ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هیچ بڕیارێک لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لە سنووری پارێزگاکەدا لەئارادانییە .
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ماوەیەکە هەندێک کەس و لایەن، بەقوستنەوەی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دووچاری هاتووین، دەیانەوێت لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی بێبنەما سەبارەت بە قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لەسنووری پارێزگای هەولێر، نرخی کەلوپەل و خۆراک و کاڵاکان لەسەر هاوڵاتیان زیادبکەن .
جەختی لەوەشکردوە، هاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە، هیچ بڕیارێک لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی لەسنووری پارێزگای هەولێر لەئارادانییە و هەموو ئەو دەنگ و قسە و باسانەشی کە هەیە، پڕوپاگەندەی خەڵکانێکە دەیانەوێت بەو هۆییەوە نرخی کەلوپەل و خۆراک و کاڵاکان لە مارکێت و بازاڕەکان لەسەر هاوڵاتیان گران بکەن .
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، لەڕێگەی تیمەکانی چاوێری بازاڕ زۆر بەوردی چاودێری و کۆنتڕۆڵی نرخی کەلوپەل و پێداویستی و خۆراکیان کردووە و هەرکەس و لایەنێک لە سنووری پارێزگای هەولێر نرخ لەسەر هاوڵاتیان زیاد بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەکەنەوە.