بەیتێک

  2021-05-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیڤان بونین

وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

لە جەژنە گەورەکانی زستاندا ئەو ماڵە لە داردرووستکراوە هەمیشە وەک باستۆ گەرمدەکرا و دیمەنێکی سەیری درووستدەکرد، چونکە ماڵەکە لەچەندین ژووری فراوانی بنمیچ نزم پێکهاتبوو، کە دەرگاکانیان دەخرایە سەرپشت -  هەر لە داڵانەکەوە تا دیوەخانەکە ، کە کەوتبووە کۆتایی ماڵەکەوە- گۆشە سوورەکانی ئەو دیمەنە بە مۆم و چرای پێش ئایکۆنەکان ڕوشن دەکرایەوە. لە بەرەجەژناندا هەمیشە زەوییە، بە داری بەڕوو تەختەڕێژکراو و ،سافەکە، جوان دەشۆرا و هەر زووش  بە هۆی گەرمکردنی ماڵەکەوە وشک دەبووە و ئینجا  بەتانی پاکیان لە سەر ڕادەخراو و ئەو کورسی و مێزانەی لە کاتی پاککردنەوەدا وەلا نرابوون ، بە جوانترین شێوە  دادەنرانەوە. لە گۆشەکانیشدا و لە ژیر چوارچێوەی زڕکفت و زیوینی ئایکۆنەکاندا چرا و مۆمیان دادەگیرساند و هەموو سەرچاوەکانی تری ئاگڕ دەکوژێنرانەوە. ئیتر تا ئەو کاتەش دەهات، ئاسمانی ئێوارە، لەودیو پەنجەرەکانەوە، ڕەنگێکی شینی تاریکی دەگرت و خەڵکەکە دەچوونە ژووری نووستنەکانیان و بێدەنگییەکی سەرانسەری،  هێمنییەکی پڕ لە خواترسی و وەک بڵێی تێنووێتی شتێک،  کە پڕاوپڕ  شایستەی دیمەنی شەوانە و پڕپیرۆزیی  ئەو ئایکۆنانەی کۆست کەوتوویی و نیانییان لێ دەباری، باڵی بەسەر ماڵەکەدا دەکێشا. زستانان، هەندێ جار ماشینکا، پیرێژنێکی زیارەتکاری سەرسپی، وشکەڵە  و، وەک کچۆڵەیەک وردیلە، دەبووە میوان لەو ماڵەدا.  لەو جۆرە شەوانەدا، لە هەموو ئەو ماڵەدا تەنیا ئەو نەدەنووست:  پاش نانی ئێوارە، کە لە ژووری دانیشتنەکە دەگەڕایەوە، دەچووە داڵانەکە،  پێلاوە لبادەکانی لە قاچە  خنجیلانەکانی ناو گورەوییە خورییەکانی دادەکەند، ئیجا بێدەنگ بە سەر بەتانییە نەرمەکاندا دەرۆیشت و  بە هەموو ئەو ژوورە گەرمانەدا دەگەڕا، کە بە شێوەیەکی پڕ نهێنی ڕۆشن کرابوونەوە، لە هەر یەکێکیاندا و لە بەردەم ئایکۆنەکاندا بە  پەنجەکانی هێمای خاچی لە سەر خۆی دەنەخشاند و خۆی دەچەماندەوە و دواییش دەگەڕاییەوە داڵانەکە و ڕۆدەنیشتە سەر سندۆقێکی ڕەش، کە عەیامێک بوو لەوێدا دانرابوو، بە نیمچەچرپە دەکەوتە نوێژ و دۆعاکردن، یان هەر لە بەرخۆیەوە قسەی لە گەل خۆیدا دەکرد. هەر بەو شێوەیەش بوو من ڕۆژێکیان باسی ئەو '' دڕندەی خوایە، گورگەکەی سەروەرمان'' م بیست، گوێم لێ بوو چۆن ماشینکا لێی دەپاڕایەوە. من خەوم لێنەدەکەوت، شەو درەنگانێک بوو، چوومە هۆڵەکەوە بە نیازی ئەوەی بچمە ژووری دیوانەکە و لە یەکێک لە دوڵابی کتێبەکان شتێک دەرهێنم و بیخوێنمەوە. ماشینکا گوێی لە من نەبوو. لە تاریکی داڵانەکەدا دانیشتبوو و شتێکی لە بەر خۆیەوە دەگوت. من هەڵوەستەیەکم کرد و گوێم هەڵخست. ئەو پساڵمی(١) لە بەر دەخوێندەوە و دەیگوت: سەروەرم، گوێ لە دوعاکانم بگرە و لە هاواری دڵم بگە_ ئەو قسانەی بێ هیچ جۆرە هەژینێک دەگوت_ بێدەنگ مەبە لە ئاست فرمێسکەکانم، چونکە من ڕێبواری ڕێگاکەی تۆم و وەک هەموو باو و باپیرانم هاتوومەتە ئەم سەر زەوییە... بە خوا بڵێ: تۆ چەند لە کردارەکانتدا ترسناکیت! تۆ کە لەژێر بنمیچی خوای پایەبەرز و لە سای سێبەری پڕ تواناتریندایت. تۆ کە پەلاماری ماری ژەهراوی و باسیلیسک (٢)دەدەیت و تۆیەک کە دەڕۆستی شێرو ئەژدەها دێیت.. ئەو دواوشانەی بەهێمنییەوە، لێ شێلگیرانەو بەدەنگێکی بەرز و پڕ باوەڕەوە گوت: تۆ دەڕۆستی شێر و ئەژدەها دێیت. دواتر بێدەنگ بوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا و وەک بڵێی قسە لە گەڵ کەسێکدا بکات، گوتی: چونکە هەرچی دڕندەی دارستان و هەرچی ئاژەڵ هەیە لە دووری هەزار شاخەوە لەو....من سەیرێکی لای داڵانەکەم کرد و بینیم کە لە سەر سندوقەکە دانیشتبوو، قاچەکانی کە گورەوییە خورییەکانی تێهەلکێشابوون شوڕکردبووە و هەردوو دەستی ڕاست وچەپ لە سەر سنگی دانابوو. ئەو سەیری پێش خۆی دەکرد و منی نەدەدی، دواتر سەری بۆ بنمیچەکە بەرزکردەوە و هاتە قسە:   تۆش، خوای دڕندەکان، ئەی گورگی سەروەر لای خواوەندی ئاسمان شەفاعەتمان بۆ بکە. من لێی نزیک بوومەوە و بەدەنگێکی نزمەوە گوتم: ماشینکا، مەترسە ، ئەوە منم . ئەو دەستەکانی شوڕکردە خوار و هەستایە سەرپێ و خۆی چەماندەوە و گوتی: سڵاوتان لێبێت گەورەم . نا، من ناترسم. تازە من  لە چی بترسم؟ ئەوە بە گەنجێتی، نەفام بووم، لە هەموو شتێک دەترسام. شەیتانی چاو قەترانیی گیانی هەژاندبووم.

