*كەریم دەشتی
شیعر بۆ من به درێژایی چڵ ساڵ ، ته‌نها ئه‌و كه‌شتییه ئه‌فسووناوییه پڕ له گه‌وهه‌ره نه‌بووه، كه من خۆم بۆ له ده‌ریاو زه‌ریاكان داوه، ته‌نها ئه‌و هه‌ڵۆ سپییه نه‌بووه كه من به‌دوایا كێوی سه‌خت و ڕه‌وه‌زی دوورم بۆ بڕیوه، به‌هه‌مان پێوانه ئه‌و پشكۆ نادیاره‌ی یاقووتیش نه‌بووه، كه من له پێناویا خۆم به‌ناو ئاگرا داوه، به‌ڵكو شیعر بۆ من جگه له‌وانه ، ڕسكاندنی هه‌موو ئه‌و ئه‌و ده‌نگ و هاوارانه‌یه كه له‌ناخی مندا، وه‌ك شه‌پۆل گینگل ئه‌ده‌ن و به‌ره‌و چوونه ناو نوورو ڕووناكی هانم ئه‌ده‌ن، تا بمكه‌ن به فێرژیل و ببم به ڕێشانده‌ری هه‌موو ئه‌و كائیناتهی ناو سینه‌م و به‌ره‌و لوتكه‌یان ببم و نادیارییان بۆ كه‌شف بكه‌م و بیانده‌مه ده‌ست ڕه‌ها.
2
دوای چڵ ساڵ ژیان له‌ناو ماڵی شیعر، له‌وه گه‌یشتووم كه شیعر نووسین، به‌و هه‌موو سه‌ختی دژوارییه‌وه ، كاسه‌یه‌كی پیرۆزه بۆ خواردنه‌وه‌ی شه‌رابی جاویدانی، نابێ بكه‌وێته ناو ده‌ستی ئه‌وانه‌ی، كه جیاوازی له میانی پۆڵا‌و میتاڵهكانی تری وشه‌كان ناكه‌ن، یا ده‌رك به جیاوازی هه‌ڵڕژانی گه‌وهه‌ری ئاو و هه‌ڵڕژانی كهف و كوڵ ناكه‌ن، شیعر كانزای ئه‌فسوون و داستانی شه‌ڕی خوداوه‌نده‌كانه، له‌ناو مه‌یدانی هزردا، له‌سه‌ر جوانی و داڕشتنی به‌ها دزراوه‌كانی هیوما نیزمیهت.
3
جا كه شیعر كۆژیتۆی ئه‌و پڕۆسیسه سه‌خته‌ی به‌ده‌ست هێنانی ڕه‌هاو جوانییه بێت، به‌سه‌ر خه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی داهێنانه‌وه ، ئه‌وه به قه‌ڵه‌می زه‌ینی كوێر‌و هزری خواروخێچ ناكرێت، وه‌ك ئه‌و داسه كۆڵ و ژونگاوییهی لێدێت كه ده‌چێته گه‌ردنی گوڵه گه‌نمه جوانه‌كانه‌وه، كه‌ره‌سته‌كانی شیعر ساده‌ن ، به‌ڵام به‌هه‌مان ئه‌و كه‌ره‌سته سادانه‌ی شیعر، ده‌توانین بیابان بكه‌ین به ئاو و له‌رزه بخه‌ینه جه‌سته‌ی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه، ده‌توانین به‌و كه‌رسته سادانه‌وه شوێنی ئاسمان و زه‌وی بگۆڕین و له قووڕی خه‌ستی زه‌مه‌ندا، گه‌وهه‌ری ڕووناكی و تیشكی یاقووتینی ئه‌به‌دییه‌تی داهێنان دروست بكه‌ین.
4
شیعر فه‌لسه‌فه‌یه، نه‌ك له به‌رگی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌ون و كائیناته، وه‌ك چۆن خودی فه‌یله‌سووفه‌كان واده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌رگی چنینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و سه‌دایه‌ی كه له نادیاره‌وه بۆ ئێمه ههڵدهرژێ و نایاندۆزینه‌وه، فه‌لسه‌فه‌ی دۆزینه‌وه‌ی یۆتۆپیایه، كوشتنی دێوه‌زمه‌ی دیستۆپیایه، له رێگه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌وه‌یه كه ده‌توانین له‌گه‌ڵ شیعردا ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی ئاهه‌نگئامێز دروست بكه‌ینه‌وه، شاعیر وه‌كو كه‌سێ وایه كه‌وتبێته ناو دڵی تاریكی، له نێو دارستانێكی چڕدا، كه ته‌نها به ده‌رهێنانی دڵی ده‌توانێ به نێو ئه‌م تاریكییه‌دا گوزه‌ربكات و ئه‌و دڵه‌ی وه‌ك مه‌شخه‌ڵه ئاگرێك بكات به ئامرازی په‌ڕینه‌وه.
5
جاكێ ئه‌توانێ دڵی خۆی ده‌ربهێنێ و بیكات به‌و مه‌شخه‌ڵه ، هه‌لبه‌ت ئه‌وه مه‌حاڵی شاعیره، چونكه شاعیر به‌و دڵه‌وه ئه‌ژیت، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه نییه شاعیر به‌رده‌وام ئه‌و دڵه‌ی له نێو سینه‌دا هه‌ڵئه‌قرچێ و ڕووناكی ئه‌به‌شێته‌وه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له نێو تاریكی ئه‌و دارستانه‌ی مرۆڤدا ده‌ژین، ئه‌ی ئه‌وه دڵی شاعیر نییه بۆ هه‌موو ئینسانه‌كان ده‌سووتێت و له نێو قه‌فه‌زه‌ی سینه‌دا هاوار ئه‌كات، ئه‌ی دڵ ده‌رهێنان مانای چییه؟ هه‌ر ئه‌وه‌یه كه شاعیر ئه‌نجامی ده‌دات.
