قەرەیلان لەگەڵ یەكەیەكی تایبەتی گەریلا پەیامێكی بڵاوكردەوە

  2020-08-15  | 
دۆسیە:  پەکەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
موراد قەرەیلان بۆ یەكەمجار لەگەڵ یەكەیەكی تایبەتی گەریلادا دەردەكەوێت و بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێكردنی خەباتی چەكداری پەیامێك بڵاو دەكاتەوە.

موراد قەرەیلان، فەرماندەی ناوەندی بڕیارگەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ساڵیادی 36 ساڵەی تەقاندنی یەكەم فیشەك لە دژی توركیا پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە. 

لەو پەیامەیدا قەرەیلان لەگەڵ یەكەیەكی تایبەتی هێزەكانیان دەركەوتووە كە خۆشی بەرگی ئەو یەكە تایبەتەی لەبەردایە، تیایدا دەڵێت، لە جەژنی (ڤەژین)دا بەڵێن دەدەین پابەندبوونی خۆمان بە ڕێبازی سەرۆك ئاپۆ دووپاتدەكەینەوە. 
قەرەیلان لە پەیامەكەیدا پیرۆزبایی لە خەڵك و لایەنگرانی پەكەكە دەكات بۆ هەنگاونان بەرە و 37 ساڵەی ئەو یادە. 

لە ساڵی 1984دا پارتی كرێكارانی كوردستان یەكەمین فیشەكی لەبەرامبەر دەوڵەتی توركیا تەقاند و تا ئێستا خەباتی چەكداری ئەو هێزە لەبەرامبەر توركیا بەردەوامە، هەرچەند ماوەی شەش ساڵ بوو وەك پارتێكی سیاسی خۆی راگەیاندبوو.