تەونی بریا

  2021-06-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
واقیع لە ئەدەب، مێژوو و وێنەدا:

محمد نه بى

ھەموو رۆمانێک ھەڵگری بەشێک لە مێژووی سەردەمی خۆیەتی، نووسینەوەی ئەم مێژووە لە ئەدەب دا، چەندە بۆ ئێستا گرنگە، بۆ داھاتوو گرنگتر دەبێ. رۆمان جگە لە وێنەگرتنی واقیعێکی زەمەنیی، بۆ نەوەیەکی تر لەکاتێکی تر، ھاوکات بەشێک لە وێنە، رووداو و چیرۆکە ونەکان بەھۆی وردبینیی و ھەستەوەریی ئەدیب نیشان دەدات، وێنەیەک کە چاوی ئاسایی نایبینێت، ئەدیببوون، ھاوبەند لەگەڵ ئەدەبییەت دەکارێ ئەمە مەیسەر بکات.

گەر مێژوو ھێڵێکی گشتیی روداوەکان بنوسێتەوە/ بگێڕێتەوەو، وێنەش چرکەساتێک بگرێت و نیشان بدات،
 بەڵام ھەندێ وردەکاریی ھەن، تەنھا چیرۆک/رۆمان دەتوانێت نیشانیان بدات/بیانگێرێتەوە، رۆمانی «تەونی بریا» ئەمەی سەرەوە دەسەلمێنێت، بۆیە من پێموایە ئەو رووداو، وێنەو کارەکتەرسازییەی لەم رۆمانەدا  دروستکراوە، مێژوو ناتوانێت وا ھەستبزوێن و کاریگەر بیان گێرێتەوە، وێنەش بەبەریانەوە تەسکە، ناتوانێت نیشانی بداتەوە.

مێژوو ناتوانێت پێ بەپێ، گۆڕانی مرۆڤ بگوازێتەوە، وێنەش ھەروا، بەڵام تەونی بریا نیشانمان دەدات چۆن کەمال لە عاشقێکی ناسک و دەستەپاچەی بەردەم مێینە،  سات بە سات دەگۆڕێت و دەبێتە جیھادییەک: مێژووێکی تاریک لە کارەکتەری وا، دێتە کایەوە.

ھەڵبەت وێنە یەکێکە لە رەگەزە گرنگەکانی رۆمان، بەڵام وێنە لە رۆمان دا یەکانگیر نییە/ وەستاو نییە، وەک ئەو وێنەیەی پێیدەڵێین«فۆتۆ/وێنەی کامێرا». ھی کامێرا «وێنەگرتنە/ وەستاندنە»، لە رۆمان دا «وێنەسازییە/ جوڵاندنە»: لە وێنەگرتن دا وردیلە ڕووداوەکانی پشت وێنەکە نابینرێن، بەڵام لە وێنەسازیی ئەدەبی گێڕانەوەدا ھەموو وردیلە رووداوەکان، شوێنەکان، کارەکتەرەکان، کۆی چیرۆکەکان پێکەوە پەیوەست و وێنەکان رەگەکانیان وا لەوێ؛ چەشنی تەونێکی چنراو: تەونی بریا.

وێنەی رۆمان دەسازێنرێ، وردەکارییەکانی گێڕانەوەو بەرجەستەکردن بەرھەمی دێنێت. بۆ نموونە رووداوی مردن/کوشتنی «شیرین» لە تەونی بریا، بەدەستی تیرۆرستانی خەلافەتی ئیسلامی داعش، کە بەدڵنیاییەوە رووداوی مردنی دەیان کچ و کوڕی کوردە بەدەست تیرۆرستانی خەلافەتەوە، جگە لە ئەدەب، نە وێنەگرتن و نە مێژوو ناتوانن وا کاریگەر بەرجەستەی بکەن، با بڕوانین:
زنار سەیری شیرین دەکات، دوو شەڕڤانن لە ھەموو چەپەرەکان بەیەکەوەن، دڵیان بەیەکداچووە، ھەستیان بۆ یەک دەبزوێ، دوای چەندین شەڕو ڕووبەڕووبوونەوە، ئێستا شەڕ دامرکاوەتەوە، زنار دڵدارانە لە شیرین دەڕوانێت، « شیرین ھەروا دەخەنییەوە، دەتگوت ئەو بزە ھەروا لە ئەزەلەوە لەگەڵی دا ھاتووەتە بوون...زنار لە دڵی خۆی دا دەیگوت ھێندە بەسە ھاوسەرم بیت و بەم بزەیەوە تەمەنێک بەگژ تاریکی....، ھێشتا قسەی تەواونەکردبوو ئەو دیمەنە ھێواشەی بەرچاوی بە ڕاتەکانی شیرین شێوا...کەم کەم جەستەی شیرین شلبوو....سەیری سنگی کرد شێوەی گوڵێکی سوری لەسەر نەخشا...تەونی بریا: ٣١٩ » ئەم وێنەسازییە بەھۆی گێڕانەوە، تەنیا لە ھێزی رۆمان/چیرۆک دێت. ئینجا لاوانەوەکانی زناریشی بەدوادادێت و باشتر ئەمە دەسەلمێنێت.

