چوارشەممە بێ خەونەکانی مەحبوبە

  2021-05-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چیرۆک/ هێمن مەحمود

دەمەوبەیانی چوارشەممەیە. بەم چوارشەمەیەوە، هەشت چوارشەممەی رێکە هیچ خەونێکم نەدیووە.

جاران زوو زوو خەونم دەبینی، تەنانەت شەوگاری وا هەبووە تا دەمەوبەیان سێ چوار خەونی جیاواز جیاواز و سەیر سەیرم بینیوە.

لە خەونمدا زۆرجار دەبووم بە باڵندەیەک و بەناو هەورەکاندا دەفڕیم و لە پڕ دەکەوتمە خوارەوە و لەناو دەریایەکدا دەخنکام، یان خەونم دەبینی لەناو حەشاماتێکی گەورەدام، دەمزانی بازاڕێکی قەرەباڵغە، بەڵام روخساری کەسەکانم بۆ نەدەناسرایەوە و کەسیش هەستی پێنەدەکردم، هەرچەندە هاوارم دەکرد، خۆم پێدا دەکێشان کەچی کەس ئاوڕی لێنەدەدامەوە و خۆی نەدەکردە ساحێبم..منیش سەرسوڕماو بە تاقی تەنها ڕامدەکرد و خۆم دەکێشا بەشوشەی مارکێتێکی گەورەدا کە بە زمانێک لێی نوسراوبوو نەمدەزانی بیخوێنمەوە، بەخەبەردەهاتم.

هەشت چوارشەممە زۆرە بۆ خەون نەبینین، راستە پێشتر کاتێک خەونی سەیر سەیرم دەبینی کەمێک دەترسام و دواتریش بێزاربووم لە بینینی ئەو هەموو خەونە، بەڵام بەجۆرێک خووم پێوەگرت، لەوەتەی ئەو هەموو چوارشەممە زۆرە خەونم نەدیوە ئێستا بیری خەونەکانم دەکەم.

لەم نزیکانەدا شەوێک خەونێک ویستی بیبینم کەچی کتوپڕ پەشیمانبوویەوە و نەهات.چیرۆکی ئەم خەونەیان پێشوتر غەریب نەبوو، بەڵکو ساڵانێک پێشتر چەند جارێک بینیبووم.

کەسێک لە قەرەباڵغیدا دەستی دەگرتم و بە رێگا دوور و درێژەکاندا دەیبردم و بەبێ هیچ پاسپۆرتێک سنورەکانمان دەبڕی و دواتر لە شارێکی گەورەدا جێیدەهێشتم و ئیدی ئەو ون دەبوو.

ئەوە خۆی بوو..هەمان کەس و هەمان خەون و هەمان حیکایەت. ئەوە سیامەند بوو کە ساڵانێکی زۆر خەونی گەورەی من بوو. من منی مەحبوبە .

ساڵانێک زووتر، ئەوکاتەی قوتابی ئامادەیبووم کچێک بووم تازە پێدەگەیشتم، وەک هاوڕێکانم دەیانوت تاڕادەیەک جوانبووم. باڵایەکی مامناوەند و دەموچاوێکی سپی و قژێکی کاڵ و لوتێکی خڕ و چاوێکی مەیلە قاوەیم هەبوو .

من خۆم نەمدەزانی (یان دەمزانی و خۆم وێڵدەکرد) بەڵام وەک ساڵانێک دواتر لە نامەیەکی دوورو درێژدا کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە بۆی نوسیبووم و مێژووی خۆشەویستی خۆی بۆ گێڕابوومەوە، سیامەند دانی بەوەدا نابوو هەر لە پۆلی چواری ئامادەییەوە عاشقی من بووە بەڵام تا کۆتایی پۆلی شەش زاتی ئەوەی نەکردووە دەری ببڕێت و بە منی بڵێت .

