شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە

  2020-10-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خوێندنەوەیەک بۆ دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ی کەژاڵ ئەحمەد

ناڵە حەسەن

ماوەیەک لەمەوبەر لە نامەیەکدا ، خوێندنەوەیەکمان بۆ چەند دەستەواژەیەکی دەقێکی شیعری (سەباح ڕەنجدەر ) ی شاعیر کرد هاوکاتیش ، باسم لە مانیفێستێکی خۆم کردبوو ، کە پێکهاتووە لە سێبەش ، لەوێدا دووبەشی مانیفێستەکەمان باسکردبوو ئەوانیش لەژێر ناوی ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە..! ) و ( شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) ، هەروەها ڕەهەندەکانی پشت ئەو گوتنانە و لەچوارچێوەی خوێندنەوە بۆ هەندێک لە چەمک و هێما و کۆدەکانی نێو دەقەکە باسکردبوو . وا لێرەشدا بەشی سێیەمی مانیفێستەکە لەژێرناوی ( شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ) باسدەکەین و ( بەریەککەوتن و هاوتەریببوونی ) ناوەڕۆک و ئامانجەکانی ئەوبەشەش لە سیاقی خوێندنەوەمان بۆ ئەو دەقە بەدەردەخەین ، هەروەها دەیکەین بە ( میتۆدێک ) بۆ خوێندنەوەی دەقی ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، کە یەکێک لە شیعرەکانی( کەژاڵ ئەحمەد ) ی شاعیرە ، هەوڵدەدەین هێندەی بۆمان بکرێت لە دەرگای چەند بابەتێکی پێویست و گرنگ بدەین . لە سەرەتاوە شیعرەکە چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان لە ڕووی زمانەوانی و فۆرمەوە ، تا ئاستێکی بەرز جوانی بەرجەستەکردووە ، بە زمانێکی شیرین و پڕ هەست و سۆز ، دەقەکە نووسراوە ، وشە و میلۆدییەکانی ئەم دەقە ، گەمە لەگەڵ دەمارە عاتیفەییەکانی خوێنەر دەکەن و چێژێکی بێوێنەی پێ دەبەخشن ، هەروەها لەم دەقەدا بە توانایەک و هەست و خەیاڵی شاعیرانەوە عەشقێکی گەورە نمایشکراوە ، یان باشترە بڵێم / چیڕۆکی عەشقێکی گەورە دەگێڕێتەوە ، وەک ئەو چیڕۆکانەی لەنێو کتێبی ئەفسانەکانەوە باسدەکرێن . لە پشتی ئەو خەیاڵە ڕۆمانسییانەوە لە دەرگای کۆمەڵێک بابەت و مەسائیلی گرینگ دەدات کە / پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان و هاوکات پەیوەندییان بە شیعر و مەعریفەی شیعرییەوە هەیە ، لە سەرەتاوە شیعرەکە بەمشێوەیە دەست پێدەکات .

سبەینێ واز
له‌ماڵه‌باجێنه‌ی ته‌نیایی ئه‌هێنم
تۆش واز له‌ دارلاستیکی سه‌رکێشی بهێنه‌

محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) ، لە ڕووی بوونگەراییەوە باس لەم پڕۆسەیە دەکات و ئەو بە ( هەڵوەشاندنەوە و دامەزراندن ) ناوی دەبات و دەڵێت (پەیوەندی نێوان ئەم دوو خەسڵەتە گرنگە و ناتوانین لە یەکدییان جیا بکەینەوە ، ( هەڵوەشاندنەوە ) بەبێ مەبەستی دامەزراندن و لە پێناو هەڵوەشاندنەوە دەبێتە ( وێرانکردن ) بەڵام ، بۆ ئێمە هەڵوەشاندنەوە لە وێرانکردنەوە جیاوازە ، چونکە دەمانەوێت لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە بیرۆکەی نوێ دابمەزرێنین و بە ئاکامێکی دیکە بگەین ...! ) ، هەروەها هەر لە پەیوەند بەم بابەتە ئەوەش دەڵێت کە / ئەگەر هەڵوەشاندنەوە دامەزراندنی بەدوادابێت ، ئەوا هەڵوەشاندنەوەکە دەبێتە ( پڕۆژە ) ، واتە پڕۆژەیەک ڕوو لە داهاتوو ...! هەروەکو ئەوەی لەو پەیوەندییەی نێوان وشەکانی ( دارلاستیک و سەرکێشی ) ، هەڵوەشاندنەوەمان بینی ، وشەکان لە مانا پێشوەختی و مانا فەرهەنگییەکانییان داماڵرابوون ، لە پەیوەدییەکی نوێ بنیادنرابوونەوە ، واتە دامەزرابوونەوە ، ئەم هونەرکارییە لە زمان تا ئاستێکی باش قووڵی و جوانکاری بە دەستەواژە و ناوەڕۆکەکە بەخشیوە . کەژاڵ ئەحمەد لە بەشێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت /
من رێگه‌ی هه‌موو رۆژێک و
ئه‌درێسی ژیانم ئه‌گۆڕم
به‌کۆدێکی زۆر نهێنی
که‌ دڵته‌
تا هیچ که‌سێ نه‌توانێ بمدۆزێته‌وه‌
کلیلی دڵم ئه‌شکێنم.

