جەمیل بایك: نە عێراق و نە پارتی خاوەندارییان لە ئێزدیەكان نەكرد

  2020-08-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە رایگەیاند پارتی و حكومەتی عێراق ئێزیەكانیان بە خەڵكی خۆیان نەزانی بۆیە كاتێك هێرشكرایە سەریان نەیان پاراستن.

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە، لە دیدارێكدا لەگەڵ میدیاكانی نزیك لە حزبەكەی رایگەیاند، داوای لە پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان كرد ئەركی خۆیان بەجێ بگەیەنن و دووپاتیدەكاتەوە كەس ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت، هەربۆیە پێویستە لە دژی توركیا بڕیار بدەن كە لە باشوور بچێتە دەرەوە. 

ئەو لەبارەی هێرشی داعش بۆسەر شنگال رایگەیاند: دەزانرێت نە دەوڵەتی عێراق و نە پارتی لە شنگال خاوەندارییان لە گەلی ئێزدیمان نەكرد، بۆ؟ چونكە ئەو شوێنەیان بۆ خۆیان بە گرنگ نەدەزانی، یانی ئەو گەلە و ئەو زەوییەیان بە هی خۆیان نەزانیوە، تەنها بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی خۆیان لەوێ بۆ گرنگ بووە، چۆن لەوێ نەتەوە دەوڵەت پێشدەخەن بەو شێوەیەش نەژادپەرەستی پێشدەخەن، چۆن گەلی ئێزدی بكەن بە كۆیلە، بۆ ئەوانە لەوێ دەمانەوە، نەك بۆ ئەوەی خاوەندارییان لێ بكەن و بیانپارێزن. 

بایك لە قسەكانیدا وتیشی: ئەگەر ئەو گەلە و خاكەیان بە هی خۆیان بزانیایە ئەوا خاوەندارییان لێدەكردن، هەرگیز گەلی ئێزدیمانیان رادەستی داعش نەدەكرد، لەوێش ئەو كۆمەڵكوژییەش بەسەر گەلەكەماندا نەدەهات، مرۆڤ سەیری موسڵ بكات، كاتێك داعش كۆنسوڵخانەی توركیای گرت، هیچ كەسێكی نەكوشت، ئێمە دەزانین داعش لە كوێ و كێی دەستگیر بكردایە هەموویانی دەكوشت، بەڵام بۆ كۆنسوڵخانەی توركیای گرت و كەسی نەكوشت؟ چونكە پەیوەندیی بە توركیاوە هەبوو، توركیا هاوكاریی دەكردن، توركیا دەیخواست لە رێگەی ئەوانەوە دەسەڵاتی نەتەوە دەوڵەتەكەی پێشبخات، لەبەر ئەوە هیچیان لێ نەكردن، لە دوایشدا هەر خۆیان هەموو ئەو كەسانەی كۆنسوڵخانەی دەوڵەتی تورك-یان برد و رادەستی توركیایان كرد. 

ئەو پەیامی ئاراستەی ئێزدیەكان كرد و وتیشی: ئێستا لە باشوور هەندێك هەڵدەستن بە هێزی ئێزدیەكان دەڵێن، ئێوە بۆ خاوەنداری لە خۆتان دەكەن، ئێوە بۆ خۆتان بە رێكخستن دەكەن، بۆ ئێوە خۆتان دەكەن بە خاوەن ئیرادە، دژایەتیی ئەوانە دەكەن، ئەوە لە كاتێكدایە، هەپەگە، یەپەگە و یەپەژەش نەك تەنها خاوەنداری لە ئێزدخان دەكەن، نەك تەنها كەرامەتی خۆیان پاراست، بەڵكو كەرامەتی كورد، حكومەتی باشور، ئەوانەی ئەو قسانە دەكەن و كەرامەتی مرۆڤایەتییان پاراست و رێگایان نەدا چەپەڵییەكە بەوان بگات، بۆ ئەوەش هەموو كەس  قەرزداریانە و پێویست سپاسیان بكرێت و ئەوە كارە راست و دروستەكەیە.


ڕیکلام