راستیتان بوێت منیش هەستم بە شتێک کردبوو، دەمزانی ئەو کوڕە هەموو بەیانییەک لە بەردەمی دەرگا گەورەکەی قوتابخانەکەدا دەوەستێت و چاوەڕوانی منە. بە نیگایەک وەک ئەوەی پێمبڵێت چاوەڕوانی تۆم سەیرێکی دەکردم و دواتر بە دوامدا خۆی دەکرد بە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا .

زۆرجاری تریش دەمبینی بە بیانوی پرسیارکردنی هاوڕێیەکی لە پۆلەکەی خۆیانەوە کە لە بەرامبەری پۆلەکەی ئێمەدا بوو دەهاتە پۆلەکەی ئێمە و نیگایەکی تێدەگرتم. یاخود دەیان جاری تر لە ڕاڕەوە درێژەکەدا دەمبینی وەستاوە و تەماشای من دەکات .

کوڕێکی بەشەخسیەت بوو. قژێکی لول و چاوێکی ڕەشی قەترانی پێوەبوو. هەرچەندە کەمێک لاوازبوو بەڵام لاوازییەکەی سام و هەیبەتێکی سەیری پێبەخشیبوو .

من و ئەو ئاوا رۆژەکانمان تێپەڕکردو تا پۆلی شەش نەکەوتینە پۆلێکەوە، کاتێکیش کەوتینە پۆلێکەوە تەنها هەفتەیەک پێکەوە بووین. بە درێژایی ئەو سێ ساڵە سێ جار قسەمان پێکەوە کرد.

لە کۆتاییەکانی پۆلی چواردا جارێکیان رۆشتم لە حانوتەکە شتبکڕم لە ڕاڕەوە درێژەکەدا بەرەو ڕووم هات و بە نیگایەکی سەیرەوە کە لە نیگای کۆترێکی بێ لانەی دەکرد سڵاوێکی لێکردم، منیش لە شەرما بە خێرایی وەڵامم دایەوە و شەوەکەی لە ماڵەوە تایەکی بەرزم لێهات و تا بەیانی نەخەوتم.

لە پۆلی پێنجیشدا لە ناوەڕاستی ساڵەکەدا هات بۆ لام و بە شەرمێکەوە وتی ئەو جلە ڕەشانەت زۆر لێ جوانە، منیش سوربوومەوە و بەیانییەکەی جارێکی تر جلە ڕەشەکانم کردەوە بەرم.

لە پۆلی شەشەمیشدا دوای هەفتەیەک کە رەحلەکانمان لە تەنیشتی یەکدا بوو، جارێکیان فرسەتێکی وەرگرت و سەری هێنایە نزیکی گوێم و دوای هەڵکێشانی هەناسەیەک و وتی" ناتوانم هەمیشە تۆ لە بەرچاومدا بیت و دەبێت من بڕۆمە پۆلێکی تر ".

رۆیشت و تا ساڵێک دواتر و کاتێک گەیشتە ئەسینا هیچی تری پێنەوتم.

لە نامەکەیدا کە لە ئەسیناوە ناردبووی و بەبیانوی ئەوەی بۆ کچە پوورەکەی( کە هاوتەمەن و هاوپۆلی مەحبوبە بووە ) ناردووەو کچە پوورەکەشی کاتێک نامەکە دەکاتەوە دەبینێت لێی نوسراوە کچە پوری ئازیز ئەو نامەیەی لە ناو زەرفی ئەم نامەیەی تۆدایە بدە دەست مەحبوبە، کچە پوورەکە نامەکە بە داخراوی دەخاتە دەستی مەحبوبە.