 شاعیر لەپێناو بەدیهاتنی خەونێکی گەورە و گەیشتن بەدواڕۆژێکی پڕ لەخۆشەویستی لەگەڵ کەسیک کە ، سوارچاکی نێو خەون و خەیاڵەکانییەتی ، ئامادەی هەموو بڕیارێک و هەموو گۆڕانێکە لە ژیان و لە خۆیدا بۆیە ، لە سەرەتاوە بڕیاردەدا واز لەماڵەباجێنەی تەنیایی بهێنێت ، ئەمیش واز لە دارلاستیکی سەرکێشیی بهێنێت ، ئێستا / بڕیاریتر دەدات کە ، ڕێگاکانی هەموو ڕۆژە و ئەدرێسی ژیانی بگۆڕێت ،  خۆی ون بکات و لەچاوی ئاوەدانی خۆی بشارێتەوە ، تەنها بە کۆدێک بدۆزرێتەوە ئەویش دڵی دڵدارەکەیەتی ، واتە وەک ئەشقیایەکی شەیدا ، لەو زێتر کەسێکیتر ناتوانێ بیدۆزێتەوە . لە دیمەنێکیتری شیعرەکەیدا دەڵێت ،
وه‌ره‌ به‌یه‌که‌وه‌ بژین...
له‌ناو ئینجانه‌یه‌کی زۆر بچکۆڵه‌دا
که‌ عاشقێکی خوێنشیرین
له‌ حه‌وشه‌ی خوێندنگه‌یه‌کی تێکه‌ڵاوا
دایبنێت و
مامۆستایه‌ک به‌تاسه‌وه‌ بۆنی بکا.

بەپێی ئەم دیمەنە شیعرییە ، عەشقەکەیان گەیشتۆتە ئاستێک ، کە مانەوەیان لەدووری یەک و لە نێو کونجەکانی تەنیاییدا ، سووتان و ئازارێکی گەورەیە ، ئازارەکەی هێندە کاریگەر و بەسۆیە کە بەرگەگرتنی کارێکی سانا نییە ، بۆیە دڵبەر بە دڵدارەکەی دەڵێت / وەرە بەیەکەوە بژین ، بەڵام شاعیر ئەم داوایە لە نێو وێنەیەکی شیعری زۆر نایاب و ناسکۆڵە دەردەدبڕی و دەڵێت ، وەرە بەیەکەوە بژین / لەناو ئینجانەیەکی زۆر بچکۆڵانەدا ، ئەم دوو عاشقە هێندە تامەزرۆی یەکتری و گەیشتن بەیەکن ، هەرشوێنێک بێت ، تەنانەت / نێو ئینجانەیەکی بچکۆڵانەش بێت  قەبوڵیانە ، دەبن بە دوو گوڵی بۆنخۆش و دەچنە نێویەوە ، دەخوازن عاشقێکی خوێنشیرین لە حەوشەی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاوا ) دایانبنێت و لەوێدا مامۆستایەک یان قوتابییەک بەتاسەوە بۆنییان بکات . دیمەنێکی تابڵێی ڕۆمانسی و پڕ لە هەستی شاعیرانەو بە زمانێکی شیرینی شیعری ، بەکارهێنانی ( خوێندنگەیەکی تێکەڵاو ) زۆر لەشوێنخۆیەتی و مەودای بیرکردنەوە و ناوەڕۆکی  وێنە شیعرییەکەی قووڵتر کردووە ، کە لە بەشەکانیتری ئەم دەقە هەڵوێستەی زێتری لەسەر دەکەین . شاعیر بە هەمان وزە و خەیاڵە دۆزەخییەکانی لەنێو دەقەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێت
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌ بین
هێڵی ته‌له‌فۆنه‌کانی شار
بیست و چوار سه‌عات سه‌رقاڵی گوێگرتن له‌ ئه‌وین نابن
من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین
ئیتر کاره‌با نابڕێت و
هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌
‏Googleیش رزگاری ئه‌بێ له‌گه‌ڕانمان به‌دوای یه‌کدا و
کچان بۆ تۆ و
کوڕان بۆ من ناتوێنه‌وه‌

