بیرەوەری لەگەڵ د. مارف خەزنەداردا

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەباح ڕەنجدەر

خۆم له پێشهكی پاراستووه، چونكه پیمه: (ڕامانی سهرهكی) نووسین دهكوژێ و ڕهزامهندی خوێنهری نموونهیی وهرناگرێت، ناشبێته ڕووداو له نووسیندا.

حوزەیرانی 1988 نامیلكەی (زێوان)م چاپ كرد، دانەیەكم پێشكێش بە: (ئیسماعیل بەرزنجی) كرد، گوتی: دوو دانەی تریشم بدەرێ، یەك بۆ كتێبخانەی: (محەمەد مەولوود مەم) و ئەوی تر بۆ: (دكتۆر مارف خەزنەدار).

پێشتر: (محەمەد مەولوود مەم)م بەهۆی: (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف)ەوە دەناسی و پیاسەی دوورودرێژمان لە شەقامەكانی ههولێر كردبوو، لە گازینۆی: (شەوانی هەولێر)یش چەند جارێك بە سێ قۆڵی دانیشتبووین و چەند جارێكیش لەماڵەوە نان و نمەكمان كردبوو، (دكتۆر ئازاد حەمە شەریف) لە ژمارە (183)ی ساڵی 2004 لە گۆڤاری (كاروان)، بابەتێكی نووسیوە بەسەرناوی: (چۆن مەمم ناسی) باسی ئەو دانیشتنانە دەكات و بۆچوونی مەمیشی لەبارەی منەوە هێناوەتەوە و دەڵێت: (هەر لەو دانیشتنەدا گفتوگۆیەك دەربارەی چیرۆكی (دۆزینەوە) لە نێوان كاك (سەباح ڕەنجدەر) و (مەم) دروست بوو، كاك سەباح بە وردی پرسیاری لەسەر چیرۆكەكە لە (مەم) كرد و باسی لە لایەنی بەهێز و كاریگەری چیرۆكەكەی.

(مەم)ی كرد. (مەم)یش لە كاك (سەباح)ی پرسی: (تەمەنت چەندە). ئەویش گوتی: (نۆزدە ساڵ). (مەم) پێی گوت: (تەمەنی ڕۆشنبیریت پێش تەمەنت كەوتووە و ئومێدی زۆرم بە لاوی وەكو ئێوە هەیە باری ئەدەبیمان بەرەو داهێنان ببەن).

لەو چل و ئهوهنده ساڵەی تێكەڵ بە ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی بوویمە، پیاوی ئاوا لەخۆبووردووی وەك: (محەمەد مەولوود مەم) و (عەبدوڵڵا سەڕاج)م نەناسیوە، بەو شێوە پاكه و له دڵ و گیانهوه پاڵپشتی بەهرە و لێهاتوویی لاوان بكەن و دڵ و گیانیان بە داهێنانیان خۆش بێت و پێكهاتەیەكبن لە ویست، جۆر و نموونەن.

دوای چەند ڕۆژێك لەگەڵ: (ئیسماعیل بەرزنجی) ڕێكەوتی یەكمان كرد و گوتی: (دكتۆر مارف خەزنەدار) پێی خۆشه بتبینێت، ناونیشانی ماڵەكەی دامێ، ئەوسا هەولێر شارێكی وهك ئێستا قژ ئاڵۆز نەبوو، بە ئاسانی شوێنە دەستنیشانكراوەكان دەدۆزرانەوە. 

عەسرانێك زۆر بە شەرمەوە بەرەو ماڵیان بەڕێ كەوتم، دەرگای حەوشەیان كرابووەوە. بەرانبەر دەرگا لەبەر هەیوانەكەی لەسەر ئەسكەمیلێكی تەختە دانیشتبوو، لبادێكی سپی نەخش قاوەیی، لەسەری ڕاخرا بوو، كۆمەڵێك گوڵدان لە دەوروبەری داندرابوون، دیاربوو تازە ئاودرابوون، لەگەڵ شەربەیەك، كە تافتەیەكی سپی بەسەر دەمی شەربەكەدا دادرابوو، ژێرەوەشی لەناو بارستێك قومی تەڕ دابوو، پیاوێكی پرچ و سەر و سمێڵ، ڕەش زیاتر لە سپی، شكۆدارانە فەرمووی لێ كردم. كتێبێكی بەدەستەوە بوو، بە قەڵەمی سوور هێڵی بە ژێر چەند بڕگەیەكی دادەهێنا. كتێبەكە هی: (حوسێن مەردان) بوو. بەناونیشانی: (اڵازهار تورق داخل الصاعقە). دوای بەخێرهاتن و یەكترناسین. گوتی: (چاو و دڵم بە بەهرە و لێهاتوویی لاوان ڕوون و گهرمه). پێشتریش شاعیرانی لاوی هەولێر بەردەوام سەردانیان كردووم. وەك: (جەمیل ڕەنجبەر و عەبدوڵڵا پەشێو) و زۆرانی تریش.

