شانەی جەنگی عێراق:تورکیا ئۆتۆمبێلێکی پاسەوانی سنوریان کردووەتە ئامانج

  2020-08-11  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق ڕایگەیاند، ئوتۆمبێلێکی هێزەکانی پاسەوانی سنور کراوەتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری باڵا کوژراون.

لەبەیاننامەیەکدا شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق، دەربارەی هێرشەکەی تورکیا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی پاسەوانی  سنور و پەکەکە ڕایگەیاند، دەستدرێژییەکەی سوپای تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنور لەناوچەی سیدەکان.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستدرێژییەکە بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندەی لیوای دووی هێزەکانی ناوچەی یەکەمی پاسەوانی سنور و فەرماندەی فەوجی سێ لە لیوای دووی پاسەوانی سنور و شۆفێریی ئۆتۆمبێلەکە.

ئەو بەیاننامەیەی شانەی ڕاگەیاندنی سوپای عێراق لەکاتێکدایە، سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق پێشتر ئاشکرایکردبوو، لەهێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆسەر کۆبوونەوەیەکی هێزەکانی پاسەوانی سنور و پەکەکە ٢٠ کەس کوژراو و بریندار بوون.

پێشتر پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، چەند خولەکێک پێش ێستا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندێکی هێزی پاسەوانی سنوریی عێراقیان لە ناوچەی بێرمێ دینداران لە سنوری برادۆست، بۆردومانکردووە .

ئاشکراشیکرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە دوو ئەفسەری پلەباڵا و پاسەوانێک لە سوپای عێراق و فەرماندەیەکی پەکەکەش، شەهیدبوون .



ڕیکلام