لە نامەکەدا سیامەند نوسیبوی" راستیەکەی نازانم چۆن دەستپێبکەم..ناشزانم لە کوێوە دەستپێبکەم.. خۆی ئەسڵەن کێشەی من ئەوەیە نازانم چۆن دەستپێبکەم و چۆنیش کۆتایی پێبهێنم..ئێستا کە ئەم دێڕانەت بۆ دەنوسم سێ ساڵ زیاترە خۆشم دەوێیت...شەو و رۆژەکانم هەمووی ژماردووە..سێ ساڵ و شەش مانگ و سیانزە رۆژە. بەڵێ، بە درێژایی ئەو ماوەیە هیچ ساتێک تۆم لە بیرنەکردووە،

لە پۆلی چوارەوە..هەر یەکەم سات تۆم بینی عاشقت بووم.. رۆژانە لە بەردەمی دەرگا گەورەکەدا دەوەستام تا دەهاتی بۆ قوتابخانە و هیچیشم پێنەدەوتی.

لە بیرمە یەکەمجار لە ڕاڕەوەکەدا سڵاوێکم لێکردیت و تۆش لە شەرما سوربویتەوە. ئەو شەوە رۆشتمەوە تایەکی بەرزم لێهات و تا بەیانی نەنوستم. جارێکی تریش پۆلی پێنج بووین..بە جلێکی رەشەوە تۆم بینی خۆم پێنەگیراو پێم وتیت ئەو جلە ڕەشانەت زۆر لێدێت.، هیچت نەوت، بەڵام ئاگام لێبوو دڵت لەرزی.رۆشتمەوە و تیشێتێکی رەشم کڕی. دواینجاریش لە پۆلی شەش بووین..هەفتەیەک رەحلەکانمان بەتەنیشتی یەکەوە بوو..راستیت بوێت خۆشترین و جوانترین هەفتەی تەمەنم ئەو هەفتەیە بوو..بۆنی تۆم دەکرد، دەمویست سەر بخەمە سەر شانەکانت و بنووم..بەیانیان چاوەڕوانیمدکرد، لە پشوی وانەکاندا لە پۆلەکە دوور نەدەکەوتمەوە و تەماشام دەکردیت.. هەمیشە بە دواتەوە بووم. دەمزانی تەحەمولت ناکەم.

شەوێک کە لە باخچە گەورەکەی شاردا پیاسەم دەکرد بە خۆمم وت من وا خەریکە تیادەچم دەبێت لە دەستت هەڵبێم..رابکەم..هەڵاتم و ڕامکرد. رامکرد و پۆلەکەم بۆ جێهێشتیت".

راستیتان بوێت مەحبوبە هێشتا نامەکەی سیامەندی تەواو نەکردبوو ویستی بیدڕێنێ، بەڵام شتێک لە ناخەوە پێی دەوت تەواو بکات و خوێنەران و گوێگرانی ئەم حیکایەتەش لە ئەنجامەکەی بێبەشنەکات.

سیامەند نوسیبوی" بەشار و سنورەکاندا بەقاچاخ رۆشتم..وڵاتانم بڕی و خەڵکانێکی زۆرم بینی..گەیشتم و بڕیارمدا ئەم نامەیەت بۆ بنوسم. ئێستا دوور لە تۆ نازانم دڵخۆشم یان نا..نازانم شادمانم یان خەمگین..پێبکەنم یان بگریم..خۆشم نازانم.

هەندێجار بەخۆم دەڵێم چیم دەویست لە مەحبوبە؟ ئەی ئەو چی لە من دەویست..؟ هەندیجاریش دەڵێم من ئەوم دەویست..ئەی ئەو چی؟ دەبێت دانبەوەدا بنێم لە ناخەوە من تۆم دەویست بەڵام دەترسام..لە تۆ دەترسام..لە چاوە مەیلەو قاوەییەکەت..لە نیگا کوشندەکانت..لە سادەیی و دڵە ناسکەکەت..دەترسام ڕۆژێک هێندە بژاکێیت بە دەستی منەوە هەڵوەریت. لێتناشارمەوە بەڵێ دەترسام..لەبەر قسەی خەڵ.... وازی لێبنە.. دەترسام بۆ ئەبەد لە دەستتبدەم..ناچار خۆمم لە دەستدا و جێمهێشتیت..بۆ کوێ..؟ خۆشم نازانم ".

