ئەنریک ئەندرسن ئەمبرتۆ
وەرگێڕانی: عومەر سەید
بە تەنیشت کتێبی واڵای پیرۆزەوە کە بە هێڵی سور خەت خەت کراوە. بەسەر پەرەگرافی ئەو لاپەڕەیی کە هەموو شتێ شیدەکاتەوە. نامەکانی دانا: بۆ ژنەکەیی و دادوەرەکە و هاوڕێکانی .
پاشان ژەهرەکەی خواردەوە و نووست .
هیچ رووی نەدا. پاش کاتژمێرێک هەستایەوە و تەماشای کەمۆڵەکەی کرد. بەڵێ، هەر بە راستی کەمۆڵەی ژەهرە .
سەت لە سەت دڵنیابوو! دیسانەوە پڕی کردەوە و پەرداخێکی تری خواردەوە. سەرلەنوێ نووستەوە. پاش کاتژمێرێک، دیسانەوە نەمرد .
هاوکات دەمانچەکەی هەڵگرت و فیشەکێکی نایە سەری خۆیەوە. ئەم گاڵتەجاڕییە سەخیفە چییە؟ کەسێکیان کەمۆڵە ژەهرەکەی گۆڕیوە بە ئاو، فیشەکە راستەقینەکانیش بە فیشەکی دەنگ، بەڵام ئەوە کێیە و کەی هەستاوە بەمە؟
هەر چوار ئەو فیشەکەی مابوو رووە و سەری تەقاندی، بەڵام هیچ سوودی نەبوو! کتێبی پیرۆزی داخست، نامەکانی هەڵگرت و لە ژوورەکە چووە دەرەوە. ئەو کات خاوەن میوانخانەکە و خزمەتکار و فزوڵییەکان بە هۆی دەنگی پێنج فیشەکەکەوە بە سیمای ترس و تۆقینەوە بەرەو رووی هاتن .
کاتێ گەیشتەوە ماڵەکەی، بینی ژنەکەی بە ژەهر کوژراوە، هەر پێنج منداڵەکەشی کەوتوونەتە سەر زەوی و هەر یەکەی فیشەکێک بە سەریانەوەیە .
چەقۆی ناندێنەکەی هەڵگرت، جلوبەرگەکەی بەری بەرز کردەوە و سکی دەرکەوت. کەوتە لێدانی و هەوڵیدەدا شەقار شەقاری بکات. نوکی چەقۆکە دەچوو بە گۆشتی نەرمدا و پاشان وەک ئاو، بە خاوێنی دەردەهاتەوە. گۆشتەکەش وەک خۆی لێدەهاتەوە، چەشنی ئاو پاش ئەوەی ماسییەکی لێ دێتە دەر .
بەنزینی کرد بە جلوبەرگەکانید، تەڵە شقارتەکان دەکوژانەوە و لە سەرماندا هەڵدەلەرزی .
بەرەو باڵکۆنەکە رایکرد، بەر لەوەی خۆی فڕێبداتە سەر زەوی، توانی کۆمەڵی پیاو و ژن لەسەر شەقامەکە ببینێ کە لە سکی شەقار شەقاریانەوە بە هۆی لێدانەکەوە، خوێنیان لێ دەچۆڕێ، لە نێو شەپۆلی ئاگری شارەکەدا کە سەرلەبەر دەسووتا .
.............................................................................
٭چیرۆکنووس و رۆماننووس و رەخنەگرێکی ئەرجەنتینییە(١٩١٠-٢٠٠٠)
٭وەرگێڕانی بۆ عەرەبی:ئیبراهیم ئەلیعیشی