دێوانەیی

  2021-07-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە کامەران رەوفەوە بۆ حەمە شێت

رەنگە ئەو ناونیشانەی سەرەوەت پێ نامۆ یان سەیر بێ، بەڵام تا ئەوێ نامۆ و سەیر رادەوەستێ کە نێوانیان رۆشن دەبێتەوە. هەردوو ئەو پیاوە، لە شوێنێکا یێکدەگرنەوە کە نواندنە و لە شوێنێکیشا جوێدەبنەوە کە دێوانەییە. خودی نواندن بەرلەوەی ئیشق و هونەر بێ، بۆ خۆشی جۆرێکە لە دێوانەیی. نە نواندن دوور لە دێوانەیی بوونی هەیە و نە دێوانەیش بێ نواندن دەژی .

هەموو ئەوانەی کامەران رەوف، لە سەرەتاکانی نواندنەوە دەناسن، ئەو هەقیقەته باش و تەواو دەزانن کە ئەو نواندن لە قوتابخانە هونەرییەکان و مامۆستایانی هونەرەوە فێرنەبووە، بەڵکو وەک دێوانەیێک سەروکاری لەگەڵ نواندن پەیداکردووە و دواجار نواندن لەناو قاڵبوونێکی هەمیشەیی وەکو دێوانەیێک جێی هێشتووە. کامەران بەرلەوەی هونەرمەند بێ دێوانەیێکی هەقیقی نواندنە، تەواو شێتێک و سەرگەردانێکە بۆ خۆی. ئەو بەجۆرێک لەگەڵ نواندن توایەوە کتومت وەک ئەوەی کەمانچەیێک بژەنێ .

نواندن چەشنی ژەنینی ئامێرێک، بە مەشق و راهێنانی بەردەوامی بەخشی و لە چرکەیێکەوە بۆ خولەکێک و ئەوجا بۆ کاتژمێرێک و دواتر لەگەڵ خۆی دەبات و فڕێی دەداتە نێو ساڵ و دەیەکانەوە، لەسەر شانۆوە بۆ دەرەوەی شانۆ و دواتر بۆ نێو ژیان. لە نیشتیمانەوە بۆ مەنفا و لە مەنفاوە بۆ نیشتیمان و دواتر هیچیان وەری ناگرنەوە و تەنیا نواندن دەیناسێتەوە و وەک کوڕی خۆی باوەشی بۆ دەکاتەوە. نواندن هەموو ئەکتەرەکان وەک یێک ناناسێتەوە، تەنیا ئەوانە نەبێ کە دێوانەن و لە پێناوی ئەودا هەموو شتێک توڕ دەدەن .

من پێموایە ئەو دەمەی کامەران لە قووڵایی نواندن تێدەگات ئیدی لەوێدا بۆ خۆشی وەک مرۆڤێکی سروشتی دەمرێ. ئێمە هیچکات کامەرانێکمان نەدیووە، مرۆڤێکی ئاسایی بێ، ئەوەندەی شێتێکی سەرگەردانە و بەردەوام سەرقاڵی وڕێنەیە. وڕێنەیێک جیاواز هەر وەکو چۆن حەمە بەردەوام لەبەردەم قورسایی ژیان لەناو بێهۆشییەوە هەوڵدەدات بگاتە هۆش و دواجار تا ئەم چرکەیەی تێیدایە وەک مەحاڵێک لەپێشی ماوەتەوە .

 هەر ئەو سەرگەردانییەشە، هیچکات ناهێڵێ کامەران، دەستبەرداری نواندن بێ و بۆی بکرێ وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی بێ، بەڵکو ئیشقێک بۆ نواندن وای لێدەکات بەردەوام وێنای ئەو چرکەساتانەی خۆی بژێنێتەوە کاتێک تەنیا هەر بۆ خودی خۆی لەسەر شانۆ بووە. لەدەمی مەشقە قووڵ و درێژەکانی لەگەڵ جووڵە و هەڵسوکەوت و نیگا و روانین و هەڵچوون و داچوون و بێدەنگییەکانی، ئەو جارێکی دی دێت و سەر شانۆکە جێدەهڵێت و هەزارانی ئەو چرکەساتانەی خۆی لە جەستەی کەسانێکی دیدا دەباتەوە سەر شانۆ و بەرجەستەیان دەکاتەوە. ئەو ئەگەر تەنیا یێک ئەکتەریشی بدەیتێ، خێرا دێت و پارچە پارچەی دەکات و وەک هەزاران مرۆڤی لەبەردەست بن هەزاران کارەکتەری دییان لێ دەخوڵقێنێ .