مەحبوبە کاتێک بیرەوەریی ئەو نامەیەی دەخوێندەوە ساڵانێکی زۆر تپەڕیبوو. زەمان و دونیا بە جۆرێکی سەیر گۆڕابوون، تەنها شەو و رۆژەکان وەک خۆیان مابوون، ئاخر هەرچەندە دونیا بگۆڕێت، خەڵکانی کۆن بمرن و خەڵکانی نوێ بێنە دونیاوە، شەو و رۆژەکان ناگۆڕێن. شەو دێت و بە دوای ئەودا رۆژ، رۆژ دێت و بە دوای ئەودا شەو. خەونیش کۆتایی نایەت و ساڵان و مانگان مرۆڤ خەونی نوێ و زۆرجاریش هەزار جارە دەبینێتەوە، مەحبوبەش یەکێک بوو لەو هەزاران هەزار مرۆڤەی خەونی نوێ و زۆرجاریش خەونی دووبارەی دەبینییەوە.

بەڵام ئەوە هەشت چوارشەممەی رێکە هیچ خەونێکی نەبینیبوو. لە دڵەوە ترسا.وتی نەوەکا پیر نەبوبێتم. بەلەز خۆی گەیاندە بەردەمی ئاوێنەکە. پیر دەینواند. دڵتەنگبوو .

لە بەرواری هاتنی نامەکەوە تا ئێستا 25 ساڵی ڕێک تێپەڕیبوو.بێ ئاگا لەسیامەند، ئەو کەوتبووە جیهانێکی تر و ئەمیش لە جیهانەکەی خۆیدا.جیهانێک کە تەنها خۆی و دوو خوشکە بچوکەکەی مابوونەوەو وەکو ئەم هێشتا شویان نەکردبوو .

بۆچی شویان نەکردبوو؟ کە بیری لەم پرسیارە دەکردەوە غەمگینیەکی قوڵ سەرتاپای جەستەی دادەگرت و دەیویست لە وەڵامەکەی هەڵبێت .

خەڵکانێک لە سەرەتاوە دەیانویست داوایان بکەن، بەڵام کە دەگەشتە سەر ئەوەی بێنە پێشەوە و لە دراوسێکانیان دەپرسی دەکشانەوە.دایکیان رەدوی پیاوێک کەوتبوو.دواتر کوژرابوو.باوکیشیان بە تۆمەتی کوشتنی دایکیان پانزە ساڵ حوکمدرابوو، لە زینداندا پێش تەواوبونی وادەکەی خۆی، رۆژێک لە حەمامی زیندانەکە خۆی هەڵواسیبوو، ئیتر مەحبوبە و دوو کچەکە بە تەنها مابوونەوە و ساڵانێک دواتر کە دامەزراندن کرایەوە لە ڕێگای خزمێکیانەوە مەحبوبە و هەردوو کچەکەی تریان لە یەکێک لە فەرمانگە بێ ئیشەکانی حکومەتدا دامەزرێنران .

وەک لە چیرۆکەکەدا باسمانکرد و حەزەکەم جارێکی تر دووبارەی بکەمەوە بۆتان، هەموو شتێک لە ژیاندا دەگۆڕێت، تەنها ئەوەی ناگۆڕێت مرۆڤ و خەون و شەو و رۆژە. مەحبوبەش وەک هەموو مرۆڤێک چوارشەممەیەک لە خەو هەستا و هیچ خەونێکی نەبینی. نە ئەمجارە بوو بە باڵندە و نە سنورەکانی بڕی و نە خرایە خوارەوە و کەوتە ناو دەریا و زەریا قوڵەکانەوە، نە کەس دەستیگرت و نە لە شارە گەورەکانیشدا جێهڵرا. دەمەو بەیانییەکی چوارشەممە هەستا و بێ خەون ویستی بڕوات بۆ سەر کارەکەی، بەلایەوە سەیر بوو. بێ میزاج و بێتاقەت، توڕە و لە خۆوە هەڵچوو. زۆرجار دۆخی وای بەسەرهاتبوو، بەڵام هەستی دەکرد هیچیان وەک ئەم بەیانییە نەبووە .