دیار بوو (زێوان)ی خوێندبووەوە، چەند پارچە كاغەزێكی باریكیشی بڕیبوو لە نێوان لاپەڕەكانی دانابوو، گوتی: لهدایكبوونی شاعیرێكی داهێنهری تێدا بهدی دهكهم، برهو به نوێخوازی شیعری كوردیی بدات. نوێخوازیش جووڵێنەر و دیارینەكراوە، هەڵوێست و بۆچوون و كرانەوەی خۆتە،  هەرچی ڕێنمایییەكی لەو دانیشتنەدا كردم. دواتر بەپێی هەڵكشانی ئەزموون، هەمووی لە كات و شوێن و جێی خۆیدا ڕاست دەرچوون.

من لەسەر بەرگی زێوان نووسیبووم (چامە). ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو بۆ من. گوتی: زێوان چامە نییە. (ڕۆمانە شیعر)ـە، هەرچی شتێك لە هەقیقەتەوە بیڵێی زەرەرت پێناگەیەنێ. لە كەم ئەزموونی و ڕۆشنبیریی ساكارم، یەكەم جار بوو دەستەواژەی ڕۆمانە شیعرم گوێ لێ بێت و ببیستم. ئەو كات من چەند ڕۆمانێكی كوردی و چەند ڕۆمانێكی وەرگێڕدراوم بۆ كوردی خوێندبووەوه. دیارترینیان (شار)ی حوسێن عارف و (براكوژی) نیكۆس كازانتزاكی بوو، عەبدولكەریم شێخانی به كوردییهك، كه خولیاكانی زمانی دههێنادی و خهیاڵمی هێنادی، كردبووی بە كوردی. 

ساڵی 2012 دكتۆر عەبدوڵڵا ڕەحمان كتێبێكی بەناونیشانی: (ڕۆمانە شیعر: مێژوو و سەرهەڵدان) چاپ كرد. لەم كتێبەدا (زێوان) بە یەكەم ڕۆمانە شیعری كوردی دەستنیشان كراوە.

كە لەلای هەستام و بڕۆم تا دەرگای حەوشە لەگەڵم هات و خانەدانانە بەڕێی كردم و گوتی: (دیاربە و قەتیش لە دەرگا مەدە). دوای ماوەیەكی كورت ئەو ماڵە بووە ماڵە باوك و تا كۆچی دوایی بەردەوام هاتوچووم كردووە. زووش گوتی: تۆ دووەم ئەدیبی دەبیتە كوڕی ماڵ. یەكەم كوڕی ماڵ: (دڵشاد مەریوانی)یە. ئەو كات شەهید نەكرابوو. گوتیشی: هەر كتێبێكت پێویست لە كتێبخانەكەمدا، به بێ دیاریكردنی كات بیبه و پرسم پێ مەكە. بەس دوای گەڕانەوەی لە شوێنی خۆی دایبنێوە و جێگۆڕكێی پێ مەكە. بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ لەو ماڵەدا هەموو چوارشەممان كۆڕی ئەدەبی دەبەسترا. چا و قاوە و خۆشاو و میوە و جۆرەها شیرنەمەنیش ئامادە و پێشكێش دەكرا.

دوای خوێندنەوەی بابەتەكە ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی پێشكێشكراو دەكرد. یەك لەو چوارشەمموانە بەخت یارم بوو، بێ ئەوەی بۆچوونی من وەربگرێت، دوای كۆڕەكە گوتی: چوارشەممەی داهاتوو سەباح دەقێك دەخوێنێتەوە. بۆ هەموو كۆڕەكانی داهاتوو، لەدوای كۆڕەكان دەیپرسی چوارشەممەی داهاتوو نۆرەی كێیە و كێ ئامادهیه، ئامادەیی ئەدیبەكەی وەردەگرت، بەڵام ئامادەیی منی وەرنەگرت و یەكسەر ڕایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو فڵانە.

لە بەرگی حەفتەمی: (ڕۆژگاری من - 2014) لە لاپەڕەی (212) ئاماژەی بەم كۆڕەی من داوە، لەدوای خوێندنەوەكە: (محەمەد موكری و سەڵاح شوان و فیكرەت عزەت) گفتوگۆیان لەبارەی شیعرەكەمەوە كرد، بۆچوونەكانی سەڵاح شوان لەبارەی زمان و شیعرییهت  و شێواز له شیعری درێژدا كامڵ و پێوانەیی و فرە زانیاری بوون. نەك بۆ من، بەڵكو بۆ تەواوی ئامادەبووان.

هەر لەو ماڵەدا چەند ئەدیبێكم ناسی. وەكو باوكێكیش هەمیشە ڕێنمایی ئەدەبی و ژیانی كردووم و سوودمەند بوویمە لە ڕێنمایییەكانی. بەشێك لە ئەدەبی كلاسیكیم  به چاوڕوونی ئهو و لە ڕێگای كتێبخانهی ئەوەوە ناسی.