کامەران دێوانەیێکی تەواوی شانۆیە، ئەو هەزاران ئەکتەریش بهێنێ، هێشتا رێگە نادات هیچیان بۆ تاوێک ئاسوودە هەناسە بدەن، تاوەکو رۆحی نواندن لەناو هەموویاندا نەتەقێنێتەوە. ئەو لەناو رۆحی خۆیدا هەر هەموویان دەباته پێگەی ئەو کامەرانە ئەکتەرەوە کە پێشتر هەزاران پارچەی لێ بوونەتەوە و پەرشوبڵاو لەناو هەزاران رۆحدا بەرجەستەبوون. کامەران کاتێک دەرهێنەرە کە لەبەرانبەر خۆیدا وەستاوە و هەموو ئەو کارەکتەرانەش کە لە منداڵییەوە نواندونی و تاقیکردونەتەوە جارێکی دی لەناو ئەکتەرەکانی پێش دەمیدا دەنوێنێ و دەیانژێنێتەوە .

کامەران لە دەرەوەی تەختەی شانۆ، جارێکی دی دەستدەخاتە ناو رۆحی ئەو ئەکتەرانەوە کە هەر هەموویان خودی خۆین و لەسەر شانۆن و دەیانگەیێنێتەوە سەر تەختی نەمایش. کامەرانێک لەبەرانبەر دەیان کامەرانی دیدا، وەک سەمفۆنیایێک کە تەنیا ماسترۆیێکی هەیە و هەر ئەو ماسترۆیەش بۆ خۆی هەموو ئامێرەکان دەژەنێ و دواجار بێ لە شێتییەک شتێکی دی لە ئارادا نییە و بێ لە شێتییەک شتێکی دی نەژەنراوە .

من کاتێک لە هەر شوێنێک لەگەڵ کامەران رادەوەستم. هیچکات مرۆڤێکی ئاساییم نەدیووە، هەر لە بنچینەوە کامەرانێکی ئاسایی بوونی نییە، بەڵکو هەمیشە دێوانەیێک لەبەردەمما بووە کە بەردەوام لە چرکەساتێکی نواندنەوە بۆ چرکەساتێکی دی دەهەژێ و سەر دەکات و قوڵپ دەدات .

من لە دووی کامەرانەوە کەسێکی دی ئاوا دێوانەم نەدیووە، تەنیا حەمە شێت نەبێ. کاتێکیش دەڵێم شێت، ئەویش ئەو مرۆڤە دێوانەیەیە کە بەردەوام لەنێو نواندنێکی درێژکراوەدا دەژی. ئیشقێکی غەریب لە حەمەدا دەبینم بۆ خۆنەبوون، کە لە هیچ کەسێکا نەمدیووە لە کامەران رەوفدا نەبێ. هەردوو ئەو مرۆڤە خۆیان نین، کامەران نواندنی لێ بسەنەرەوە وەک حەمەی لێدێ. حەمەش نواندنی لێ بسەنەرەوە دەمرێ .

حەمە هەموو چرکەیێک خودی خۆیەتی و دژ بە خۆی دەوەستێتەوە و بۆ قەیرێک دێتەدەرەوە و دواتر دەگەڕێتەوە ناو خۆی و لەگەڵ خۆی تەبا دێتەوە، لە کاتێکا کەم مرۆڤ هەن لەم دونیایەدا بتوانن بۆ چرکەیێکیش خۆیان بن و لەگەڵ خۆیان تەبابن. حەمە هەر دەم یاری دەکات و لەڕێی نواندنەوە رێگە نادات رۆحی خامۆش بێ و بمرێ، ئەو بەردەوام دەهەژێ و هەڵدەچێ و گڕ دەگرێ، کاتێکیش خامۆش دەبێ، لەناوەوە کورەیێک هەیە قوڵپ دەدات و لە جووڵە و تەماشا و روانین رانەوەستاوە .

