کەرکوک.. دوو چەکداری داعش دەستگیرکران

  2020-08-15  | 
کەرکوک
دوو چەکداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
هێزە ئەمنییەکانی عێراق دوو لەمەترسیدارترین چەکدارانی داعشیان لەکەرکوک دەستگیرکرد، کە یەکێکیان بەشداری لە رووداوی کۆمەڵکوژی سپایکەردا کردووە.

بەسام محەمەد لێپرسراوی ڕاگەیاندنی هێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدڕاڵی لەکەرکوک، بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لیوای ١٨ی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران لەکەرکوک، توانیویانە یەکێک لەداواکراوانی داعش دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستگیکراوەکە تۆمەتبارە بەماددەی چواری تیرۆر و لەبنەڕەتدا خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینە.

ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە پاش وردبینی وبەدواداچونی ورد بۆ جوڵە و شوێنی نێشتەجێبونی لەڕێگەی سەرچاوە هەواڵگریەکانەوە لەگوندی ئەعوەجی سەر بە ناحیەی ڕەشاد لەباشوری ڕۆژئاوای کەرکوک، دەستگیرکراوە و دواتر ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە.

هەر ئەمڕۆ، هەواڵگری پۆلیسی فیدڕاڵی لەکەرکوک لەچالاکییەکدا، توانیویانە چەکدارێکی داعش دەستگیربکەن کە ڕاستەوخۆ تێوەگلاوە لە رووداوی کۆمەڵکوژی سپایکەر کە ساڵی ٢٠١٤ لەسنوری پارێزگای سەڵاحەدین لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدرا.

هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا و لە ناوچەی وادی شای لە نزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین، چوار بۆمبی چێنراو پوچەڵکرانەوە و ژمارەیەک چەک وتەقەمەنی دیکەش لەناوبران .



ڕیکلام