خۆی لە بنەڕەتدا شاعیر باسی عەشقێکی گەورەمان بۆ دەکات ، ئەو عەشقەی دەتوانن مەوداکان ببڕن و لەنێو زەمەندا بمێننەوە ، ئەو عەشقەی نەک هەر شایستە بەوەیە شێوەی ژیان و یان خووە هەمیشەییەکانی بۆی بگۆڕی بەڵکو ، شایستە بە هەموو قوربانیدانێکیشە . لەنیو کورەی خەیاڵەکانی دوور دوور دەڕوات ، تەنانەت بۆ ئەودیو سنوورەکانی خەیاڵ ، وایدەبینێ / بەیەکگەیشتنی ئەوان و بەیەکەوە ژیانی ئەوان وەک ( موعجیزەیەکی گەورە ) ، یان دەبێتە کلیلێکی سیحری گرێکوێرەی هەموو کێشەکان دەکاتەوە و چارەسەریان دەکات ...! ژیان دەگاتە ئەوپەڕی کەناری ئارامی ..! بڕۆننێ لەنێو رووبەری خەیاڵ چ فەنتازیایەکی خوڵقاندووە ..! یان دەڵێت ( من و تۆ بەیەکەوە بین / هێڵی تەلەفۆنەکانی شار ، بیست و چوار سەعات سەرقاڵی گوێگرتن لە ئەوین نابن ..! ) بەمانای  هەموو هێڵی تەلەفۆنەکانی شار و هەموو خەڵکی ئەم شارە بەعەشقی ئەوانەوە سەرقاڵن ..! تەنها باسی ئەوانە و هیچیتر ، گەر ئەوان بەیەکبگەن و بەیەکەوە بژین / ئیتر چیتر تەلەفۆنەکان سەرقاڵ نابن بە گوێگرتن لە چیڕۆکی ئەم دوو ئەویندارەوە . یان دەڵێت / ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، ئیتر کارەبا نابڕێت و هەموو ڕۆژێ ئاو دێتەوە ...! ) ، بەیەک دێرە شیعر باسی ( دوو ) گەورەترین کێشەی خەڵکی کردووە ( کێشەی ئاو و کارەبا ..! )  بەدیوێک ( گەورەیی و ئەفسونی عەشقەکەمان پێشان دەدات ، کە بەیەکەوەبوونی ئەوان ئیتر کارەبا نابڕێت و ئاویش دێتەوە ..! ) ، بە دیوێکیتر پێمان دەڵێت ( کە ئێمە لە نیشتیمانێک دا دەژین خەڵکەکەی ( کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە ..! ) بەیەکەوەبوونی ئەوان ئەم کێشانە چارەسەر دەبن ..! بەبڕوای من ناوەڕۆکی ئەم جۆرە دەقانە بە ئەندازەی ئەو عەشقە ئەفسوناوییەی باسمانکردووە گەورەن ، یان دەڵێ ( گوگلیش ڕزگاری دەبێ لە گەڕانمان بەدوای یەکدا و کچان بۆتۆ و کوڕان بۆ من ناتوێنەوە ..! ) ، لێرەش شاعیرانە ئەو تامەزرۆیی و چەپاندنە کوشندەیەی ( کوڕان و کچانی ) کۆمەڵگەکەمان باسدەکات ، کەژاڵ لێرەدا توانا شیعری خۆی لە ئاستێکی بڵند دەرخستووە ، لە دوو وێنەی جوانی ( هونەری و شیعری ) باسی لە چەندین کێشەی گەورە و بابەتی زۆر گرنگ کردووە وەک ،( قوتابخانەی تێکەڵاو ، هێڵی تەلەفۆن ، کێشەی ئاو و کارەبا ، سایتی گوگل ، باری دەروونی کوڕان و کچان..! ) بە زمانێکی شیعری پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش ..! شاعیر بەهەمان کڵپە ڕۆمانسییەکانی نێو دەمارەکانی عاتیفە و خەیاڵە تامەزرۆ و ئیرۆسییەکانی دەڵێت ، 
هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کی خه‌نده‌یه‌ک و
به‌پاشه‌کی نیگایه‌کت قایل ئه‌بم
تۆ (بمهێنه‌) بۆ ناو قسه‌یه‌کی خۆش و
منیش بۆ ناو شیعرێکی کچانه‌ ( ئه‌تهێنم !)
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه‌
به‌پێشه‌کی چه‌پکێ گوڵ و
به‌پاشه‌کی ماچێکی دۆستانه‌
یان به‌سێ جار وتنی وشه‌ی ( گیانه‌که‌م )
ته‌ڵاقمده‌ و ته‌ڵاقته‌ده‌م !