بۆچی گرنگە ئەم واقیعە مێژووییە، بەتایبەتی دزێوی و وەحشەتناکیی خەلافەتی داعش بگێڕدرێتەوە؟ ئایا (ئەم مادە بۆرە ناشیعرییە: داعش) دەکرێ ببێتە کەرەستەی ئەدەب و ئەدەبییەتی لێ بخولقێنرێ؟ 

مێژووی خەلافەتی داعش مێژووێکی تراژیدی بوو، ھەرچەندە پێشینانی داعش بەناوی فەتح، لە سەردەمانی تر ھەمان کاریان کردووە، بەڵام کەمتر کراونەتە بەرھەمی ئەدەبی، بەڵام پێویستە ئەم مێژووەی خۆی دووبارەکردەوە، بۆ ئەدیبی ئێستا ببێتە کەرەستەو نەھێڵن بەئاسانی بنیشێتەوەو ون ببێ، ھەموو نەوەیەکی مرۆڤایەتی، بەتایبەتی کورد، کە قوربانیی یەکەمی ھەموو خەلافەتەکان بووە، پێویستە لە یادگەی دا، ئەم مێژووە بنەخشێنێت.

میلان کۆندێرا لە کتێبی ( ھونەری رۆمان) دا سەبارەت بە کەرەستە/بابەت-ی رۆمانەکانی کافکا: دەڵێ( چۆن کافکا توانیی لەو مادە بۆرە ناشیعرییە: کە فەرمانگەو جیھانی میکانیکییە رۆمانی سەرسوڕھێنەر بخولقێنێت!) (کۆندێرا: ١٧٩). ئەمە لەسەر لێھاتوویی ئەدیببونی کافکا وەستا.
مادەو کەرەستەی «تەونی بریا»ش ھەندێکیان مادەو کەرەستەی بۆرو ناشیعرین: بەتایبەتی داعش، بەڵام رۆماننوس سەرکەوتووانە توانیویەتی بیانکاتە بابەتی رۆمان و وێنەی ئەدەبیی کاریگەرو ناخھەژێنیان  لێ دروست بکات.

رۆمانی تەونی بریا، رۆمانێک چیرۆکە خەمگینەکانی چەند کەسایەتییەکی کورد لە باکور/باشور/ رۆژئاڤا دەگێڕێتەوە، بەڵام رۆمانەکە دەکارێت شوێنکات ببڕێت و  ببێتە رۆمانێکی جیھانی؛ تراژیدیای مرۆڤایەتی لەھەر شوێنێک ئەدیبان بە سەرکەوتوویی بیگێڕنەوە دەبێتە جێی سەرنجی خوێنەران.
بەگشتی رۆمانێکی خەمگینە، بە تراژیدیاکانی زیندان دەستپێدەکات و لە زیندانێکی تری  وڵاتێکی تر، کۆتایی پێ دێت، لەناوەڕاستەکانیشی چیرۆکە خەمگینەکانی مرۆڤ بەدەست مرۆڤ، بەدەست تۆڕەکانی ئایدۆلۆژیا، دەگێڕێتەوە؛ ئەوەی مرۆڤ لەپێناوی دا(خەبات دەکات/ دەجەنگێت) لەسەر کوشتنی مرۆڤ بینا دەکرێت، بەڵام ئایدۆلۆژیاکان ئەم کوشتنە پیرۆز دەکەن، ھەندێکیان لەپێناو بەھەشتی ئاین و خودا، ھەندێکیان بەناوی ئازادی.

