نووسینی زۆر، نووسینی کەم

  2020-08-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

داستان بەرزان

         ئەگەر پێوەرمان بۆ باشی و خراپی نووسین لەسەر بنەمای ئەوە بێت ئایا ئەم نووسەرە زۆر دەنووسێت یاخود کەم؟ ئەوا لە جێگەیەکی ھەڵەوە ئەو پێوەرەمان ھەڵبژاردووە، چونکە پڕۆسەی نووسین پڕۆسەیەکە پشت بە توانا و لێھاتووی خودی نووسەر و ئەو سەرچاوانە دەبەستێت کە نووسەر ھۆش و خەیاڵی خۆی پێ دەوڵەمەند دەکات.

        کەچی لەمەشدا وەک زۆرینەی شتەکانی دیکە دونیای کوردی ڕێگە ھەڵەکەی ھەڵبژاردووە، چونکە بەردەوام قەوانی ئەوەی فڵانە نووسەر کەم نووسە و جوانە و تایبەتە و بەرپرسیارە لەلایەن کەسانی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکە و کەسانی ئەکادیمیست و خوێنەرانەوە لێدەدرێتەوە.

       ئاسان نییە و سەختە نکوڵی لە توانای بەرزی کەسانێکی وەک (شێکسپیر، دۆستیۆفسکی، تۆڵستۆی، چێخەف، ئۆرھان پامۆک، ئەلیف شەفەک، شێرکۆ بێکەس، بەختیار عەلی، عەتا محمەد) بکەین، کەچی ھەریەکێکیشیان دەچنە خانەی ئەو نووسرانەی زۆریان نووسیووە و بەرھەمگەڵێکی بەرچاویان ھەیە، بەڵام ئایا دەکرێت بڵێن: نووسەرێکی وەک شێکسپیر تەنیا بە شانۆنامەی (ھاملێت) دەبووە ئەو نووسەرە گرنگەی ھەموو سەردەمەکان؟ یاخود دۆستیۆفسکی ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی بەس بوو تاکو ببێتە نووسەرێکی ھێند کاریگەر کە بەبێ خوێندنەوە ڕۆمانەکانی ئەو زەحمەتە لە ڕەھەندە قوڵەکانی مرۆڤ و تەنانەت خودی خۆشمان تێبگەین؟ کەواتە لە دونیای ئەدەبیدا کەم نین ئەو نووسەرانەی زۆریان نووسیوە و باشیشیان نووسیوە.

       ھاوکات ڕاستە کەسانێکیش کەمیان نووسیوە و لەبەرامبەردا نووسەرانی گرنگ و کاریگەرن، لەوانە(ڕامبۆ، ھارپەرلی، خوان ڕۆلفۆ، ئەحمەد ھەردی، محمەد عومەر عوسمان، ئازاد سوبحی) بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە ئەگەر بھاتبایەو بەرھەمی دیکەیان بنووسیبایە خراپ دەبوو، بەڵکو کەمترین نووسەر لە خەمی ئەوەدا پاش بەرھەمێک یاخود دووان ئیتر نانووسن و دووردەکەونەوە، بەڵکو دیسانەوە ساتەوەختی وازھێنان لە نووسینیش وەک خودی پڕۆسەی نووسین بابەتێکی خودییە، تەنیا نووسەرەکان خۆیان دەزانن چی وادەکات کە چیتر نەنووسن، واتە وەکچۆن نووسین کردەیەکی نھێنییە، وەھاش وازھێنانیش لە نووسین نھێنییەکی دیکەی نووسەرەکانە.

         ئەوە ئەوانی دیکەن ھەموو وازھێنانێکی نووسەران لە نووسین دەبەستنەوە بەوەی چیتر لە توانایدا نەما و چیتر پێی نەما و دەیزانی بنووسێت خراپ دەنووسێت ھتد...دەنای کردەکە لای نووسەران زۆرجار بابەتێکی دیکەیە، بەو نووسەرانەشەوە کە خۆیان دانی پێدادەنێن کە بەو ھۆیانەوە دەستبەرداری نووسین بوون، ھێشتا مەرج نییە بەو جۆرە بێت، بەڵام ئەوەی وادەکات ئەو درۆیە بکەن، پاراستنی نھێنییەکەیە.

