وەک یەخەی دوژمن و ماچی دۆست

  2021-05-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

دەبێت وازت لێ بهێنم

وەک قوڵفی کوپێک لەقاوە

دوای ئەوەی دەزانم یەکێک،

لەپێش مندا داوای کردوویت !!!

دەبێت وازت لێ بهێنم

بەبێ خواست و ئارەزوو

وەک جێگایەک کە لێی نووسرابێ، گیراوە

کەچی لەبەر شپرزەیی نەمبینیبێت

بەعەشقەوە لەئامێزیا دانیشتبم ! ،

تا کەسێک دێت و پێم دەڵێت :

ئەو جێگەیە جێ بهیڵە،

بەرلەوەی خاوەنەکەی بگات !!

وەک جگەرە

بۆ نەخۆشێک قەدەغەبێت،

تەرکت دەکەم ...

وەک کەسێک لەناوەڕاستی دەریادا

  لەناو کەشتییەکدا بمرێت

چارم نییە

دەتبەخشم بە شەپۆلەکان !!!

هەر وەک کەسێک لە بیابان

بۆ قومێک ئاو کوێرببێت،

سەرابت پێ نیشاندەدەم !!!

دڕکی سوبێر دەکەم بەتاج

بەر لەوادەی لەخاچدانت

لەسەرتیەوە دەئاڵێنم !!!!

وەک دەرگای ماڵان

لە ئێوارەی درەنگدا ،

داتدەخەم و

وەک مانگەشەو

بەتاقی ئاسمانەوە بە تەنیا داتدەنێم !

هەرگیزیش وەک بێکەس پێت ناڵێم :

" ئەی مانگ من وتۆ

هەردووک  هاودەردین !!!!"

چارم نییە خەرێکە پێت دەڵێم :

بەخێرچیت، هەڵە گەورەکەی ژیانم

بەخێرچیت ...!!!

سبەی دووسبەی

دەیسەلمێنم کە باوت نەماوە !

وەک جلی کۆن دەتبەخشم !

لە نمایشەکەت وا دێمە دەرەوە ،

عەینەکێک دەکەمە چاوم و

دنیاکەت بە ڕەنگێکی دی دەبینم !

بەخێرچیت سەردەمی سارد و ساویلکەی

بەر لەهاتنی کۆڕۆنا

بەخێرچیت ...

لەڕاستیشدا نامەوێت

وازوو وازت لێبهێنم .

وەک مناڵی ماڵە هەژار،

کە ناتوانێت تۆپ بکڕێت،

زۆرترین گۆڵ و یاریی خۆی دەیکات

بەڵکو ماوەیەکی زیاتر

تۆپی تیپەکەی لەلابێت .

بەرت نادەم

وەک یەخەی دوژمن و

ماچی دۆست .

وەک خووی شیریی لەپیریدا

وەک دەسکی دەرگای نزرگا و

پیاوچاکان

وەک لەزگە ،وەک سرێش،

بە مەحاڵیتەوە دەلکێم .

حەزناکەم وازت لێ بێنم

بەڵام چیبکەم

زەوی سەخت و ئاسمان دوور

سەختتریشە بۆئەوەی

کە بیەوێت مرۆڤ بێت .

دەبێت وازت لێ بهێنم

درەنگ یان زوو

چارم نییە

هەر دەبێت پێت بڵێم :

بەخێربێیت تاریکیی دەست لەیەکتربەردان

بەخێربێیت.

2021- سلێمانی



ڕیکلام