لە ناوەڕاستی نەوەدەكان، كە گەمارۆیەكی كوشندە و پەلوپۆشكێن لەسەر خەڵكی كوردستان هەبوو، خواردنی باش لە هەموو ماڵێك دەست نەدەكەوت. ڕۆژێك میوانداری: (پیرباڵ مەحموود) و منی كرد. خوانێكی شاهانە خەمڵابوو. من كە خواردنەكەم بینی پێم نەخورا و هاوسەر و منداڵەكانم هاتنە پێش چاوم. وەك ئەوەی هەستی شەشەمی كاری كردبێت و پێی گوتبێت میوانەكەت لەم حاڵ و بارە لاسەنگەدایە. لەسەر خوانەكە هەستا و دوای ماوەیەكی كورت هاتەوە گوتی: سەباح بە بنیادی بۆ ماڵەوەم نارد. ئەوەی لەسەر خوانەكە بوو، بە زیادەوە بۆ منداڵەكانمی ناردبوو.

دوای نان و چا و قاوە. دیوانی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی هێنا و گوتی: هەر یەكەمان شیعرێكی ئەو شاعیرە بلیمەتە بخوێنینەوە، پاشتریش گفتوگۆی لەبارەوە دەكەین. پێش ئەوەی ئێمە بچین، دیاربوو شیعرەكانی دهستنیشان كردبوو. بەوە زانیم لە نێوان هەر شیعرێكدا پارچە كاغەزێكی سپی دانابوو، خۆی شیعری: (سلێمانی)، پیرباڵ مەحموود شیعری: (بێخودی شاعیر). منیش شیعری (شێخ مەحموودی زیندوو).

بە پیرباڵی گوت: تۆ ئیلقات نەرم و بەهێزە، بەڵام ئەو شیعرەت لهنگ خوێندەوە. ڕای لە خوێندنەوەكەی منیش نەبوو، هەستم كرد ڕێكخستنی ئەم دانیشتنەی بۆ ئەوە بوو توانایی دیلان بە من ئاشنا بكات. هەر لەم دانیشتنەدا بە باشی لەبارەی ئەزموونی: (ئهحمهد تاقانه و ئەنوەر قادر محەمەد و فەرهاد شاكەلی) دوا، وەك شاعیر و وەك لێكۆڵەر.

بۆ نووسینی: (مێژووی ئەدەبی كوردی)یهكهی داوای هەر دوو بەرگی چیرۆكەكانی: (محەمەد مەولوود مەم)ی لێ كردم. گوتیشی خۆم هەمە، بەڵام قوتابییەك بۆ كاری زانستی بردوونی و نەیگەڕاندووەتەوە. ڕێكەوتنەكەمان دەكەوتە 15/1/2001. ئەم ڕێكەوتە منداڵێكمان خودا بەخشی. بەو هۆیەوە لە بەڵێنەكەم دوا كەوتم. 18/1/2001 كتێبەكانم بۆ برد. پێش ئەوەی بەخێرهاتنم بكات و كتێبەكانم لێ وەرگرێت. گوتی: تۆ بیركردنەوە و هەڵكەوتی ئەوروپییانەت هەیە و زۆر پابەندی بە قسە و بڕیاری خۆت، بۆ دوا كەوتی. منیش واقیعەكەم پێگوت و گوتم لەدوای سێ كیژان، كوڕێكمان لە دایك بوو، ئەمەیە هۆی دواكەوتنەكەم. بزەیەكی شادمانی لە دەموچاوی گەڕا و پیرۆزبایی و سوپاسی خودای كرد، برادەرە هەڵبژاردراوەكەی كەسێكی كەمتەرخەم نییە. هەمان كات دایە (سەعدییە) سێ پاكەت شیرینی لە سوپەر ماركێتەكەی نزیك ماڵیان كڕی و گوتی: لەجیاتی من لە كۆڵانی خۆتان، خۆت بەسەر منداڵانی دابەش بكە. ئەمە كوڕەزای منە. خەزنەداریش گوتی: باجی دواكەوتنەكەت ئەوەیە، من ناوی لێ دەنێم، لهگهڵ ئهوهش بۆچوونی خۆی زاڵ نهكرد، ڕهزامهندی من و هاوسهرهكهمی وهرگرت، ئینجا ناوی نا (یاد)، ئێستا تهمهنی ههژده ساڵه و حهزی له فڕۆكهوانییه.