       چیدەبوو ئەگەر شێکسپیر زیاتری لەوە بنووسیبایە، کێ دەڵێت ئێستا جیھان زیاتر لە (ماکبس و ئۆتێلۆ و خەونی نیوەشەوێکی چلەی ھاوین)ی نەدەبوو؟ ئەی چێخەن ئەگەر زیاتر لە (ڤانیا و باخی گێلاس و سێ خوشکەکە و تازیەبار و گۆرانی ماڵئاوایی) ئێستا جیھان لەو ئەفسوونەی دونیای (چێخەف)دا دەوڵەمەندتر نەدەبوو؟ یان لە داھاتوودا (بەختیار عەلی) بنووسێت کێ ناڵێت ڕۆمانگەلێکی دیکەی وەک (غەزەلنووس و کۆشکی باڵندە غەمگینەکان...) باشتر ناخاتە دونیاوە؟ بەھەمان شێوە ئەگەر (عەتا محمەد) زیاتر لە (گەشتە تیوارییەکانی میر بە تەنھاییدا و ھەنار و فریشتەی مەرگ و پاسەوانانی خودا...) بنووسێت دونیای ڕۆمانی ئێمە دوڵەمەندتر نابێت؟

     بریا زۆرینەی نووسەرانی کورد زۆریان نووسیبا، بەڵام باشیان بنووسیبایە.

         گرنگیشە تێبگەین ئەو دێڕەی سەرەوە ناکاتە ئەوەی ئەزموونی ئەوانەی کە کەمیان نووسیوە بە کەم بگرین، بەڵام کوا ھەموو ئەوانەی کەم دەنووسن (ئەحمەد ھەردی و محمەد عومەر عوسمان و ئازاد سوبحی)ن؟  بێگومان نەخێر، وەک دەبینین نووسەر ھەیە کەمیشی نووسیوە، بەڵام نووسینەکانی باش نین، وەکچۆن ھەشە زۆریشی نووسیوە و دیسانەوە ھەر باش نین، کەواتە لێرەوە تێدەگەین باشی و خراپی نووسەر پەیوەندی بە زۆری و کەمی نووسینەوە نییە، بەڵکو وەک گوتمان وابەستەیە بە لێھاتوویی و بەھرەمەندی و ئاستی داھبێنەرانەی نووسەرەوە.

       ھیچ شتێک دادی نووسەر نادات تالێنتی خۆی و گەڕان و مەشق و تێگەیشتنەکانی نەبێت، ئەوەی وادەکات نووسەرێکی باش بیت، سەرەتا تالێنی خودی خۆتە کە زۆر گرنگە، پاشان گەڕان و دۆزینەوەکان لە ڕێگەی بیستن و بینین و خوێندنەوەوە، بۆیەش دەمەوێت جەخت لە بابەتی تالێنت بکەمەوە، چونکە کەم نین ئەو کەسانەی زۆریش دەگەڕێن و دەبیستن و دەخوێننەوە، کەچی کە دێتە سەر نووسین باش نانووسن، وەک ئەوەی گەڕانەکانیان کاری خۆیان نەکردبێت و بردبێتیان بۆ ڕێگەیەکی ھەڵە، چەشنی ئەو نەخۆشەی کە ھەموو دەرمانەکانی دەخوات، بەڵام بە شێوازێکی ھەڵە، بۆیە نەخۆشییەکەی ھەر چاک نابێتەوە، بگرە زۆرجار خرابتریش دەبێت.
      یەکێک لەو شتانەی خۆشبەختانە بە پارە و سەروەت ناکڕدرێت بەھرەیە، لەکوێشدا مرۆڤ ویستبێتی بەھرە بکرێت وەک کاراکتەری ناو شانۆنامەکەی مۆلێر(بۆرژوای نەجیبزادە) دەبێتە کاراکتەرێکی قەشمەری وەھا کە ھەمووان لەگەڵ ئەوەی گاڵتەی پێدەکەن ھاوکات بەزەیشیان بە دۆخیدا دێتەوە.

        بەکورتی نووسینی باش لەسەر ئەوە نەوەستاوە کە نووسەرەکەی کەم دەنووسێت یاخود زۆر، بەڵکو پەیوەستە بەوەی چی دەنووسێت و چۆن دەینووسێت.


ڕیکلام