بە ئۆتۆمبیلە تازەکەی خۆی گەیاندە فەرمانگەکەی و لەسەر مێزەکەی دانیشت. مۆبایلەکەی دەرهێنا و چاوێکی بە فەیسبوکدا گێڕا. یەکەمین شتێک بەرچاوی کەوت وێنەیەک بوو لە پەیجێکی هەواڵی ناوخۆیی شارەکەیدا نوسرابوو" دڵگرانین بە کۆچی دوایی هاوشاریمان سیامەند ...کە لە وڵاتی دانیمارک دوای 25 ساڵ لە غەریبی بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە گیانی لەدەستدا". لە پڕ دەستیکرد بە گریان و ژوورەکەی بەجێهێشت.هاوڕێکانی نەیانزانی چی بوو .

هەشت چوارشەممەیە مەحبوبە هیچ خەونێکی نەدیوە. نە دەفڕێت و نەبەسەر هەورەکانەوەیە و نە کەسێک لەناو قەرەباڵغیدا دەستی دەگرێت و نە سنورەکان تێدەپەڕێنێ .

بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە هەرگیز مەحبوبە نامەیەکی بۆ سیامەند نەنارد، سیامەندیش جگە لەو نامەیەی سەرەوە خوێندتانەوە هیچ نامەیەکی تری نەنارد. مەحبوبە سوێندی خواردبوو هەرگیز رۆژێک لە رۆژان سیامەندی خۆشنەویستووە، بەڵام درۆی کردبوو، لە ناخەوە، لە ناخی ناخەوە درۆی کردبوو .

ڕەوتی ژیان بەردەوامبوو، بۆ کەس نەدەوەستا، ئەوەی باشە ژیان بۆ کەس ناوەستێت. شەو و ڕۆژەکان بەدوای یەکدا دێن دەڕۆن، هەروەکچۆن مرۆڤەکان بەدوای یەکدا دێن و دەڕۆن .

سیامەند گەیشتبووە لای خودای خۆی و مەحبوبەش وەک ئەوەی هیچ نەبوبێت رۆژی دواتر چوبووە سەر دەوامی خۆی، بەڵام حەوت چوارشەممە دوای ئەوەش هیچ خەونێکی نەدیبوو. بڕیاری دابوو ئیتر هیچ خەونێک نەبینێت و چاوەڕوانبێت دوای نزیکەی 44 ساڵ تەمەن بۆ خۆی دابنیشێت و دوکانێکی خەیاتی بکاتەوە و دەستبکات بە خەیاتی .

کچە پورەکەی سیامەند کە من لە ڕێگای فەیسبوکەوە دۆزیمەوەو پەیوەندیم پێوەکرد تا کۆتایی چیرۆکەکەی پێ تەواوبکەم، سوێندی خوارد مەحبوبە هیچ رۆژێک چاوەڕوانی سیامەندی نەکردووە تا بیبا بۆ خاریج و سیامەندیش بە درێژایی ئەو ساڵانە تەنها بە سوعبەتەوە لێی پرسیوە ئەرێ مەحبوبەی هاوڕێت هێشتا شوی نەکردووە؟

ئەو کچە پورە جارێکی تریش سوێندی خوارد بە درێژایی تەمەنی هەر سێ خوشکەکە هیچ پیاوێک بە دزییشەوە نەهاتۆتە ژیانیانەوە و پاکترین و بەڕێزترین کچانی گەڕەک و شوێنی کارەکانی خۆیان بوون و پەڕە گوڵێکی بۆن نەکراو و دەست لێنەدراو بوون و خەڵکی تەنها بەهۆی کوژرانی دایکیانەوە نەیانخواستون و هیچی تر .



ڕیکلام