*          *       *
لە ژمارە (43)ی 18/9/1997 لە (برایەتی پاشكۆی ئەدەبی)، عەرزوحاڵنووسێكی ڕاهێندراو و بهنازپهروهردهكراو به شهكر و شیر بۆ پهلامار و كاری تایبهت و دهستنیشانكراو. نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (زەقبوونەوەی خود لەناو وەهمێكدا). له لایهن ئهو و برادهرانی تریهوه،  زیاتر پازدە نووسینی بەكوردی و عەرەبی بەدوا داهات، دەستەوایی و ڕێكەوتنێك لە نێوانیان كلكی لێك گرێدابوون، لەم نووسینانەدا سەد و حەفتا و دوو قسەی ناقۆڵا و ناشایستەیان پێگوتم. یەك لەو برادەرانە خەسڵەتی مرۆڤیشی لێ ستاندبوومەوە وەك: (ئاژەڵ) دەستنیشانی كردبووم. منیش لە ژیانی ئەدەبیم ڕێكەوتی لەوە دڵخۆشترم ڕووبەڕوو نەبووەتەوە. ئاستی لەم جۆرە و نزیك لەم جۆرە، بهرههمی منیان بەدڵ نەبێت. ئێستاش ئەگەر لە شەقام ڕێكەوتی ئەو برادەرە بكەم بێ ویستی خۆم، لە هێزی ئەدەبی بێگەردەوە خەندەیەكی ڕهزامهندی دەمگرێت و تا ئهوپهڕی دڵخۆش دەبم، خۆشییهكه هیچ خۆشییهك پێی ناگات، دهبێ سوپاسی خودا و ههر سهد و چل و چوار ههزار پێغهمبهر بكهم. ئەم عەرزوحاڵنووس و ئاستە بازاڕییانە بهرههمی منیان بەدڵ نەبێت، خۆ ئهگهر بهرههمی منیان به دڵ بێت، دهبێ گومان له توانایی ئهدهبی خۆم بكەم.

ئەم ئاماژەیەم تەنیا بۆ ئەوەدا، دوای ئەوەی قوڕولیتەی ئەم گەلەكۆمەكییە نیشتەوە، 11/11/1997 خەزنەدار تەلەفۆنی بۆ كردم، نیوەڕۆ وەرە لای من نانێك به یهكهوه بخۆین. كە چووم دوو قوتابی قۆناغی دكتۆرای لا بوون وانهی پێ دهگوتن، ناویان: (محەمەد) و (شنۆ) بوو، ئهوانیش له خوانهكهدا بهشداربوون، هەموو ئەو ڕۆژنامانەی لەسەر یەك كهڵهكه كردبوون، كە نووسینەكانی تێدا بڵاوكرابوونەوە. بە زمانێك، زمانی فەرمان گوتی: پێڵاوهكانت له پێ مهكهرهوه و بڕۆرە سەریان و بەرز ڕاوەستە، منیش زەردەخەنەیەكی شەرمنم بۆ كرد و گوتم، ببوورە، گوتی: ئاخر هەمووی گێرهشێوێنی ئهدهبی و بهدگۆیی و قسهههڵبهستن و تانە و جوێنن بۆ تۆ و ئەدەبی تۆ. گوتم: لەپاڵ بهدگۆیی و قسهههڵبهستن و تانە و جوێنەكانی ئەوان، بابەتی نووسەرانی تری تێدا بڵاوكراوەتەوە به شكۆوه باسی ئەدەبی كوردی دەكەن. یەكپێ لە شوێنی خۆی هەستایەوە و دەستی لەسەر شانم دانا. گوتی ئاوا بە گەورەیی لە ئەدەب گەیشتووی و ڕوونبین و لێبووردەی، بۆیە ئەو بێ (سهرهتا و كۆتایی)یانه ئاوا تووشی هیستریا بوونە.

لەناو كتێبخانەكەیدا لەگەڵ كتێب، كەلوپەلی بەنرخ و دەگمەنی دانابوون. كووپێكی چای پێشكێش كردم، كە لە ڕووسیا لەگەڵ خۆی هێنابوویەوە و وێنەی پووشكینی لە قەدی نەخش كرابوو، زیاتر لە چل ساڵ بوو پاراستبووی، گوتی: ئەمەش یەكێكە لە ئازاردراوەكانی سەر زەوی و تۆش بەهێزبە تا دەكوژرێی و ئازادانه به دوای خهونهكانتدا بڕۆ. 

پێش ئەوەی ئەم دانیشتنە ڕێكبخات پەیوەندی بە سەرنووسەر: (فەرهاد عەونی) و جێگری سەرنووسەر: (زاهیر ڕۆژبیانی) كردبوو، ئەوانیش پاكانەی خۆیان واكردبوو، گوتووبیان: (پێڕاگەیان) و (ڕاسپاردە)ی تایبەتمان بۆ هاتووە ناتوانین بڵاوی نەكەینەوە. دەنا (ڕێكخەر و ئامادەكار و نووسەرەوە)ی ئەم بابەتە دەڵێی دەرچووی خولی ڕاهێنانی گوللەبارانكردنی مرۆڤە،  دابی ڕەخنە و گفتوگۆی تێدا نییە.

من خۆم ناسیوه و خۆم دۆزیوەتەوه، مرۆڤ كه بڕوای هەبوو. هەرچی بڕوایەك بێت. خۆی دەناسێت و خۆی دهدۆزێتهوه. من بڕوام به شیعری پاراو و بێگەرد هێناوه. بڕوا وات لێدەكات بزانی له شوێنەكاندا له كوێی و كامه (خۆت)ی.
پاش ماوەیەك كۆشیعری: (ڕووەكەكانی خواوەند)م چاپ كرد. دانەیەكم پێشكێش كرد. تەماشایەكی ورد و هەڵگێڕ و وەرگێڕی كرد و گوتی: شیعرەكان حهزی مرۆڤیان تێدایه و كاریگهرن. چەتری شێوازی ئەفسوونكاری بەسەر خوێنەرانیان هەڵدەدەن و بهرهو قووڵایییان دەبەن. تۆ شهرم له جیهانی شیعری خۆت دهكهی، بەڵام چاپەكەی زۆر سادە و سهرهتایییه و خوێنهر هان نادات بۆ خوێندنەوهی.

دوای ماوەیەك نووسینێكی نووسی بەناونیشانی: (خەونی خودایی لە كۆشیعری ڕووەكەكانی خواوەند) دا، لە ژمارە (45)ی 5/3/2000ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوی كردەوە. لەگەڵ شیعری نوێ كۆك نەبوو، لە گۆڤاری (ڕامان)، ژمارە (148)ی 5/9/2009 بابەتێكی نووسیوە بەناونیشانی: (هەندێ بیرەوەری ڕۆژنامەگەری و من و ڕامان) دان بەوە دادەنێ ناوەندی ڕۆشنبیری كوردی چاوەڕوانی ئەوەیان لێ نەكردووە لەبارەی شیعری نوێوە بنووسێت، چونكە تایبەتمەندە لە شیعری كلاسیكی. لە وتارەكەیدا نووسیویەتی: (بەمجۆرە ئەو پارچە شیعرەی (سەباح ڕەنجدەر) كەوتە ناو ئەو چەند شیعرەی لاوانی سەردەم نووسیویانە و شیعرەكەم بەدڵ بوو).

*          *          *
سێزدە ساڵ و هەشت مانگ و یازدە ڕۆژ لە گۆڤاری (ڕامان)دا كارم كردووە. لە ژمارە (3) تا (153)، ئەو كاتەی كاركردنەم چ وەك تەمەن و چ وەك توانایی ئەدەبی دەبێتە قۆناغی گەشەی تەمەن و ئەدەب. یاداشتی ئەم ماوەیەم به پڕی نووسیوە و لە نامیلكەیەكی سەربەخۆدا چاپی دەكەم. (ئازاد عەبدولواحید) سەرنووسەری گۆڤارەكە بوو، بەیانی: 10/10/2008 سهرێكی كێشا ژوورەكەم و گوتی: وەرە قاوەیەكم لەگەڵدا بخۆرەوە. من ئەو پیاوەم قەت ئاوا بریندار و ههناسه توند نەبینیبوو. دەموچاوی تەواو نائاسایی بوو، لەناخەوە هەژا بوو، هەستی بە پیلان و غەدرێك لە من كردبوو. نموونەی داهێنەرانی بۆ دەهێنامەوە چ تۆڕ و داوێكیان بۆ داندراوەتەوە، نموونەی: (بهدر شاكر سەییاب)ی دەهێنایەوە و دڵیشی نەدەهێنا بابەتەكەم بۆ باس بكات. بەردەوامیش دووبارەی دەكردەوە تۆ شاعیرێكی: (وتو وریای). گوتم چی بووە پێم بڵێ خۆ پلانی كوشتن نییە. بڕێك ڕوون بووە و زانی لەسەرخۆم و بەسەرخۆم زاڵم و له هێزی چاوهكانمدا خاوهنی بڕوا و ئهوهم، كه گوتیتم. گوتی: ئەوەیان كوشتنی توانست و ڕۆحە. كۆمەڵێك كاغەزیشی لەسەر مێزەكەی دانا بوو، بۆ من دەدوا و تەماشایەكی كاغەزەكانی دەكرد و دەستی ناڕەزایی لەسەر دادەنان. بە چاوێك سەیری منی دەكرد، وەك ببینێ پەرداخێك ژەهرم بۆ ئامادە كرابێت و ئەو ڕێگری بكات نەهێڵێ بیخۆمەوە، یان دهرخواردم بدرێ. گوتی: مرۆڤێك، لەوانەیە برادەریشت بووبێت، زۆركارا و كارامەیە لە كۆمپیوتەر و ئیمێل دروستكردن. بە هەشت ناوی جیا جیای نووسەرانی  ناسراو ئیمێلی دروست كردووە و جوێن بە خۆت و ماڵ و منداڵت دەدا و بۆ ئیمێلی گۆڤاری ڕامانی ناردووە، وای كردووە من بیبینم. گوتم: بمدەرێ با بیانخوێنمەوە. گوتی: دڵم نایە نەك خودا نەخواستە جەڵتەی دڵ لێت بدا. گوتیشی هەموو ڕاپۆرتهكانم لەبەریەكدا ڕاگرتووە، وەك ڕێنووس و شێواز و وشه و فهرههنگ و زاراوه یەك كەس، كهسێكی كرچوكاڵ و كۆیله و كڵۆڵه له ئهدهب نووسیویەتی: خودایە دەبێ من چی بم و چیم كردبێت. مرۆڤێك، ڕهنگه ڕۆژگارێك برادەر و هاوكاریشم بوو بێت، ڕێ بە خۆی بدا بە هەشت ئیمێلی جیا جیا جوێنم پێ بدا و بوختانم بۆ هەڵبەستێ. لە كاتێكدا لە ژیانی خۆم نەك خراپەم لەگەڵ مرۆڤێك نەكردووە، بەڵكو كشەم لە مێشێكیش نەكردووە، بهبێ دوودڵی ههمیشهش ڕێزی نووسینی باشم گرتووه و ستایشم كردووه، تا سۆما له چاوانیشمدا حوكمی مابێت لهسهر ئهم قهناعهتهم بهردهوام دهبم.