شاعیر دەیەوێت کۆڵنەدات / عەشقەکەی بەئاکام بگات و  دەستبەرداری ئەو خەونە گەورەیە نەبێت ، دەیەوێت ئاکامێکی هەبێت ، بۆیە لەسەرەتا داوا دەکات و بانگی دەکات ، یان پێی دەڵێت ( وەرە بەیەکەوە بژین ) ، بەڵام ، هێندە نیگەران و دڵبەسۆیە دەیەوێت ڕەسمیەتێک بەو بەیەکەوەبوونە بدات و بەپێچەوانەی زۆرێک لە کچانی نیشتیمانەکەی هەمیشە خۆی دەستپێشخەر دەبێ ، بۆیە بڕیار دەدەت و دەڵێت ( هەر ئێستا وەرە مارەمکە ..! ) ، بە ( دیوێکدا ..! ) بەشێوەیەکی زۆرجوان و بە بیرکردنەوەیەکی هاوچەرخانە ئەو داوایەی خۆی بۆ مارەکردنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت ( بە پێشکی خەندەیەک و بە پاشەکی نیگایەکت قایل دەبم ..! ) ،  یان دیسان گەرمتر و بەتاسەتر پێدادەگرێ و دەڵێت ( هەر ئەمڕۆ مارەمکە /  بە پێشەکی چەپکێ گوڵ و بە پاشەکی ماچێکی دۆستانە ..! ) ، بۆ ( جیابوونەوەش وشەی ( گیانەکەم ) بەسەو زێتر هیچیترنا ..! )  ، وەک شاعیرێکی هەستناسک ، بەزمانێکی شیرین و بەسۆز ، باس لەم بابەتە کۆمەڵایەتییە گرنگانە دەکات / بابەتەکانی وەک ( هاوسەرگیری و مارەیی و جیابوونەوە ) لێرەدا ئەوەش دەبینین کە عەشق چ بەهایەکی گەورەی هەیە ، ماڵی دنیا و ( هیچ شتێک ) لەسەرووی بەهاکانی عەشقەوە نابینێت ، بۆیە ( بۆ بەیەکەوەبوون و مارەیی / تەنها چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە و دەخوازێت ..! ) ، بەودیوە داهێنانێکی گەورەی کردووە ، چ لەڕووی زمانی شیعری و چ لەڕووی بیرکردنەوە و ناوەڕۆک و بیرکردنەوە هاوچەرخەکانی ، بەڵام بە دیوێکی تر / بۆ بەکەوەژیان ( فۆرمی مارەیی و ئیمزاکردنی پارچە کاغەزێک لەبەردەم دادوەر ) تاقە فۆرم و تاقە ڕێگە نییە  ، کەژاڵ ئەحمەد فۆرمی دووەمی بۆ ( بەیەکەوەبوون )  ( نادیدە ) گرتووە ، فۆرمی دووەمیش / بریتییە لە بەیەکەوەبوون و بەیەکەوەژیان بەبێ ئیمزاکردنی هیچ پارچەکاغەزێک و ئەگریمەنت و بەڵگەنامەیەک یان بەبێ چوونە دادگا و هیچ شوێنێک ، تەنها بوونی عەشق و خۆشەویستییەک و ڕەزامەندی هەردووکیان ، ئەوەندە بەسە بۆ بەیەکەوەبوونیان ئییتر هیچ شتێکیترنا ..! لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەم فۆرمە بۆ بەیەکەوەژیان وەک فۆرمەکەیتر لە ئاستێکی بەرین پیادەدەکرێت ، وەک خێزانێک چاویان لێدەکرێت و منداڵیش دروست دەکەن و لەڕووی یاساییەوە هەموو مافێکی خێزانی و یاساییان هەیە ، بەمانای تەنها ( کچبرادەر و کوڕبرادەر )ن واتە ( گێرل فرێند و بۆیفرێند ) ، هەرکاتێکیش بەیەکەوە نەگونجێن جیادەبنەوە ، دیارە لە هەردوو باردا ، ئەو پارچە کاغەزە ئیمزا بکرێت یان نا ، کاتێک خۆشەویستی نەما ئیتر تەواو ، ئەو پەیوەندییە کۆتایی دێت ،  جا بەیەکەوە