 _ دەتۆ فەرموو دانیشە_ من پێم گوت

_ نا، بە هیچ جۆرێک نابێت_ وەڵامی دامەوە_ من بە پێوە دەوەستم. منیش هەردوو دەستم خستە سەر شانە ڕەقەڵەکانی و چەڵەمە گەورەکەی و دامنیشان و خۆیشم لە تەنیشتییەوە دانیشتم.

_ دانیشە لێرە ئەگینا دەڕۆم. پێم بڵێ ئەوە تۆ لە کێ دەپاڕایتەوە؟ هەر بەڕاست پیاوچاکێکی وا هەیە، ناوی گورگی سەروەر بێت؟ ماشینکا گوڕی دایە خۆی هەستێت، بەڵام من دیسانەوە ڕامگرتەوە: دەی کەواتە تۆ ئاوایت! هێشتا دەشڵێیت کە لە هیچ ناترسیت. من جارێکی تریش لێت دەپرسمەوە : هەر بەڕاست پیاوچاکێکی وا هەیە؟

ماشینکا کەمێک تێفکری و ئینجا زۆر بە جیدییەوە وەڵامی دایەوە: دیارە کە هەیە، قوربان. ئێ خۆ دڕندەیەک هەیە بە ناوی دیجلە و فوراتەوە. جا مادامەکی لە کلێسەدا نووسراوە، کەواتە ڕاستە و هەیە. من بە چاوی خۆم دیومە.