ئاخۆ دەبێ چی ڕقی ئەو مرۆڤەی لەو پلەیەدا كوڵاندبێت، یان چ ڕێوییهك بێت به ناوی نووسهرانی ناسراو ئاژاوه و گێرهشێوێنی بنێتهوه، تا من لهگهڵ نووسهرهكان دووچاری گرفت و مهودای گرژبوون لە نێوانمان دروست بكات. كۆیلەیی لە ناوەوە كلۆری كردووە، خودایە یارمەتی بدە تا ئازاری كەسێكی تر نەدات. ئەنجام دوای چەند ساڵێك پێم زانی عەرزوحاڵنووسێكی بازاڕییە، به  خۆی بهههشتی داهێنانی نییه. له بهههشتی داهێنانی ئهوانی تردا دهژی. بە واتایەكی دی، خۆی بۆ خۆی بوونی داهێنانی ئەدەبی نییە. تەنیا لە بوونی ئەدەبیدا ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە، (پەلاماری داهێنەرێكی داوە.) دوای دهست و دهم به ههرمیشك خووساندن و بێ شهرم ئامادهكراو، بە چاوڕوونی برادەرێكی (شاعیر)م، كە من لە ژمارە (32)ی گۆڤاری (ڕامان)ی 5/2/1999 لە مێزگردێكدا بە ناونیشانی: (كێشەی تێگەیشتن و تێنەگەیشتن لە ئەدەب و هونەردا). بە شاعیری خاوەن ڕوئیا ناوم بردووە. نامەیەكی كراوەم بۆ ئەو برادەرە شاعیرەم نووسیوە و لە نامەكەدا بەدار و بار و دەرزی و دروومانتر بۆچوونی خۆم دەربڕیوە و لە بنی هەمبانەكەم داوە. پێش ئەوەی بڵاویشی بكەمەوە دەیدەم بە خۆی. 

له پهرهگرافێكی نامهكهدا نووسیومه: (ئهدهبی پاراو و بێگهرد به سروشتی خۆی دوژمنی دیكتاتۆرانه و ڕهنگ و ڕوخسار و كرۆكی واقیع دهستكاری دهكات، بهڵام له توانایدا نییه بیگۆڕێت، بهڵام دهتوانێت ڕك و كینهی ئازیزان وهرگێڕێت بۆ خۆشهویستی، ئهگهر ویستت ئازیزان ببینی، ههموو برینهكانت بكولێنهوه، ئهوجا چاوی بینینت پاراوكه).

دەمزانی خەزنەدار كاریگەری بەسەر ئازاد عەبدولواحیدەوە هەیە و ڕێزی داوای یەكتری دەگرن. چوومە لای و بابەتەكەم تێگەیاند، بەڵكو ڕاپۆرتهكانم بۆ وەربگرێت. به له خۆڕازیبوونێكی پڕ بڕوا و جۆرە تەوسێكەوە گوتی: بەناوی خواستراوەوە جوێنیان پێ داوی، گوتم بەڵێ. گوتی: هەر یەك ناوی خواستراو بۆ كاری ناڕەوا بەكاربهێنێت، (نامەردە). نامەردیش خاوەن ڕەئی نییە، بۆیە داوایهكەت جێبەجێ ناكەم. گوتیشی داهێنەر هەڵۆیە، هەڵۆش تەماشای ڕێگا درێژەكان دەكات و ڕێبواران دەپارێزێ. هەڵۆیانی ڕێگای درێژی ئەدەبی كوردیش تۆ دەپارێزن. 

*          *          *
(دكتۆر لەتیف محەمەد حەسەن) شیعری: (سروودی باران)ی بەدر شاكر سەییابی وەرگێڕا بوو، لە ژمارە (93)ی گۆڤاری كاروان، ئاداری 1992 بڵاوی كردبووەوە. زۆر سەرسام بووم بە شیعرەكە و وەرگێڕانە بێ گرێ و گۆڵەكەی و شیعرییهتی تێدا ڕسكاندووه و دنیابینیی شاعیری تێدا كامڵە. باسی ئەم وەرگێڕانەم بۆ كرد، كە چۆن خەیاڵی جووڵاندم و دەقە عەرەبییەكەی بە چییەتی خۆیەوە بەستاوەتەوە. ئەویش بە دوورودرێژی تێكەڵاوبوون و ڕۆژگاری خۆی لەگەڵ سەییاب زۆر بەتاسە و لەدڵەوە گێڕایەوە. گوتم: ئەو زانیارییانە بۆ خوێنەری كورد زۆر گرینگ و پێویست و خولگە و مەبەستە، پێشنیاز دهكهم  بیاننووسیت. گوتی: لە سەردانی داهاتووت شتێك دەبینیت. كردی بە بیركردنەوەی خۆی و به شێوازێكی پڕ زانیاری، درێژه به بنهماكانی برادهرایهتی دهدا و بابەتێكی نووسی بەناونیشانی: (من و گۆران و سەییاب). لە ژمارە (53)ی 5/11/2000ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.


