مام جەلال بۆ نەوشیروان مستەفا: من لەپێناو یەکێتیدا چومەتە لای کەسانێک کڵاشە کۆنەکەت تاجی سەریان دەھێنێت

  2023-01-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند دێڕێک لە نامەیەکی دورودرێژی مام جەلال کە بۆ نەوشیروان مستەفا نوسراوە

نامەکە بۆ دڵدانەوەو ئاشتکردنەوەی نەوشیروان مستەفا نوسراوە پاش ئەوەی بەچەند ھۆکارێک دڵی لە مام جەلال دەڕەنجێت.

مام جەلال لە بەشێکی نامەکەدا دەنوسێت؛ من بیستوومە تۆ چاوی لوتفت لە ئاستی من نوقاندووە، دەی من ئەوە ناکەم، من ئامادەم بێم بۆ لات، لە ھەر شارێک تۆ دای دەنێیت، پێم خۆش نییە بێیت بۆ لام، چونکە دەمەوێ تاکو بە راشکاوی ھەموو قسەی خۆمت بۆ بڵێم، تۆ جێگە دانێ و من دێم بۆ لات، کاکە نەوە من لە پێناوی یەکێتیدا چومە بۆ لای کەسانی وەھا، کە کڵاشە کۆنەکەت تاجی سەریان دەھێنێت، ئیتر چۆن نایەم بۆ لای تۆ، حەز دەکەی زویربە، من دێم - بکل فخر و اعتزاز- چاکت دەکەمەوە و دێم بۆ لات. 

بۆچی تۆ گفتوگۆ لە گەڵ سەدام بکەی، لەگەڵ ھەڤاڵ و براو ھاوڕێی دێرینی خۆت نایکەی؟ براگیان کاکە نەوە، دەست بخەرە سەر ویجدانی خۆت، بیرێکی قوڵ لە وەزعی کورد و (ی.ن. ک)و برایەتی خۆم و خۆت بکەرەوە، ئەوسا بڕیار بدە. 

لێم زویر مەبە، بە بیرت بخەمەوە من پیاوێکی ترسنۆک نیم، نە لە شەڕ ترساوم نە لە قسە، نە لەململانێ، بەڵام زۆر زۆر زۆرم پێ ناخۆش دەبێ ھەر سوکەیەکمان لەگەڵ برایەکی وەک تۆ ببێ، کە ھیچ نەبێ ١٧ ساڵ بە جێگەی ھیوای خۆم و گەلەکەمم داناوە و پێم وابووە ئەو لە من باشتر و چاکتر دەبێ بۆ کورد و کوردستان. 

چاوەروانی وەڵامم تا ئەوکات بەگەرمی ئەملاو ئەولات ماچ دەکەم.

برای دڵسۆزتان مام جەلال ٢١-١-١٩٩٢ 
سەڵاح رەشید، 
کتێبی بروسکەنامە- نامەو بروسکەی نێوان مام جەلال، مەسعود بارازانی، نەوشیروان مستەفا. ١٩٩٠-٢٠٠٩


ڕیکلام