چۆن کامەران لەڕێی نواندنەوە بۆتە دێوانەیێکی هەقیقی، ئاواش حەمە لەڕێی دێوانەیییەوە بۆتە ئەکتەرێکی هەقیقی. کامەران کاتێک لە گەوهەری نواندن دەگات هۆش لە دەستدەدات، حەمەش کاتێک دەرژێتە نێو گەوهەری دێوانەییەوە هۆش بەدەستدەهێنێت. هیچ ئەکتەرێکی زیندوو لە دونیادا نادۆزیتەوە، کەڵکی لە هۆش وەرگرتبێ، هەر هیچ نەبێ لەو دەمانەدا کە سەرقاڵی نواندنە. هیچ دێوانەیێکیش لە دونیادا نادۆزیتەوە کەڵکی لە بێهۆشی وەرگرتبێ، هەر هیچ نەبێ لەو دەمانەدا کە سەرقاڵی نواندنە .

تۆ تەماشای حەمە بکە لەو دیمەنەدا، چۆن لەڕێی نواندنەوە هەوڵدەدات هۆش بدۆزێتەوە. ئەو بەناو خۆیدا شۆڕدەبێتەوە، چرکە بە چرکە شێتی لە خۆی دەکاتەوە و بە هێواشی فڕێی دەدات، دەگاتە شوێنێک کە بۆی دەکرێ کار بکات و ژن بهێنێت و منداڵییشی ببێ. ئیدی ئەو ئەگەر لەنێو هەناوی نواندنیشا بێ دەتوانێ لەو رێگەیەوە بگاتە هوشیارییەکی بەدەستهاتوو و تا ئەو شوێنەش درێژ دەبێتەوە مرۆڤانە دەژی .

تۆ بڕوانە ئەو نواندنەی حەمە نەمایشی دەکات، بەدرێژایی خولەکێک چۆن دەهەژێ، مامەڵەکردنی لەگەڵ کوپێک چا، تا قومێکی لێدەدات هەزاران خوتەرەمان لا دەخوڵقێنێ. دەستەکەی دی چۆن وەک بێشکەیێک دەبزوێنێ و هەر دەڵێی ئیستا نا تاوێکی دی لە لەپی دەبنەوە و وەک کۆترێک دەکەونە فڕین. بەجۆرێک دەدوێ دەڵێی خەون دەبینێ و خەون لەناو ئێمەشدا دەنوێنێ

ئەگەر بە ووردی لەو کارەکتەرە بڕوانین، هیچ ئەکتەرێک لەم رۆژگارەی کوردا نادۆزی ئاوا سروشتی و بێ زۆر لەخۆ کردن بۆی بکرێ ئاوا بجوڵێ. نواندنی حەمە هەڵگری سیحرێکی غەریبە کە من بۆ خۆم وەک ئەکتەرێکی تراژیدی کۆمیدی دەبینم. هیچ نواندنێکی حەمە نییە بۆ چەندینجار لێی نەڕوانم و بۆ چەندینجار لە چەندین کاتی جیاوازدا بەبێ بێزاربوون لێی نەڕوانمەوە .

لە کاتێکا کەم ئەکتەری کورد و کەم بەرهەمی کوردی هەن ئەو تایبەتمەندییەیان هەبێ و بۆت بکرێ بۆ چەندینجار لێیان بڕوانیت و لێیان بێزار نەبیت. من بۆ خۆم ئەو هێزەم تەنیا لە نواندنی کامەران رەوفا دیتووە کە هەردوکیان خاوەنی هێزێکن کە لەڕێی نواندنەوە سیحرت لێدەکەن .

تێبینی: لە خوارەوە لینکی ئەو ڤیدۆیەی حەمە دادەنێم و دەتوانن بۆ خۆتان لە هێزی نواندنی بڕوانن، کە هەموو ئەکتەری کورد کۆ بکەرەوە بۆیان ناکرێ ئەوە بکەن کە حەمە زۆر بەسادەیی و سروشتی دەیکات .



ڕیکلام