*          *       *

22/11/2001 لە گفتوگۆیەكدا باسی: (محەمەد ساڵح دیلان)ی كرد، كە خاوەن تیۆری شیعرییە، هەم داوام لێ كرد ئەم هەست بە تیۆرە و بیركردنەوە وەك نووسینێك تۆمار بكات و ئەندازەی تیۆرەكە بە پێودانگی ئهندازیاریی بگەیەنێت. تێگەیشتنی خۆی بۆ تیۆرەكە كرد بە بابەتێك بەناونیشانی: (شیعر). لە ژمارە (79)ی 5/1/2002ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە.

*          *       *

17/8/1999(حوسێن عارف و خانم)ی خێزانی میوانی بوون، لە گفتوگۆیەكان دیار بوو، بۆ چەند ڕۆژێك دەمانەوە. باسی چیرۆك، بابەتی دانیشتنەكە بوو. منیش لێم پرسی خۆ تۆ لە قۆناغی خۆت چیرۆكنووسێكی باشی، بۆ لە لێكۆڵینەوەی چیرۆكی كوردی وەك پێویست باست ناكرێ. گوتی: لایەنی لێكۆڵینەوەم غەدری لە چیرۆكنووسیم كردووە. ئەگەر ئەوەندە بایەخم بە نووسینی لێكۆڵینەوەی زانستی نەدابوایە. ئەوە وەك چیرۆكنووس، ڕهنگه چیرۆكنووسێكی باشیش باس دەكرام. گوتم: بۆ ئەم غەدر لەخۆكردنەت وەك بابەتێك نانووسی بۆ خوێنهرانی ڕوون بكهیتهوه، بابهتێكی نووسی بەناونیشانی: (من و چیرۆكی كوردی). لە ژمارە (41)ی 5/11/1999ی گۆڤاری ڕامان بڵاوكرایەوە. 

*          *       *

6/8/2006 لە ماڵی خەزنەدار (دكتۆر دڵشاد عەلی) سەرنجی لەبارەی شیعرەكانی منەوە هەبوو، كە خاڵبەندی بەكارناهێنم و بە بۆشایییەك لە ئەزموونی منی دەزانی و منیش گوتم زانینم بۆ ئەم كارەم هەیە و لە ژمارە (50)ی 5/8/2000ی گۆڤاری ڕامان قسەی خۆم لەم بارەیەوە كردووە و گوتوومە:

(كۆمەڵێك حیكمەت و گیانی پەتی و بیر و مەودای ئێستێتیكم لە كەلەپوور و ڕۆشنبیری كوردی بۆ ماوەتەوە. نموونە: لە حەیراندا خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە، سەربەند و ناوبەند و كرانەوەی دوا بەند هەیە. بە گوێگرتن و هۆشیارییەكی ڕاستەقینەی ترپە و ئاواز، هەستی خاڵبەندی لای حەیرانناس دروست دەبێت. هەروەها لە شیعری میللی كوردی و شیعری كلاسیكی خاڵبەندی پەیڕەو نەكراوە. پەیڕەونەكردنی خاڵبەندی لای من نەزانین نییە. بگرە وەك مەبەست و هونەر گەڕانەوەیە بۆ هەستی سەرەتایی كوردی و ڕەسەنایەتیی كەلەپوور.

لە سپێتی كاغەز و دابەشكردنی وێنەدا، هەست و نیشانەكانی خاڵبەندی لە ئاستەكانی دەربڕین لە خەیاڵ و زەینی خوێنەری خود وریا دەستنیشان دەكەم.

 نموونە: ڕستەی بۆ كوێ دەچیت. ئەم ڕستەیە، ئەگەر نیشانەی پرسیار، یان سەرسوڕمانم بۆ دانا. ئەوە بێگومان ڕستەكە دەستنیشان دەكەم. پرسیارە، یان سەرسوڕمان. ئەگەریش هیچ نیشانەیەكم بۆ دانەنا و بە كراوەیی هێشتمەوە لەم باروبوارەدا ڕستەكە دەبێتە ڕستەیەكی ئاستدار و دۆخگۆڕ و زەینی).

 خەزنەدار پارێزگاری لە بۆچوونەكەی من كرد، منیش گوتم: با بۆچوونەكانت ببنە بەڵگە و لەبەر دەستی خوێنەراندا بن: بە دوو ئەڵقە بۆچوونەكانی لەبارەی خاڵبەندییەوە تۆمار كرد. 

