لە ساڵی رابردوو تا ئێستا لە سنوری زاخۆ 15 كەس لە ئاودا خنكاون

  2020-07-22  | 
دیمەنێک لە کاری تیمەکانی بەرگری شارستانی ناوچەکە
دۆسیە:  دهۆک
 مێهڤان مەجید
بەرگری شارستانی دهۆك رایگەیاند، لە ساڵی رابردوەوە لە سنوری قەزای زاخۆ 15 كەس لە ئاودا خنكاون و تەرمی سێ كەسیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی پەیوەندی و راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی دهۆك، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لە ساڵی رابردوو تا ئێستا 15 كەس لە رووباری خاپووردا خنكاون كە 11 یان لە ساڵی رابردوودا بووە و چوار كەسیشیان لەمساڵدا بووە. 

ئەو روونیكردەوە لە نێو ئەو تەرمانەدا تەرمی سێ كەسیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، تیمەكانی بەرگری شارستانی زاخۆ تا ئێستا ئەو دۆسیانەیان دانەخستووە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەكانیاندا. 

ئەو لەبارەی ئەو تەرمانەوە كە نەدۆزراونەتەوە وتیشی: تەرمەكان تەرمی دوو كچ كە تەمەنیان 20 ساڵ و 25 ساڵە لە نزیك پردی دەلال ژێر ئاو كەوتوون و پیاوێكیش كە قوتابی كۆلێژی پۆلیسی هەولێر بووە لە نزیك ئاوی چەم سیرم بووە.