پێشێلکارییەکانی تورکیا عێراقی ناچار کرد هانا بۆ وڵاتانی زلهێز ببات

  2020-08-14  | 
ماوە دوو مانگە سوپای تورکیا هێرشێکی فراوانی بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکردووە
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی داوای لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا کرد، ڕۆڵی کاریگەر ببینن بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، فوئاد حسین وەزیری دەرەوە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەکە لە جان ئیف لۆدریان وەزیر دەرەوەی فەڕەنسا، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەیمس کلیفرلی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەریتانیا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە فوئاد حسین گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە دواپەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوخۆیی عێراق، دواترینیان دەستدرێژە دووبارەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق، کەبووە هۆی شەهید بوونی دوو ئەفسەر و سەربازێکی سوپای عێراق.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا پێشێلکارییەکانی تورکیا ڕەتکردووەتەوە، کە ڕۆژانە دەیکاتە سەر سەروەریی خاکی عێراق، داواشی کردووە هێزەکانی لەناوخۆیی عێراق بکێشێتەوە.

لەکۆتایی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژە بەوەکراوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، سەرەخۆشییان لە حکومەتی عێراق کردووە، سەبارەت بە قوربانیانی دەستدرێژییەکانی تورکیا و جەختیانکردووەتەوە لەوەی وڵاتەکانیان، هاوکاری عێراق دەبێت و ئیدانەی پێشێلکارییەکانی تورکیایان کردووە و دووپاتیانکردووەتەوە، پێویستە ڕێز لەسەروەری خاکی عێراق و بنەماکانی هاوسێیەتی و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بگرێت، کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی جیهان ڕێکدەخات.

ئەو هەوڵە نوێیەی عێراق لەکاتێکدایە لەم هەفتەیەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بۆمبارانی کۆبوونەوەیەکی نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکەی کرد، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری کوردی سوپای عێراق و سەربازێک و سەرکردەیەکی پەکەکە شەهید بوون.

ماوەی دوو مانگ زیاترە سوپای تورکیا بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە هێرشێکی فراوانی بۆ ناو خاکی عێراق دەستپێکردووە و تا ئێساش درێژەی هەیە و ڕۆژانە شەڕی سەخت لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دروست دەبێت.