6
هێشتا هه‌ن ئه‌وانه‌ی ده‌رك به ماهییه‌تی شیعر ناكه‌ن، هه‌مان ئه‌و ده‌رك نه‌كردنه به ماهییه‌تی شیعره كه عه‌زه‌مه‌ت و ڕه‌ندی پرۆسیسی شیعر پیشانی ئێمه ده‌دات، ده‌یسه‌لمێنێ ئه‌زموونه‌كان چه‌ند قووڵ ببنه‌وه، ترس له نووسینی شیعر ئه‌وه‌نده به‌رز ده‌بێته‌وه، كه شیعر خه‌باتێ بێت بۆ ڕاكردن له ده‌ست ترس و تاریكی له هه‌مان كاتدا به قووڵایی بردنی ئه‌زموونی شیعر هه‌مان ئه‌و ترسه له نووسینی شیعر دروست ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ترسی یه‌كه‌م ترسێكی قێزه‌وه‌نه و ترسی دووه‌م ترسێكی پیرۆزه له پێناوی ڕاگرتنی شه‌ره‌فی شیعر‌و پیرۆزكردنی شاعیر.
7
كولتوری شیعری خراپ و لێكدانه‌وه‌ی سه‌قه‌ت و ده‌ست به شیعره‌وه نه‌گرتن و تێنه‌گه‌یشتن له نامووسی شیعر، پایه‌ی شیعری‌یان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی خوداوه‌نده‌كانه‌وه، هێنایه خواره‌وه بۆ سه‌ر جه‌سته‌ی ڕزیوی پهیامهێنهكانهوه، كه به زمانی ئه‌و خوداوه‌ندانه‌وه ده‌ژین، به جۆرێ جه‌سته‌ی پیرۆزی شیعری‌یان هه‌لا هه‌لا كردووه، كه شاعیرانی به‌ر له هه‌زار ساڵی خۆیان، له‌به‌ر بۆنی گه‌نیوی شیعری ئه‌وانه‌وه، له گۆڕه‌كانی خۆیان وه‌ڕه‌س بووینه، ژن وه‌ك په‌یكه‌رێكی جوانی، ڕۆژ نییه نه‌كه‌وێته به‌ر ڕمی سواره خهسیوهكانی ناو جه‌سته‌ی ئهسپهدارینهكانی ته‌رواده، جوانی، ڕۆژنییه مووی شمشێری دیمۆكلیسی به‌سه‌ردا نه‌پسێ، پرۆسیسی ناشیرنكردنی شیعر پرۆسیسی به‌رده‌وانی میدیاكانی كوردییه، له كوردستان.
8
ئێمه له‌ساته ههرهسهختهكانی ژیان به درێژایی چڵ ساڵی ته‌مه‌نی شیعریمان، لانی كه‌م خۆم، شیعرمان له‌ناو ده‌ستی خۆمان وه‌ك خوداوه‌ندێكی پیرۆز ، ڕاگرتبوو و له‌ژێر تیشكی خۆره‌تاو و بارانی وه‌رزه‌كان و لافاوی تووڕه‌یی و چرپه‌ی خۆشه‌ویستی و دارستان و بیابان و چیا‌و دۆڵه‌كان و ڕه‌وه‌زه شاخه‌كان، په‌نا دابوو، ئه‌و خوداوهندهمان به‌رزده‌كرده‌وه‌و ده‌بوو به سوپه‌رو مه‌ته‌رێزی ئێمه‌و داهێنانمان بۆ پیرۆز ده‌كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌وته به‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌ی كه له مانای پیرۆزییه‌ت و قودسییه‌تی شیعر ناگه‌ن، له كاتێكا ئێمه جگه له كولتووری پیرۆزی شیعروئهدهبیاتی پیرۆزی كلاسیكی شتێكی ترمان نییه.
9
شیعر ئاگره، كه ئاگرمان ده‌ست نه‌كه‌وێ، ناچارین به هه‌ڵمه‌تێكی پرۆمیتۆسیانه ده‌ست به دزینی ئاگر بكه‌ین، لێره‌دا شاعیر ئه‌گه‌ر دزێكی گه‌وره نه‌بێت، ئه‌زموونی دزیكردنی خه‌للاقی نه‌بێت، ناتوانێت بچێ به گژ زهیوسهكان ، ئه‌و گه‌وهه‌ره جوانانه‌ی لێبدزێ، دزینی تیشك و ئاگر، كه ره‌مزی شیعر‌و ئهبهدییهتهتی داهێنانه، ته‌نها كاری شاعیره ڕاسته‌قینه‌كانه، كه له ژێر پیرۆزییه‌تی شیعردا ده‌ژین .
10
دوای چل ساڵ له شیعر‌و شه‌ونخوونی و ئازاری ڕاسته‌قینه‌و هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌زاره‌ها هه‌زا كتێب، چی ده‌رباره‌ی شیعر بڵێم! ئه‌ی ئازادی ؟
*شاعیر و وەرگێڕ.