1ـ خاڵبەندی لە شیعری كلاسیكی كوردیدا، لە ژمارە (115)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/12/2006 بڵاوكرایەوە.

2ـ خاڵبەندی لە شیعری نوێی كوردیدا، لە ژمارە (119)ی گۆڤاری (ڕامان) 5/4/2007 بڵاوكرایەوە.

*      *       *

17/5/2009 ڕۆژێكی تەواو گەرم بوو، سەردانیم كرد. بینیم پێیەكانی لەناو تەشتێكی نمیچە پڕ قوم دانابوو، گوتم: ئەوە بۆ پێیەكانت جووت كردووە و لەناو ئەو قومە گەرمە دەیانجووڵێنیت. گوتی ناوە ناوە مێروولە دەكەن. ئەمە چارەی ئەم مێروولەیەیە.

فایلەكی پەمبەی لە تەنیشت خۆی دانابوو، دایە دەستم، چیرۆكی: (سڤێتلانە)ی تێدا بوو. گوتی: ئەم چیرۆكەم دوای چل و دوو ساڵ ئەمڕۆ لەناو دەستنووسەكانم دۆزیومەتەوە، ئەگەر بەدڵت بوو، بۆ بڵاوكردنەوە لەگەڵ خۆتی ببە. خوێندمەوە و گوتم: جوانترین چیرۆكتە. بۆچوونەكەمی پێ لە جێی خۆیدا نەبوو، گوتی تۆ، یان لە چیرۆك نازانی، یان چیرۆكی: (ئەڵمان كوردی و بووكەشووشە و دڵ و نەتەوەت) نەخوێندوومەتەوە. هەستم بە ناڕەزایییەك كرد. لە ماڵی خۆی قەت دڵی میوانی نەدەشكاند. هەستا و منی بەجێهێشت و چووە ناو كتێبخانەكەی. زانیم نیشانهی ناڕازیبوونه. له فایلەكەدا شیعرێكی: (دكتۆر ئیحسان فوئاد)یشی تێدابوو، شیعرهكهم لەسەر ئەسكەمبیلەكەدا دانا و چیرۆكەكەم هەڵگرت و ڕۆیشتم، دڵم ئەوەندە گران ببوو، دهیگوت بووهته توورهگهی بزمار. بەیانی چیرۆكەكەم بردە گۆڤاری (ڕامان). لە ژمارە (145)ی 5/6/2009 دا بڵاوكرایەوە. هەمان ڕۆژ تەلەفۆنی بۆ كردم گوتی: دایكت خواردنی تایبەتی ئامادەكردووە. وەرە ئێرە نانێك بخۆ. نانەكەم خوارد و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، كە چیرۆكەكە بڵاوكرایەوە لەناو خوێنەران دەنگدانەوەیەكی تایبەتی هەبوو، بە زەردەخەنەیەكەوە گوتی: پێدەچی بۆچوونەكەت ڕاست بووبێ. 

*          *       *
لە 5/6/1999 كتێبی: (ئەلێكساندەر پووشكین: گەشتێك بۆ ئەرزەڕۆم)ی پێشكێش كردم. كتێبەكە هێشتان لە نێوان دەستی ئەو و مندا بوو، وەرم نەگرتبوو. بە زمانێكی نیمچە دڵهڕاوكێ ئامێز و تاقیكردنەوەوە لێی پرسیم: شیعر چییە. منیش گوتم: (ئەگەر دەمزانی چییە، نەمدەنووسی). كتێبەكەی دایە دەستم و گوتی: (تاكو ئێستا جوانترین پێناسەیە لە هەموو زمانانی دنیا). 

كانوونی یەكەمی 2018 هەولێر


تێبینی:
• لە هیچ نووسینێكدا بەڕێز و كاك و مامۆستا و هێژا ... تاد، بەكارناهێنم، تەنیا ناوی خۆیان لە هەموو ئاوەڵناوێك گەورەتر و شایان و شایاندارتر دەزانم، (ناو) لە بێگەردی خۆیدا هەموو وزەیەكی كەسایەتی هەڵگرتووە. ناو خودی كەسایەتییە، ئاوەڵناو پێوەر و هێمایە بۆی. ناو بیركردنەوەی كەسایەتییە، ئاوەڵناو بیركردنەوەی ئەویدییە بەرانبەر كەسایەتی. ناو (بوون)ە، ناپاكی لەگەڵ  ناسنامەی خۆی ناكات، ئاوەڵناو (چییەتی)یە،  مەودایەك بۆ خۆشدوویی و شێواندن و دەربڕینی دوو لایەنە دروست دەكات، هەروەها (تەقلید) كەموكورتییەكی بنچینەیییە، ڕەگ و تایبەتمەندی نییە. زۆر شتی بەسەر نووسەری كورددا زاڵكردووە. من بژاردەخواز و ڕوانینوانێكم بەرەو ڕەگ و تایبەتمەندی دەڕۆم.


ڕیکلام