تورکیا کۆبوونەوەی پەکەکە و پاسەوانی سنوریی عێراقی کردەئامانج

  2020-08-11  | 
دهۆک
سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی پەکەکە و پاسەوانی سنوریی عێراقی کردەئامانج
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەمێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان پەکەکە و پاسەوانی سنوریی عێراقیان کردەئامانج و بەپێی زانیارە سەرەتاییەکان کوژراو و بریندار هەیە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، چەند خولەکێک پێش ئێستا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراقیان لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە سنوری برادۆست، بۆردومانکردووە.

ئاشکراشیکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە دوو ئەفسەری پلەباڵا و پاسەوانێک لە سوپای عێراق و فەرماندەیەک و دوو گەریلای پەکەکەش، شەهیدبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو ئەفسەرەی سوپای عێراق کە شەهیدبوون، عه‌مید زوبێر حالی فه‌رمانده‌ی فه‌وجی سێی پاسه‌وانی سنور و محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنور لە دەڤەری سۆران، بوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی٨ی٢٠٢٠، لە سنوری كوجی هاجەر لە ناوچەی برادۆست، شەڕ لە نێوان ژمارەیەك لە گەریلاكانی پەكەكە و پاسەوانانی سنوریی عێراق روویدا و بەو هۆیەوە هاوڵاتیەك برینداربوو كە پیشەی شوانكارەیە.

دواتر سوپای عێراق هێزێکی بەچەکی جۆراوجۆرەوە رەوانەی گەروی سنگان لەسنوری بەڕزین-ی سەر بە ناوچەی برادۆست کرد و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش بڕیاریاندا، بەمەبەستی رەواندنەوەی گرژییەکان، شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکە لە ناوچەکە کۆببنەوە.



ڕیکلام