گۆرانێک لە تاریکی

  2021-05-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلال بەرزنجی:

      

 دنیا تاریکە ،

نازانم بە چ رێگایەکدا هێنامیانە،

 ئەو کؤشکەی،

نەبوخوزنەسر،لە سەر باخچە هەڵواسراوەکانی بابل ئامادەی کرد،

 بؤ ئەوەی هەست بە  تاراوگە نەکەم،

مێژووم لە بیر کەم .

ئەو شەوەی گەیشتم

پاشا،

وەک گورگێکی برسی،

مندش بزنێکی چیایی لە مێگەل دابڕاوی

پەلاماری دام

خوێنی لێهێنام

لە بەر ئازاری لە جەستەم،

تاریکی ئایندەم،

چێژم لەو خؤشیەی لە وە تەی خؤمم ناسیوە

بە تەمایمە نەکرد

من لەناوسروشت گەورە بووم

ژیان لەوێندەر  

لەودنیایەی مرؤڤ دروستی دەکات خؤشترە .

لەوێندەر،

 دەرگای ماڵەکەمان دوودەریە،

بۆغەریبان لەسەرپشتە .

لەوێندەر،

ئایندە میوانە

خەیاڵ زیندوە

لەوێندەر،

خودا،

گەمەکانم و

شتەکانی دەوروبەرم

بەراست دەزانین

لەوێندەر،

زمانی دایکم موسیقایە

وەک شاعیر، پڕم  لەهەست !

ئێستە لە قوڵای بیابانم

لەناو تاراوگەی زمانم

ئێستە ئاسۆ ئێواران،

لەبەرچاوم رەنگەکی  نوێی نییە .

لێرە،

ئەویش وەک ژیانم خۆڵەمێشیە .

لێرە،

دەردی غەریبیم گرتووە  

پەیوەندی نێوان فڕین و باڵەکانم

 کزە .

لەوەتەی لێرەم،

رابردووم گەورەدەبێت

ئایندەشم بچووک  

وەک بجووک بوونەوەی  پاشا

 لەوکاتەی هەوەسی لێیە لەگەڵم بخەوێت .

لێرە،

 چرایەکی ناو رەشەبام

هەنارێکی قەڵش بردووی  دەوروبەر بێ گەڵام

لێرە،

خەون بەو رێگایەوە دەبینم

دەچێتە سەر ئەو مەزارەی دڵشکاوەکان دەچنە سەری

لێرە،

رۆژانە،

لە  پەنجەرە،

لەو رێگایەی دە چێتەوە ماڵەوە ، دەڕوانم

یادەوەری بۆ ئەوانەی غەریبی ماڵەوە دەکەن

دەرمانە،

منیش موعتادی سەر ئەو دەرمانەم .

شەوان،

دوای ئەوەی کراسی خەو لە ئەستێران بؤ خؤم دەچنم

مانگ بە  جوانی دەنێژم  

لە گەڵ حەزی گەڕانەوە  دەخەوم،

بە هیوای گەڕانەوە  دەچمە ناو جێگا

بەڵام بەیانی،

دیسان هیچ روونادات .

لە ناو خەونەکەم دێمە دەرەوە

لە کوڕە ئازای ناو ئەو چیرۆکە ئەفسانەیانەی

نەبوونیان تێدا نیە، دەڕوانم

لێم  پەیدا بێت

بمفڕێنێ

بمباتە سەر سنووری وڵات

لەوێندەر

پێویست ناکات رێنشاندەر، 

یا خود نەخشەی رێگام هەبێت ..

بۆنی خاک بە سەلامەتی هەتا ماڵەوەم دەبات!



ڕیکلام