بمێنن یان جیاببنەوە ..! کەژاڵ وەک شاعیرێکی ( دژەباو ) ، کە سەردەمانێک بەو ئاراستە کاریکردووە ، دەبوا فۆرمی دووەمی نادیدە نەگرتبا ، یان ئەوەتا هەرباسی مارەیی نەکردبا ، بۆ نموونە ( هەر پێی لەسەر ئەوە داگرتبا ( وەرە با بەیەکەوە بژین ..! ) ، یان دەیتوانی بەشێوەیەک باسی کردبا کە بوارێک بۆ فۆرمی دووەم بهێڵیتەوە ، یان لایەنیکەم ناڕاستەخۆ دەریبڕیبا بۆ نموونە بیگوتبا ( وەرە بەیەکەوە بژین ( گەر مارەم بکەی یان نا ) ، من خۆم و دەسکە گوڵێک هەر لە چاوەڕوانیت دا دەبم ..! ) ، لێرەدا باس لە هەردوو فۆرمەکە دەکرێت ، وەک کەسێکی هاوچەرخ و دژەباو هەردوو فۆرمەکەی قەبوڵ دەکرد ، چونکە لای ئەو عەشق و بەیەکەوەبوونەکەیان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە ، چونکە کەژاڵ ئەحمەد لە سەرەتاوە ، بە دوای کتێبەکانی ( بەندەری بەرمۆدا و وتەکانی وتن )ەوە ، بە ئاراستەی دژەباوی کاریکردووە ، بە دەرەجاتێک لەم کتێبانەش بەڵام بەتایبەتتر لە کتێبەکانی ( قاوەیەک لەگەڵ ئەودا ) یان ( ئاوێنەم شکاند ) ، لەوێدا ( کەژاڵێکی جیاواز ) دەبینین بەتایبەتیش / لە کتێبی چوارەمی ( ئاوێنەم شکاند ) ئەم دژەباوییە و هاوچەرخییە بە ڕۆشنی ڕەنگدەداتەوە ، خۆشی لە زۆرێک لە شیعرەکانی بەم دیدەوە نووسیویەتی بۆ نموونە ، شیعرەکانی ( ئاوێنەم شکاند ، کەژاڵێکی جودا ، سەدساڵ غەریبیت دەکەم ، نازانم بەبێ تۆ بژیم ، بە تەنوورەیەکی کورتی سوورەوە و زۆرێک لە شیعرەکانی ئەو سەردەمانەی ..! ) ، چونکە بەبڕوای من /  مرۆڤ دەبێ ڕاستگۆ بێت لەگەڵ ناخ و بیروباوەڕەکانی خۆیدا ، ئەوەتا / ( ئەلبێر کامۆ ، لە ( ئەفسانەی سیزیف ) ،  ڕەخنە لە ( گالیلۆ ) دەگرێ و دەڵێت (بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو ڕاستییە زانستییە بووە وەختێ بووە مایەی هەڕەشە لەسەر ژیانی ، .. گەرچی یەکێک بوو لە گرنگترین ڕاستییە زانستییەکان ..! ) ، یان هەر لەوکتێبەدا لەبارەی ( شوبنهاوەر )ەوە دەڵێت ( وەک بابەتێکی پێکەنین باسی شوبنهاوەر دەکرێ کە چۆن خۆی لەسەر سفرەیەکی ڕازاوە دانیشتووە و کەچی ستایشی خۆکوشتن دەکات ...! ) ، بۆ ڕەخنەگرتن لەم بیرمەندانەش پشتی بە وتەیەکی ( نێچە ) بەستووە کە دەڵێت ، ( فەیلەسووف بۆ ئەوەی شایانی ڕێزگرتن بێت پێویستە خۆی نموونەی ئەو شتانە بێت کە دەیانڵێت ..! ) ئەو قسەیەی ( نێچە ) بۆ هەرکەسێک و شاعیرێک و نووسەرێکیش هەر ڕاستە ، بۆیە ئەو چاوەڕوانییەمان لەو شاعیرە ئازیزەمان ئەوەیە کە ،  بەو ئاراستە دژەباوییەی خۆی سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە و ( ڕۆحی فڕوغ و ڕوئیاکانی کەژاڵێکی جودا ) لەنێو بیرکردنەوەکانی ئێستای زیندوو و چاڵاک بکاتەوە...!  

