مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

  2024-04-13  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "کارەساتی ئەنفال برینێکی وەھای لەسەر دڵمان و لە کۆھزری گەلەکەمان دروستکرد کە ئازارێکی نەبڕاوەیە، پێویستە ھەموو لایەکمان بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە ھەوڵەکانمان چڕتڕ بکەینەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری زیانلێکەوتوانی ئەو کارەساتە.

دەقی پەیامەکە... 

٣٦  ساڵ لەمەوبەر گەلەکەمان لەسەر دەستی رژێمی ستەمکاری بەعس لەژێر تایتڵی ناڕەوای (ئەنفال) دا بە ھەشت قۆناغ  رووبەڕوی دڕندانەترین تاوانی کۆمەڵکوژی بووەوە کە سەرەڕای کۆمەڵکوژی وبێ سەروشوێنکردنی ١٨٢٠٠٠ منداڵ و گەنج و پیری کورد، گشت سیمایەکی ئاوەدانیشی لە نزیکەی پێنج ھەزار گوند و شارۆچکەی ناوچەکانی ئەنفالدا سڕییەوە .

کارەساتی ئەنفال برینێکی وەھای لەسەر دڵمان و لە کۆھزری گەلەکەمان دروستکرد کە ئازارێکی نەبڕاوەیە و بۆ سارێژی ئەو برینە قووڵە، بۆ سڕینەوەی شوێنەوارەکانی ئەو کارەساتە ناخھەژێنە، پێویستە ھەموو لایەکمان لە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە ھەوڵەکانمان چڕتڕ بکەینەوە بۆ خزمەتکردنی ھەمەلایەنە و زیاتری زیانلێکەوتوانی  ئەو کارەساتە.

ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق کەیسی ئەنفالی وەک تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی  ناساندوە،  بەڵام قەبارەی تراژیدیاکە و  دەرھاویشتە و لێکەوتەکانی ئەنفال، پێویست دەکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیسان وەک تاوانی قڕکرنی بە کۆمەڵ و جینۆساید بناسرێت و گەلی کوردستانیش بە دابینکردنی تێکڕای مافە دەستورییەکانی بۆ یەکجاری لە ئایندەی خۆی دڵنیا بکرێتەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو ئامانجانەی سەرەوە بێ درێغ لە خەباتدا دەبێت.

ـ درود بۆ رۆحی قوربانیانی   کۆمەڵکوژی ئەنفال ، سڵاوی ئەمەک و وەفاداری بۆ خۆراگریی کەسوکاری ئەنفالکراوان .


ڕیکلام