_ چۆن چۆنی  بەچاوی خۆت دیوتە؟ لە کوێ؟ کەی؟

_ دەمێکە قوربان، لە دێر زەمانەوە. بەڵام لە کوێ؟ ئەوەیان نازانم. هێندەم لە یادە کە سێ ڕۆژە ڕێ بوو. دێیەکی لێ بوو ناوی ''سەختەچیا'' بوو. من خۆیشم لە دوورەڕێوە هاتووم، ڕەنگە بیستبێتان ، من خەڵکی ناوچەی'' ریزان'' م ، ئەو ناوچەیەی باسیشی دەکەم، لەویش لە خوارترە، لە لای'' زەدۆنشینە'' وەیە، شوێنەکی هێندە ناحەزە هەر لە باسکردن نایەت. جا ئەو دێیەی ئاغاکانمان کەوتبووە ئەو شوێنەوە،  میری باپیرەیان شوێنەکەی بە دڵا چوو بوو. نزیکەی هەزار ماڵێکی لە قوڕدروستکراو بەو گردە ڕووتەن و قەدپاڵانەوە بڵاوبووبوونەوە ولە سەربەرزترین چیاش، لە تەوقەسەری چیاکە،  تەلاری میرەکەیان وا  دروست کردبوو کە بەسەر ڕووباری کامیننەیا دەیڕوانی ، خانوییەکی سێ نهۆمیی بە پایە و زەردڕەنگ.  بێ هیچ شیناییەک و لە پالیشیدا کڵێسەیەکی زەردی سێ نهۆمیی . جا ئەو گورگی خوایە  ئا لەو کڵێسەیەدابوو: ڕێک لە ناوەڕاستدا پارچەیەک ئاسنی حەوتجۆش درابوو  بە سەر گۆڕی ئەو میرەی گورگەکە قوڕگی هەڵدڕیبوو، بە ستوونەکەی لای ڕاستیشدا وێنەی گورگەکە، بە تەواوی باڵایەوە، کێشراوە. ئەو بە خۆی و فەرووە بۆرەکەیەوە نیشتۆتە سەر کلکە چڕەکەی و لاقەکانی پێشەوەی لە زەوییەکە توند کردووە ، رێک چاو دەبڕێتە چاوت، بازنەیەک تووکی   سپی  و تیژی چڕدەوری ملی داوە، کەللە سەرێکی گەورەی هەیە، دوو گوێچکەی قوت و دوو کەڵبەی دەڕپەڕیووی دیارن، چاوەکانی توڕە و خوێنتێزاون، هەر وەک سەری پیاوچاکانیش بازنەیەکی زێڕین دەوری سەری داوە. ترسناکە بیری لێبکەیتەوە، ئای چ شتێکی ترسناکە ! هێندە زیندوو و ترسناک دێتە بەرچاو، دەڵێی ها ئێستا نا ساتێکی تر هەڵدەکوتێتە سەرت !

_ بوەستە ماشینکا!_ من پێم گوت_ هیچ تێنەگەیشتم ، ئاخر کێ و لە پای چی ئەو گورگەی لە کڵێسەکەدا نەخشاندووە؟ تۆ دەڵێت کە قوڕگی میرەکەی هەڵدڕیوە : دەی بۆ چی دەبێت بە پیرۆز بژمێردرێت و بۆ دەبێ  وێنەکەی بەسەر گۆڕی میرەکەوە بێت؟ ئەی تۆ خۆت چۆن کەوتیتە ئەو دێیە ترسناکەوە؟  هەموو شتێکم بۆ باس بکە .