 شاعیر لەنێو دەقەکەی / بەهەمان هەست و سۆز و زمانێکی شیعری پڕ لە خرۆشان و چێژ بەردەوام دەبێت و دەڵێت ،
سبه‌ینێ واز
له‌خووی خراپی زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له‌ شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و
له‌ناو کلۆره‌ دارێکی پووره‌ی هه‌نگا
مانگی هه‌نگوینی له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م
فێری وتنی شیرین و
خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌ی شیرین و
ئاشتییه‌کی شیرین ئه‌بم

کەژاڵ ئەحمەد لەو دەقەیدا ، وەک ئەوە وایە چیڕۆکی عەشقێکمان بۆ بگێڕێتەوە ، لەسەرەتا عەشق دواتر ( بەیەکەوە ژیان ) ، دواتر مارەیی و هاوسەرگیری ..! ) ، لەم کۆپلە شیعرەی سەرەوەش ، لە سەرەتا باس لەگۆڕینی هەندێک خووی خراپ دەکات ، بەمانایەک خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاهەنگی گواستنەوە و ڕۆیشتن بۆ مانگی هەنگوینی ، بەڵام بۆ مانگی هەنگوێنییەکە ( شوێنێکی جودا لە وێنەیەکی بێئەندازەی جوانی شیعریدا ) باسدەکات و دەڵێ ( مۆڵەت لە شیعر و خەڵک و خوا وەرئەگرم و / لەناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگا / مانگی هەنگوینی لەگەڵ تۆ بەسەر ئەبەم ...! ) دیارە شاعیر بەم دیدەوە دەڕوانێ کە ( ژیان و عەشق و مرۆڤ ) بەهای گەورە و پیرۆزییان هەیە ، بۆیە دەبینین لە مارەیەکەش داواکەی تەنها ( چەپکێ گوڵ و ماچێکی دۆستانە ) بوو ، بۆ مانگی هەنگوینییەکەش ، داوای هوتێلێکی گەورەی ( پاریس و نیۆرک ) ناکات ، هەرکوێیەک بێت تەنانەت ( ناو کلۆرەدارێکی پوورەی هەنگیش بێت ...! ، بەڕاستی خەیاڵێکی ناسک و جوان و شاعیرانەیە ، جوانکارییەکی بێوێنەی بەو کلۆرەدارەی پوورەی هەنگ بەخشیوە ، لەو وێنە شیعرییە جوانی وەقسە هاتووە ، لێرەدا چێژێکی گەورە بە خوێنەر دەبەخشێ ، لەسەر چیڕۆکەکەی بەردوام دەبێت و دوای مانگی هەنگوینیش ( باسی وەچەنانەوە و بەیەکەوە ژیانێکی ئارام دەکات ..! ) ، ئیتر هەوڵدەدا لەم کونجی ئاراماییە لەگەڵ ئەودا تابۆی بکرێت بۆ درێژماوە بمێنێتەوە ، بۆیە هەوڵدەدات زێتر کار لەسەر خۆی بکات و ئەوشتانەی یان ، ( واز لە خووە خراپەکانی بهێنێت ) و وەک دەڵێت (هه‌ر ئه‌مڕۆ واز / له‌م تووتڕکی تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم / که‌ له‌دڕکی په‌ستبوونی تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا / گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم...! ) ئیتر لێرەوە بەرەو کۆتایی چیڕۆکەکە دەڕوات و بەڵام دواجار وێنەی گومانێکی گەورەمان بۆ دەکیشی  و دەڵێت ،
 ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ی دڵم گه‌وره‌نییه‌
بڕۆ وازم لێبهێنه‌ با هه‌روه‌کو جاران بژیم
بەمانایەک / لەوە دڵنیا نییە کە دڵی ( ئەویش )  جێگای ئەو عەشقە گەورەیەی تیادەبێتەوە ، یان دەتوانێ قەبوڵی ئەو کرانەوە و هاوچەرخییەی بیرکردنەوەکانی ئەو بکات ..! لەڕاستیدا لەوە دڵنیا نییە و نازانێ ، بۆیە بە ( ئەگەرەوە ) قسە دەکات ...! ، مرۆڤی هاوچەرخ و مۆدێرن هەرگیز بە باوەڕی موتلەقی ڕەها لە شتەکان و بابەتەکان ناڕوانن ، ئەگەر بە ئاستێکی کەمیش بێت بوارێک بۆ گومانەکان دەهێڵنەوە ، لێرەدا کەژاڵ ئەحمەدیش هەروای کردووە .
