رێگە نەدرا دەمیرتاش لە پەنجەرەشەوە کچەکانی ببینێت

  2020-09-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبیانوی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپرسانی زیندانی ئەدێرنە رێگەیان نەدا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کچەکانی ببینێت.

باشاک دەمیرتاش هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند بەرپرسانی زیندانەکە رێگریان کردوە لەوەی سەڵاحەدین هەردووکچەکەی (دڵدا و دەلال) ببینێت.

باشاک دەمیرتاش ڕاشیگەیاند هەموو رێکارەکانی خۆپارێزی لە زیندانەکان گیراوەتە بەر و یەکتر بینینی نێوان زیندان و کەسوکاریان لە پشتی پەنجەرەوە ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێگە نەدرا خۆم و کچەکانم لە پشتی پەنجەرەشەوە دەمیرتاش ببینین.

باشاک دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکرد ئەم رێگریە لەکاتێکدایە لەلایەن دەسەڵاتەوە چەندین کۆبونەوە و گردبونەوەی جەماوەی گەورە ئەنجامدەدرێت و کرێکاران ناچار دەکرێن کە لە کارگەکاندا کار بکەن، ئەی ئەوانە بۆ نابنە مەترسی.

هاوسەرەکەی دەمیرتاش ئاشکراشیکرد لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا تەنها یەکجار رێگەدراوە سەڵاحەدین منداڵەکانی ببینێت.

ئەوە لەکاتێکدایە زیاتر لە سێ ساڵە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەستگیرکراوە و هەموو جارێکیش بە زحمەت رێگەدەدرێت کەسوکارەکەی بیبینن.


ڕیکلام