ماشینکاش کەوتە گێڕانەوە: من بەو هۆیەوە ڕیم کەوتە ئەوێ  چونکە من کچە جووتیارێک بووم، لە  ماڵی میرەکاندا وەک کارەکەر ئیشم دەکرد. من منداڵێکی بێ باوک بووم، باسیان دەکرد  کە باوکم کابرایەک بووە بەڕێبواری ڕێی کەوتۆتە ئەو ناوە، پێدەچێ  لە شتێک هەڵاتبێت ، بە هەرحاڵ  ناشەرعیانە دایکمی لە خشتە بردبوو، دوای ئەوە مەگەر خوا بزانێت بۆ کوێ، سەری خۆی هەڵگرتبو، هەرچی دایکیشمە هەر زوو پاش لە دایکبوونی من مرد بوو. ئیتر گەورەماڵان بەزەییان بەمندا هاتبووەوە  و هەر کە سیانزە ساڵم پڕکردبوووەوە، منیان بردبووە ماڵ بۆ لای خۆیان  و بۆ بەردەستیکردنی خاتوونە لاوەکەی کچیان. ئیتر لە بەر هەر هۆیەک بێت منی وا چوو بوو بە دڵدا کە نەیدەویست بۆ ساتێکیش لێی دوورکەومەوە. بۆیە بڕیاری دا منیش لە گەڵ خۆیدا بەرێت بۆ ئەو گەشتەی میری باوکی بڕیاری دا بوو بیکەن بۆ لای موڵکوماڵیان لەو دێی '' سەختە چیا'' یەی ناویم برد. ئەوە موڵکوماڵاتێک بوو کە پشتگوێ خراو بوو، کەسی تیا نەدەژیا. ماڵەکەش هەر لە سەردەمی مەرگی باپیرەیانەوە  کلۆمکراو و لە یادکراو بوو، بەڵام وا ئێستا میری لاو  وکچکەی ویستیان ئەو ناوچەیە بەسەربکەنەوە. بەڵام باپیرەیان بە چ مەرگێکی ترسناک کۆتایی هاتبوو، ئەوەیان دەماودەم بە ئێمە گەیشتبووەوە.

لەپڕ لە هۆڵەکەوە دەنگی شەقبوونی شتێک هات و دواتر ئەو شتە کەوت ودای بە زەوییەکەدا. ماشینکا قاچەکانی لە سندووقەکە هێنایە خوار و ڕایکردە ناو هۆڵەکە، لەوێوە یەکسەر بۆنی سووتاویی مۆمە کەوتووەکە دەگەیشتە لووتمان. ماشینکە فتیلەی دووکەڵکردووی مۆمەکەی لە نیۆ پەنجەکانیدا هەلگڵۆفت، بە پێلەقە کەوتە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە بەتانییەکان بەربووبوو، ئینجا سەرکەوتە سەرکورسییەک و بە گڕی مۆمەکانی تر، کە بە دەوری ئایکۆنەکەدا و  لە ژێرمۆمی زیووین چەقێنرابوون، مۆمە کۆژاوەکەی داگیرساندەوە  و خستییەوە ناو ئەو ژێرمۆمەی لێی کەوتبووە خوارەوە، پاش ئەوەی مۆمەکەی کەمێک لار کردەوە چەند دڵۆپێک مۆمە تواوەکەی کردە ناو ژێرمۆمەکەوە.  بە پەنجە باریکەکانی سوتووی ڕەشی مۆمەکانی تریشی پاک کردەوە وئەوسا لە سەر کورسییەکە بازی دایە خوارەوە.