لەم دەقەدا / زمانی شیعری لەسەرەتاوە تا کۆتایی شەونمی چیژ دەردەکات و تەڕو پاراوە ، فۆرم و ناوەڕۆکیش / لەنێو رووبەی جوانیدا تەریبن بەیەکەوە .. لێرەدا بە پێویستی دەزانم هەندێک قسە لەسەر چەمکی جوانی بکەین ، ئەو ( چەمکانە )ش کە پەیوەندییان بە جوانییەوە هەیە و  ماناکانی جوانی تۆختر دەکەنەوە و مەوداکانی جوانیش بەرینتر دەکەن ، هەندێک نموونە و لایەنی جوانکاری ئەم دەقەش بخەینەڕوو . هەروەک لە کتێبی ( ئیستاتیکا ، Aestheticism ) ، کە لە نووسینی ( ئار ڤی جۆنسن ) ە ، لە بەشی ( شیعر و جوانی ) دا هاتووە و ، دەڵێت ( کرۆکی جوانی لەنیو ئەدەبدا / لە شیعردا بە ڕۆشنی دەردەکەویت ..! ) ، بە مانای شیعر / لە هەموو ژانرەکانیتر زێتر ئیش لەسەر جوانی دەکات ، هەر لەو بەشەدا باس لە شاعیر و نووسەر ( ئەدگار ئالان پۆ ) دەکات ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن و روئیاکانی ئەو لەگەڵ هەستی ڕاستی و چەمکی ڕاستی لەنیو دەق و نووسینەکانیدا ، بە بڕوای ئێمەش / چەمکی جوانی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی هەیە لەگەڵ چەمکی ڕاستی یان ڕاستی گوتن ، لەنێو گوتارە شیعری و ئەدەبییەکاندا ڕاستی گوتن ، ڕەنگەکانی جوانی تۆخ دەکات و ڕووبەری جوانیش بەرینتر پێشان دەدات ، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو ڕەوایەتیش بە داهێنان دەدات ، چونکە ڕاستی گوتن هەر ئەوە نییە ، پەیوەندی بە جوانییەوە هەبێت بەڵکو / پەیوەندی بە ئازادبوونی نووسەرەکەش هەیە ، واتە کاتێک شاعیرێک یان نووسەرێک / لەنیو دەقەکانییان بە زمانی شیعری ڕاستی بەرجەستە دەکەن ، ئەوا ئەو کەسە لەنیو رووبەری دەقەکەی کەسێکی ئازادە و لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، چونکە هەروەک چەند جاریتریش گتومانە / ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن کەسی ئازاد نین واتە ( کەسی نامۆ )ن ، کەسانی نامۆش ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە ئاراستەی جووڵەکانی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکان دایە ، جا ئەگەر لەم دید و ڕوانگەوە قسە لەسەر ئەم دەقە شیعرییەی کەژاڵ بکەین دەبینین / زۆر ڕاشکاوانە و ڕاسگۆیانە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی دەربڕیوە ، لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نییە ، ئەوەی ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات ، ئەوە ( تەنها ) هەست و حەز و خۆزگە و خەونەکانی خۆیەتی ، بێگومان بە توانا و هێزێکی شیعرییەوە ، بۆیە کەسێکی ئازادە لەنیو رووبەری دەقەکەی بەمانایەکیتر / تەعبیری لە بیرکردنەوەکانی خۆی ( کەژاڵ ئەحمەد ) کردووە ، بۆیە لە ئاستێکی بەرز داهێنانی کردووە ، جوانییەکی مەودا فراوانی بەرهەمهێناوە ، بۆ نموونە دەڵێت / (من و تۆ به‌یه‌که‌وه‌بین ، ئیتر کاره‌با نابڕێت و هه‌موو رۆژێ ئاو دێته‌وه‌ ...! ) چەند راستگۆیانە و شاعیرانە و بە زمانی شیعری ، کێشەی ئاو و کارەبا دەخاتە ڕوو . ئایا ئەم راستگۆییە پانتاییەکی قووڵتر و بەریناییەکی زێتری بە رووبەری جوانی نەبەخشێوە ..؟ ئەی ئەگەر بیگوتبا ( من و تۆ بەیەکەوە بین ، کارەبا " هەمیشە " درەوشاوەکانی سەرشەقام و نێو ماڵەکان زێتر دەدرەوشێنەوە و ئاویش وەک " هەمیشە " . لە گۆرانی گوتن بەردەوام دەبێ ..! ) ، ئەوەی منیش نووسیومە بە دەربڕینێکی شیعری و بە زمانێکی شیعرییە بەڵام / هیچ جوانکارییەکی تیا نابینین ، چونکە ڕاستیم تیا نەگوتووە ، چونکە لە نیشتیمانی ئێمە ( ئاو و کارەبا ) وەک زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیتر خەڵک بەردەوام و ( هەمیشە ) لێیانەوە بەهرەمەند نین ..! کەژاڵ ئەحمەد گەر دەربڕینەکانی خۆی بەمشێوەیەی من گوتبا / هیچ ئازادییەک و ڕاستگۆییەک و هاوکات ئەو رووبەرە بەرینەی جوانیشمان لەنیو دەقەکەیدا نەدەبینی ..! جا لێرەدا هەوڵدەدەین / بەرەو کۆتایی ئەم نووسینەمان بڕۆین و بنەڕەتی مەبەستەکانمان بە چڕی بخەینەروو ، هەروەک پێشتر گتومانە کە زمانی شیعری دەتوانێ یان هێزی ئەوەی هەیە کە / قسە لەسەر هەموو بابەتێک بکات و مرۆڤ گەر توانای شیعری هەبێت دەتوانێ تەعبیر لە هەست و خەونەکانی خۆی بکات ، یان زمانی شیعری دەتوانێ سوود لە هەر ( وشەیەک و چەمکێک ) ببینێ و شاعیرانە لە پەیوەندییەکی نوێ بەکارییان بهێنێ / بوونی ئەم هێزە ڕشت و گەورەیەی زمانی شیعری ، ئەوە ( دیوێکی گەردوونییەتی ) شیعرمان پێشان دەدات  ، کەژاڵ ئەحمەدیش لە چوارچێوەی دەقە شیعرییەکەی ئەم هێزە گەورەیەی زمانی شیعری پێشانمان داوە و بەرجەستەی کردووە ، کە بە زمانی شیعری و  لە چوارچێوەی وێنەی شیعری جوان بابەتی زۆر گرنگ و گەورەی باسکردووە ، لە سەرەوە باسمان لە زۆربەیان کردووە ، وەک ( کێشەی ئاو و کارەبا ، هێڵی تەلەفۆنەکان و سایتی گوگل و قوتابخانەی تێکەڵاو و مارەیی و هاوسەرگیری و تەڵاق و باری دەروونی کوران و کچان و ... زۆرانیتر ) ، باسکردن لەم هەموو بابەتە جودا و گرنگ و هەمەجۆرانە لەچوارچێوەی دەقێکی شیعری ، ئەوە ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعریمان پێشان دەدات لە هەمانکات / ڕەوایەتی بە ئیمەش دەدات کە بڵێین / بوونی ئەو هێزە گەورەیەی زمانی شیعری و بوونی مەودا فراواناکانی ڕووبەری شیعر ، ( ئەوە دیوێکی گەردوونیەتی شیعرە ... ! ) ، هەروەها ( دیوەکەی تری ) گەردوونییەتی شیعر لەوەدایە کە / شیعر ( خۆی ) لەنێو گەردووندا بوون و ئامادەییەکی بەردەوامی ( هەبووە و هەیە ) ، بۆ نموونە / خەونەکانی مرۆڤ پڕیەتی لە شیعر بەمانایەک کاتێک / مرۆڤ هەستەکانی ناوەوە و خەونە جوانەکانی خۆی باسدەکات لەوێدا ، شیعرییەت دەبینین  یان ، لەنێو هاژەی تاڤگەکان شیعرییەت هەستپێدەکەین ، لەنێو گڤەگڤی ( با ) شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنیو میلۆدییەکانی بولبول و چیکەچیکی چۆڵەکە و باڵندەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، لەنێو ورشە ورشی درەخت و دەنگی رووبارەکان شیعرییەت هەست پێدەکەین ، تەنانەت ئەگەر بە هەستەوە ( گوێ لە بێدەنگی بەردیش ) بگرین شیعرییەت هەست پێدەکەین ، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەمان و خستنەڕووی ئەم هەموو فاکتانە دەتوانین بە خەتێکی درشت و گەورە بنووسین ( بەڵێ / شیعر زمانی مرۆڤ و گەردوونە ..! ) ، هەروەها دەخوازم ماڵە چراخانییەکەی شیعری ( کەژاڵ ئەحمەد )یش هەرئاوەدان و درەوشاوە بێت ، سڵاو لە داهێنان .

ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

- کتێبی ( من دەبێ خۆم بسمیل بکەم ) کەژاڵ ئەحمەد
- کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) محەمەد کەمال 
- کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) ئەلبێر کامۆ .. و/ ئازاد بەرزنجی
- کتێبی ( Aestheticism ) R.V.Johnson 
 



 


ڕیکلام