ئیسرائیل: لەگفتوگۆی ئاشتیداین لەگەڵ وڵاتێکی دیکەی عەرەبی

  2020-08-19  | 
ئیلی کۆهین وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیلی کۆهین وەزیری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بە فەرمی گفتوگۆی لەگەڵ سودان دەستپێکردووە و هیوادارن بگەنە ڕێککەوتنی ئاشتی.

کۆهین ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە لە داهاتوودا گێرانەوە پەنابەرە سودانییەکان لە ئیسرائیلەوە بۆ وڵاتەکەیان دەگرێتەوە.

وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل ئاشکراشیکرد "ئیسرائیل سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی و ئەفریقی".

ئەو راگەیاندنەی وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل لەکاتێکدایە، حەیدەر بەدەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سودان دوێنێ سێشەمە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازی ڕێککەوتنی ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بێ ئەوەی قوربانی بدات بە بەها چەسپاوەکانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سودان و ئیسرائیل سودی باش دەبینن لەڕێککەوتنی ئاشتی نێوانیان.

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، دوای ئەو لێدوانە وەزارەتی دەرەوەی سودان حەیدەر بەدەوی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە.

هەفتەی ڕابردووش بەناوبژیوانی ئەمریکا، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو  ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیان ئیمزا کرد و دوێنێش وەزیری هەواڵگری ئیسرائیل بۆ زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا سەردانی ئەبو زەبی کرد.

هاوکات سەرۆکی ئیسرائیل بانگهێشتی جێنشینی ئیمارات کرد سەردانی ئیسرائیل بکات.



ڕیکلام