_تۆ سەیر چۆن گەرم داهات_ ماشینکا ئەمەی  بە دەم سەیرکردنی گڕی بریسکەداری مۆمەکانەوە گوت و هێمای خاچی لە سەر خۆی نەخشاند_

هەر بەڕاستیش چ کەشێکی کلێسەییانە باڵی کێشا بە سەر شوێنەکەدا، رۆخساری ناو ئایکۆنەکان ڕۆشنبوونەوە و لە ناو چوارچێوە زیووینێکانەوە دەیانڕوانی! لە پەنجەرە پاکەکانی سەرەوە ،کە دامێنەکانی خوارەوەیان بەتوێژاڵێک شەختەی بۆر گیرابووتارێکی شەوەکە ڕەشی دەکردەوە و لق وپۆپی درەختە بەفرگرتووەکان سپی دەچوونەوە . ماشینکا سەیرێکی کردن و سەر لەنۆێ هێمای خاچی نەخشاندەوە  دیسان چووەوە بۆ لای داڵانەکە_ ئێوەش کاتی نووستنتانە قوربان_ ماشینکا ئەمەی گوت هاوکات لە گەڵ ئەوەدا کە بە دەستە وشکهەڵاتووەکەی  دەمی بە باوێشک کراوەی خۆی دادەپۆشی_ شەو ترسناک بووە

_ بۆچی ترسناکە؟

_ چونکە شەو پەنهان دەبێت ئەو دەمەی تەنیا کەڵەشێر و درۆزنەکەی شەوان، کوندەپەپۆ، بۆیان هەیە نەنوون. ئەو کاتانە خودا خۆی گوێ لە زەوی دەگرێت، ئەستێرە هەرە گرنگەکان دەکەونە بزاوت، ئاو لەنشێوەکانی دەریا و ڕووبارەکاندا دەیبەستێ.

_ ئەی تۆ خۆت بۆ بە شەوان نانوویت؟

_ منیش، قوربان، هێندەی پێویست بکات نووستنی خۆم دەکەم. ئێ خۆ پیرەژنێکی وەکوو من چەند  نووستنی پێویستە؟ هەر هێندەی مەلێک لە سەر چڵێک.

_ باشە تۆش بچۆ بنوو، بەس سەرگوزەشتەی ئەو گورگەم بۆ تەواوکە.

_ جا ئەوە بەسەرهاتێکی کۆن وتەم و مژاوییە، ڕەنگە هەر بەیتێکیش بووبێت.

_ چی؟ گوتت چی؟

_ بەیت، قوربان ، گەورەکانمان هەموو وایان دەگوت، حەزیشیان لە خوێندنەوەی ئەو بەیتانە بوو. جاری وا هەبوو گوێم لێدەگرتن و هەستم دەکرد تەزوو بە تەوقی سەرمدا دەهات:

لەودیو چیاوە بەڵایەک دەلوورێنی

زریان بە بەفرەوە ئەو دەشتە دەهەژێنێ

لە ژێر گێژەڵووکەی بەفرا ڕیگا ون دەبێ و دیارنامێنێ.

_ ئای خوایە کە خۆش بوو!

_خۆشییەکەی لە چیدا بوو ماشینکە؟

_ ئاخر خۆشییەکەی لەوەدا بوو کە خۆیشت نەتدەزانی بۆ خۆشە. ترسناک بوو!

_ سەردەمی قەییمە، ماشینکا هەموو شتێک ترسناک بوو!