تەونی بریا، تەون و تۆڕی ئایدۆلۆژیاکانە لە دەست/پێ و ھزری مرۆڤ ئاڵاون.
رۆمانەکە لە رووی تەکنیکەوە ھونەرمەندانە چنراوە، وشەی «تەون» چەندە بۆ تۆڕو تەونی ئایدۆلۆژیاکان دەگونجێت، ھێندەش دەکرێ وەک جوانی و ئەرێنی بۆ تەکنیکی چنینی رۆمانەکە بەکاری بھێنین، چ لە رووی کارەکتەرو گرێچن و چ وێنەسازی و رەوتی گێرانەوە ھونەرمەندانە چنراوە، یەکێک لە جوانییەکانی رۆمانەکە «ھێزی قەناعەتپێکردن»ە بە خوێنەر، چونکە ھیچ زۆری لەخۆکردنێک نابینرێت لە خولقاندنی کارەکتەر، رووداو، زمان، وێنە؛ ئەم رۆمانە خۆی لە واقیعی دەرەکی رزگاردەکات، واقیعی خۆی دەژییت، خوێنەر دەچێتە ناو واقیعی رۆمانەکە، تا ئەو رادە تێکەڵی دەبێت کاتێ لە «کۆتایی رۆمانەکە» خوێنەر چیرۆکەکانی کەمالی جیھادی دەخوێنێتەوە لەبیری دەچێتەوو رۆژگارێک «سەرەتاکانی رۆمانەکە» کەمال عاشقێکی دوورەدین و ھەڵوەدای سێکس بووە.

ماریۆ ڤارگاس یۆسا سەبارەت بە گرنگیی ھێزی قەناعەتپێکردن دەنووسێت: « کاتێ ھەست دەکەین ئەوەی لەناو رۆمانێک روودەدات بەپێی میکانیزمێکی ناوەکی ئەو خەیاڵکراوەی ناو رۆمانەکە چنراوە نەک بەزۆر سەپاندنێک کە ئیرادەیەکی دەرەکی بییسەپێنێت، کاتێ رۆمانێک ئەو ھەستەمان دەداتێ کە خۆی خۆی بژیێنێ، ئەوا رۆمانێکە لە واقیعی راستەقینە رزگاری بووە، لەناو خودی خۆی دا ھەموو شتێکی ھەیە پێی بژیت، بەمە ئەم رۆمانە گەیشتۆتە ئەوپەڕی توانای قەناعەتپێکردن، ئەمە شتێکە رۆمانە باشەکان، مەزنەکان نەک ھەر بۆمان دەگێڕنەوە، بەڵکو وامان لێ دەکەن تیا بژین و ببینە ھاوبەشیان» ( یۆسا: ٣٩-٤٠).

ئەم رۆمانە شیاوی خوێندنەوەیە، رۆماننوس وەک ئەدیبێکی بە ئەزموون تیایدا دەردەکەوێت، ھیچ زۆر لەخۆکردنێک بەدی ناکرێت، زمانێکی شیرین و خۆش، پڕ چێژ، لەپشت رستەکانەوە سەبارەت بە ژیان، عەشق، مرۆڤ و سەفەر ھەست بە ئەزمووندیدەیی دەکرێت، خوێنەر بە تامەزرۆییەوە دوای چیرۆکەکانی کەمال و زنار دەکەوێت، بێزارنابێت، ئاشنای زۆر شت دەبێت، فێردەبێت، دەھەژێت، زیاتر رۆدەچێتە مێژوو( مێژوو مەبەستم زیاتر بەمانای واقیعێکی دیار) واقیعی تاک/ گروپ.

-تەونی بریا، فەرھاد چۆمانی،  چاپی یەکەم، دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠٢١ .
-ھونەری رۆمان، میلان کۆندێرا، وەرگێرانی: کەریم پەڕەنگ، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٨.
-دوازدە نامە بۆ ڕۆماننوسێکی لاو، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، وەرگێڕانی: شیرین. ک، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی پاشکۆی رەخنەی چاودێر، ٢٠٠٨.


ڕیکلام