ژنی کێوی

  2020-08-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

سۆنی پاترسن
وەرگێران: پەریخان ئیسماعیل


ئەویان پارچە پارچە ، چەشنی ھەویری کاغەز
دەویست
شکاو، نەرم و بێ ئەڤین،
نزایەکی خنکاو.
ئەویان نزم دەویست.
و بەرز.
تەخت و بەرین.
پڕ بێت لە پوچی ئەوان.
ئەویان زیاتر بە وێنەی خۆیان دەویست.
بێ ئەوەی بزانن دووگیان بوونی ئەو
بێ گوناھانە بوو.
ئەو لە ئاوی ڕووبارێک بە بۆنی دارچین 
لە دایک بوو،
زمانێکی ھەنگوینی و شیرین وەکو مرواری،
ئەو پارویەکی گەورەتر لە زار بوو بۆ چاوچنۆکەکان.
تەنیا بەشێکی بچووک لە ئەو سەرتر
لە تاقەتی ئەوان بوو.
ئاە، ئەویان بێ دەنگ دەویست و بێ ئاکام.
بێ ڕۆح، نائەفریقایی، نا ڕەسەن،
لە گەمارۆی شەقامەکاندا.
سەری شۆڕ، سمتی بەرز، دەستەکانی لە بەندا
ئەژنۆکانی ئەویان بەستراو دەویست.
ئەیانویست بزانێ کە قەت دووبارە ناتوانێ
ئەوانی بوێت.
ئاە، ئەویان پیرۆز دەویست،
پیرۆزکراو لە خودایی خۆیدا،
نھێنیەکانی ئەویان دەویست،
مرواریەکانی بۆ گەمژەکان.
نھێنیەکانی شێوەی ئەویان ئاشکرا دەویست.
نوقمی شکۆ و شەیدای میھرەبانی ئەو بوون.
ئاە، ئەویان تەواو دەویست.
ئەویان یەک پارچە دەویست،
سەرەڕای کەمیان، نیوە دڵ و نیوە ڕۆح،
بێ ئاگا لە ماھیەتی بوونی.
ئاە، ئەگەر دەیانزانی.
ئەگەر ئەویان دەناسی،
سترانی ستایش لە ھەورەکانی چاویان دەباری،
تا ڕوانگەیان خاوێن بکاتەوە و
دڵیان بشواتەوە.
ھەر جارێک ئەویان دەبینی کڕنۆشیان دەبرد.
ھەر کاتێک ئەو لەو دەوروبەرە دەبوو
ئەبوون بە باشترینی خۆیان.
ئەگەر ئەویان دەناسی،
دەیانزانی کە ئەوە ڕاپەڕینی ئەوانی ڕاگرتووە
ژیانیان لەگەڵ خوێنی دەمارەکانیان ڕێی دەکرد
ئەگەر ئەویان دەناسی،
ئەو دەیزانی،
ھەستی دەکرد
کە جەستەی لە مەیدانی جەنگ زیاترە.
زیاترە لە شکانی ئێسک و
خوێنڕێژی ڕەگەزپەرستی.
زیاترە لە پردێک لەسەر ویژدانە
بە ئازارەکەتان.
زیاتر لە بەکارھاتویەک، بەسەردا ڕۆشتویەک 
لێخوڕاوێک، تەقە لێکراوێک.
زیاتر لە "سێلما، لۆرد، سێلما"ی 
ئێدموند پێتوس.
"زیاتر لە بکوژی "کاترینا دانزیجەر.
زیاتر لە دەرکردنیان لە باڵتیمۆر بە 
"ڕێگەی خێرا بۆ ھیچ شوێنێک"
ئەگەر ئەویان دەناسی،
دەیزانی.
گۆرانی
ئافرەتە کێویەکان،
ئافرەتە کێویەکان لەگەڵ گامێشی کێوی دەڕۆن.
زمانیان ڕێنیشاندەریانە،
گەسکی فڕیو وەک چەکیان.
ئافرەتە کیویەکان، لەگەڵ تەوراسەکان دەڕۆن.
لەگەڵ زانایی، لەگەڵ شکۆ، لەگەڵ سانایی.
ئافرەتە کێویەکان گەردەلول لەناو سکیانە،
بە لافاو حیکمەت ئازاد دەکەن.
ئاە، ئافرەتە کێویەکان، بە ئازادی دەفڕن.
سەیری ڕێگەیان بکەن چۆن دەدڕێن و
پارچە دەبن.
ئاە، کێ دەتوانێت لێی تێ بگات،
ئەم ئافرەتەی ھاوچەشنی ڕوباری نایجەرە
کە لە کشانەوە سڵ ناکاتەوە
تەنیا دەخولێتەوە و دەبێتە با.
ئەوەی بە زمانی شنەی با و زریان قسە دەکات
دەمانگەڕێنێتەوە ئاستی بەرز، 
ویژدانی بە ئاگا،
دەخولێتەوە و جیھان لەگەڵی دەخولێتەوە.
ھەست بە خولانەوەی بکەن،
کە چەندین ژیان درێژ دەبێتەوە.
گوێتان لە قسەکردنیەتی، 
بڵێسەیەکی وریاکەرەوە.
سەماکردنی ببینن، بانگی مردوو دەکات،
زیندوو دەبێتەوە ژیانێکی نوێ.
بەھەشت تەقەی لە دەرگادانی دەبیستێت،
سەلامەتی ئەوانە دەگوازێتەوە
کە داوای یارمەتی دانی دەکەن.
ئافرەتە کێویەکان، دەرگاکانی جیھانە 
نوێیەکان دەکەنەوە،
ئاخاوتنی نوێ، خەونی نوێ.
ئاە، ئازیزەکان،
ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاسپێردراو جیابونەتەوە،
ئاگادار بن.
کە ئافرەتە کێویەکان ماڵی ناکرێن.
تەنیا سەرنج ڕادەکێشن.
دەرگاکانتانی بۆ بکەنەوەو شایەدی
بە جۆشی ڕۆژەکانتان بن.


لەم لینکە چاو لە تێکستە ئینگلیزیەکە و پێشکەشکردنی تێکستەکە لە لایەن شاعیرەوە بکە:

https://www.ted.com/talks/sunni_patterson_wild_women/transcript


ڕیکلام