_ بڵێم چی قەربان؟ ڕەنگە هەر بەڕاستییش هەموو شتێک ئەو سا ترسناک بووبێت. هەرچی ئێستاشە شتەکان نیان و لەبەردڵانن. ئاخر ئەوەی من باسی دەکەم کەی بووە؟ سەردەمانی دەوڵەت و شانشینەکانی ئەوسایە  دەمێکە بەسەر چووە، هەرچی داربەڕووە کانی ئەو دەمانەیە گەڵایان پێوە نەماوە ، هەموو گۆڕستانەکان  تەختی زەروی بوون . ئەو سەرگوزەشتەیەش بەهەمان شێوە ی جاران وشە بە وشە گێڕاویانەتەوە. بەڵام کێ چوزانی ڕاستە یان نا؟  دەیانگوت کە ئەوە لە سەردەمی خانمەتساری مەزندا(٣) ڕوویداوە. گوایە میری گەورەی ئێمە بۆیە لە ''سەختەچیا''  نیشتەجێ بووە چونکە ئەو لە سەر شتێک لێی تووڕە بووە و فەرمانی دوورخستنەوەی داوە . میریش لە سەر ئەوە  زۆر دڵرەق و بێسنوور و بێئەندازەی لێدەرچووە، هەم لە سزادانی کۆیلەکانی خۆی و هەم لە بواری دڵ و دڵخوازییدا. هێشتا هێز و بڕستی پێوەمابوو. بە ڕواڵەت و ڕوخسار زۆر جوان بووە.  دەڵێن گوایە کچێک نەبووە،  چ لە دێکەی خۆی یان لەو دێیانەی موڵکی ئەو بوون،  لە یەکەم شەوی بوکێنی خۆیدا  ئەم داوەتی نەکردبێت بۆ سەراکەی خۆی و سەرجێگەیی لە گەڵدا نەکردبێت. بەڵام ئەو تووشی گوناهێکی زۆرلەوە  گەورەتریش بوو. تەماحی کردە بووکەکەی خۆی ، ژنی کوڕەکەی. کوڕەکەی لە کۆلیژی سەربازیی تساریی لە پیتەربورگ خزمەتی دەکرد و، کاتێکیش قیسمەتی خۆی دۆزییەوە و ڕەزامەندی دایک و باوکی خواست و کچەکەی هێنا و بڕیاری دا پێش گواستنەوەی بیهێنێتە سەردانی ماڵە باوانی لە ''سەختەچیا '' بۆ دەست ماچکردن وڕێزپیشاندان. کەچی میر بووکەکەی  چوو بە دڵدا، خۆ بە خۆڕایی نییە لە گوڕانییەکدا ئاوا باسی خۆشەویستی کراوە:

ئاگری خۆشەویستی  لە گشت مەملەکاندا هەیە

لە هەموو دنیادا عاشقبوون هەیە .

دەی خۆ دەبێ چ گوناهێک لەوەدابێت کەسێکی بە ساڵا چوو بیر لە خۆشەویستی بکاتەوە و هەناسەی بۆ هەڵکێشێ؟ بەڵام ئەمەیان تەواو شتێکی تربوو. ئاخر ئەو کچە،  بووکی ئەو بوو، واتە وەک کچی خۆی وابوو، کەچی ئەو نیازی ناپاکانەی هەبوو بەرامبەری . ئەی پاش ئەوە چی؟ پاش ئەوەی کوڕە کەی نیاز و مەرامی باوکی بۆ ئاشکرا بوو بڕیاری دا  هەڵبێت. بە هەر شێوەیەک بوو دەمی مەیتەرەکانی چەور کرد کە بۆ نیوە شەو  عەرەبانەیەکی سێ ئەسپیی گورجوگۆڵی بۆ ئامادەکەن .  بۆ ئەوەی هەر کە باوکی خەوی لێدەکەوێ بە دزەدز لە گەل دەزگیرانەکەی لە ماڵ بچنە دەرەوە و بۆی دەرچن.

بەڵام میری گەورە نیازی نووستنی نەبوو. ئەو هەر لە ئێوارەوە، لە ڕێگای سیخوڕەکانییەوە زانیبووی چی ڕوو دەدات و یەکسەر بڕیاری دا بە غار دوایان کەوێت و بیانگرێتەوە.. شەوێکی سایەقەی پڕ زوقم و سەرمای بێ هاوتا دەبێت، مانگ خەرمانەی دابوو، بەفر لە پێدەشتەکاندا لە باڵای مرۆڤێک بەرزتر کەڵەکە ببوو، بەڵام میری گەورە دەربەستی هیچ نایەت، دەیداتە غار و دەمانچە وشمشێری دنیای لە خۆی بەستووە  و هاوشانی سێبەرەکەی خۆی، ئەسپەکەی تاو دەدات. لە پڕ عەرەبانە سێ ئەسپییەکە دەبینێت و پڕ بە دەمی هاوار دەکات: بوەستن، ئەگینا تەقەتان لێدەکەم! هەرچی ئەوانیشن گوێیان لێی نییە و تا هێزیان تیایە عەرەبانە سێ ئەسپییەکەی خۆیان تاو دەدەن. میری گەورە کەوتە تەقەلێکردنیان. سەرەتا ئەسپەکەی لای ڕاستی پێکا، ئینجا ئەوەی چەپیشی پێکا و، بە نیازبوو ئەسپە سەرەکییەکەی ناوەڕاست بپێکێ، کە لایەکی کردەوە و بینی، وا بەناو بەفرەکەدا و لە ژێر ڕۆشنایی مانگەکەدا، گورگێکی زەبەللاح بە دوو چاوی وەک ئاگری سوور داگیرساوەوە، بە ڕوشناییەکی دەوری سەرییەوە، چنگ لە سەرشان ڕووەو ئەم هێرش دێنێ ! میر کەوتە تەقەلێکردنی گورگەکە، بەڵام ئەو چاویشی بۆ ناتروکێنێ، وەک ڕەشەبا هەڵدەکوتێتە سەر میر و لوولی دەدا و دەنیشێتە سەر سنگی و لە چاوترووکانێکدا کەڵبەی لە قوڕگی گیر دەکات.

