکدا دەژین،  تا چیا دەگیرێت و لەسێدارە دەدرێت ،دواجار ئەو پیاوەی یارمەتی لەیلا دەدات لە خۆ شاردنەوەکەیدا بیرۆکەی ڕاکردن بۆ دەرەوەی وڵات بە لەیلا دەڵێت هەرخۆشی کارئاسانیی بۆدەکات و وەک ژنی خۆی دەیگەیەنێتە دەروەی ئێران ، لەوێ کێشەی زۆری دێتەڕێ لەگەڵ دایکی ئەوپیاوە، گومانیشی هەیە ئەم پیاوە هۆکاری گیرانی براکەی بێت. کە دڵنیادەبێت وانییە ئەمجارە بەڕاستی شووی پێدەکات .دوای نەمانی چیای کوڕیان و هەڵاتنی لەیلا و دیارنەمانی، دایک و باوکیان دەگەڕێنەوە بۆ هەڵەبجە و لەڕێی تیڤییەوە چاوپێکەوتنێکی لەیلا دەبینن .

بەشێک کە لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە :

لەیلا پاڵەوانە سەرسەختەکەی ڕۆمانی ( کچانی دووکەڵ و ئاگر) ی ئاڤا هوما، کە کچێکی زیرەک و کۆڵنەدەرە ،بە برا بچکۆلەکەی دەڵێت: ئەرێ پێت چۆنە  چیرۆکێکی جەلالەدینی ڕۆمیت  بۆ بگێڕمەوە؟. چیا حەزی لەو جۆرە چیرۆکانە بوو. هەربۆیە ئەمیش چیرۆکی تووتییەکەی بۆ دە گێڕێتەوە، چیرۆی ئەو تووتییەی دیزەی ڕۆنی سەردارەکەی خۆی شکاندبوو. خاوەنەکەشی کێشابووی بەسەری تووتیەکەدا، لە ئەنجامیشدا پیرە تووتی ئەوەی تووکەو پێوەی بووە هەڵیوەراندووە. دوای ئەوەی تووتییەکە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بە گرژیی و مۆنی دەمێنێتەوە. کە پیاوە کەچەڵە سەردارەکەی دەکەوێتە بەرچاو، دەقیژێنێت و دەڵێت:  "کەواتە، کێ بوو دیزە ڕۆنەکەی شکاند؟". چیا کە گەورە دەبێت لەسەر بیروباوەڕەکانی لەسێدارە دەدرێت و لەیلا وەک چیرۆک گێڕەرەوەیەک دەمێنێتەوە تا لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا لە وڵات هەڵدێت و لەیەکێک لەتیڤییەکانی هەندەرانەوە بێجگە لە باسکردنی چیا، بەئەڵقەکەی دەستی و دەستهێنان بەسکیدا بە دایک و باوکە دوورەکەی دەڵێت شوویکردووە و دووگیانیشە، ئەو دایک و باوکە جگەرسووتاوەی لە تەلەفزیۆنێکی شڕی ناو خانوویەکی شاری هەڵەبجەوە پاش ماوەیەکی زۆر لەدیارنەمانی کچەکەیان دڵنیادەبنەوە کە سەلامەتە و بۆ یەکەمجار شانازیی بە قسەکانییەوە دەکەن. ئەم ڕۆمانە کاریگەر و بوێرانەیەی خاتوو ئاڤا وەک نۆبەرە ڕۆمانی خۆی، بە ئنگلیزیی لە ئەمریکا و بەریتانیا بڵاویکردۆتەوە. ڕۆمانی کچانی دووکەڵ و ئاگرە کە دەنگدانەوەیەکی بەهێزی لە بڵاوکراوە ناودارەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا هەبووە تەنانەت هەبووە بە چیرۆکی چل ملیۆن کوردی ناوزەد کردووە. بەمەبەستی گەیاندنی ئەم شاکارە بە خوێنەرانی کورد، وەرگێڕی بەتوانا کاک شەفیقی حاجی خدر لە زمانی ئنگلیزییەوە وەریگێڕاوە، ئاڤا هوما کە خەڵکی سنەیە و لە ئەمریکا دەژی و بێجگە لە نووسینی ئەدەبیی ڕۆژنامەنووسیشە وخاوەنی ژمارەیەک بڕوانامەیە ،ئەم خانمە ڕۆمانەکەی پێشکەش بە ڕۆحی فەرزاد کەمانگەر کردووە، تەنانەت وێناکردنی کەسایەتی چیا ی برا بچوکی لەیلا کە لەسێدارە دەدرێت ئاوێتەیە بە کەسایەتی ئەو شەهیدە. ئاڤا لەم بەرهەمەدا هیچ دێڕێکی بەفیڕۆنەداوە بۆ گەیاندنی چیرۆکی ژیانی خانەوادەیەکی ڕۆژهەڵات کە ژیانیان لەنێوان ئێران و عیراقدا  بەمەینەتییەوە بەڕێدەکەن، ڕۆمانەکە جوانی سروشت و چیرۆکی خۆشەویستی و ئازایەتی ئەو کچ و ژنانەی ڕوودەکەنە شاخ و دەبن بە شەڕڤان و شێوازی ژیانی پڕ لەخەونی کوردەکانی لەئامێزگرتووە،ڕۆمانەکە بە پارچەیەک لە دیوانی دەربەندی پەپوولەی شێرکۆ بێکەس دەستپێدەکات و لە ناو ڕووداوەکانیدا ئاماژە بە ناوی گەلێک لە شاعیران و نووسەران و هونەرمەندانی کورد دەکات، تەنانەت لە دیمەنێکدا چیا باسی شیعرێکی من بۆ لەیلای خوشکی دەکات بەناوی ئافرەت و کوردستانە، ڕۆمانەکە وێنایەکی وردی دۆخی کچانی کورد و سەختییەکانی ژیانیان دەکات بەڵام هێزی نەبەزین یەکێکە لە خەسڵەتەکانی هەموویان .

لەوکاتەوەی کاری پێداچوونەوەکەم بەم ڕۆمانەدا کۆتایی هاتووە ،حەزدەکەم چەند دێڕێک سەبارەت بەم شاکارە بنووسم. ئێستا خۆشحاڵم ڕۆمانی کچانی دووکەڵ و ئاگر بەمزووانە، کتێبخانەکان ڕووناکتر دەکاتەوە و ئێوەش وەک من ئەم بەرهەمە جوانە دەخوێننەوە.



ڕیکلام