_ باوکە، چ بەسەرهاتێکی ترسناکە، ماشینکە_ من گوتم_  هەر بەڕاستی بەیتە نە گاڵتە!

_  پێمەکەنن،گوناهتان دەگات، قوربان_ ماشینکا گوتی _ خوا لە هەمە جۆرەی لایە.

_ لاریم لەوە نییە ماشینکا، بەڵام لام سەیرە وێنەی ئەو گورگە لە پاڵ قەبری ئەو میرەدا بنەخشێنن کە ئەو قرگی هەڵدڕیوە

_ قوربان، ئەو وێنەیە لەسەر وەسییەتی خۆدی میر نەخشێنراوە. کە بە زامداری هێنابوویانەوە ماڵەوە هێشتا گیانی تیا مابوو، فریاکەوت تۆببە بکات و نوێژی لە سەر بکرێت و لە دوا ساتی ژیانیشدا فەرمانی دا وێنەی ئەو گورگە بنەخشێنرێت و لە سەر گۆڕەکەی داینین، تا ببێتە دەرس و عیبرەت بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. ئیتر کێ دەیتوانی لە قسەی دەربچێ، جگە لەوەش کڵیسەکە هی خۆی بوو، ئەو  خۆی دروستی کردبوو.

تێبینی وەرگێڕ: ناونیشانی ئەم چیرۆکە بە ڕووسی'' بەڵڵادە '' ە یە کە  لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا دا جۆرێک بووە لە گێڕانەوەی داستانی سوارچاکان و سەرگوزەشتەی ئازایەتی و عاشقبوونیان بە شێوەی گۆرانی و دەماودەم و نەوە دوای نەوە گێڕاویانەتەوە. لە لای ئێمەی کورد بەیت و بەیتبێژی زۆر هاوشێوەی ئەم توخمە ئەدەبییە فۆلکلۆرییە و منیش ئەو وشەیەم هەڵبژارد بۆ ناونیشانی چیرۆکەکە، هیوادارم بەهەڵەدا نەچووبم

.       پساڵم یان ساڵم جۆرە دوعایەکە کە زیارەتکارانی کڵێسە بە پێی ڕێنمایی قەشە لە بۆنەکاندا وەک سروودی ئاینی دەیچڕن .

.       باسیلیسک. گیانلەبەرێکی خورافییە کە لە داستانە کۆنەکاندا لە شێوەی ئەژدیهایەکی گڕپژێن وێنا کراوە.

.       خانمە تساری مەزن، پێدەچێ مەبەست لە یەکەتەرینای مەزن بێت  کە لە نێوان ساڵانی ١٧٦٢- ١٧٩٦ حوکمی ڕووسیای کردووە. 

---------------------

تێبینی: ئەم چیرۆکە پێشتر بە هۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە ناتەواوی بڵاوبۆیەوە، بەڵام ئێستاکە ئەمەی دانراوەتەوە تەواوی چیرۆکەکەیە....



ڕیکلام