شەڕ دێت!

  2020-12-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێبوار سیوەیلی

لەم نزیکانە بۆنی قاقای شەڕ دێت.
ھاکا مانگ بەربۆوە خوار
ڕۆژ تاریک داھات،
ھەر ئەوەندەت زانی کارەبا بڕا
ھاکا ئاو وشکایی ھات..
ئەوەتا شەڕ بەناو وشەکاندا
ھەڕەشە دەکات.
جاری وایە شەڕ
لە دەرگاوە نایەتە ژوور
لە کونی دەرزییەوە!
وەک پێوەکردنی دەزوو
بەدەستی بەرگدروویەکی مەکربازەوە
تەقەڵ تەقەڵ
ڕۆحمان دەسمێ..
جاری وایە شەر
شۆخییەکە،
زۆرجاریش نوکتە و
ھەندێجار: مەتەڵ..
شەڕ، لە جانتای مامۆستایەکی زانکۆوە
لە خوتبەی مەلایەکی دوازدە عیلمەوە
شەڕ لەناو ڕیپۆرتاژێکەوە
لە ئاوازی گۆرانییەکەوە،
جاری واش ھەیە،
لە نامەی نێوان دوو عاشقەوە
لە مستی قۆچەقانیھاوێژێکەوە
یان لە ڕامانی درەنگانی فەیلەسووفێکەوە،
شەڕ،
دێتە دەر..
ھیچ سەرت نەسووڕمێ، گەر بینیت
شەڕ
لە مەمکی ژنێکەوە،
یان لە شیعری شاعیرێکی مرۆڤدۆستەوە
ھاتە دەر..
گەر شەڕ بێت،
خۆر سەرما دەیبات،
مرۆڤیش، وەک تەنیاترین پەپوولەی پاییزی
ئێوارەیەک، فڕینی بیر دەچێتەوە
بۆ شەوێش: ئاسمان و باخچە
بە تەنیا دەمێننەوە
لە ئەودا گێڕانەوە لاڵ..،
لە ئەودا حەکایەتخوان..
دەمرێت!
لە شەڕدا،
باڵی تیژڕەوترین ھەنگ
وەک جوانترین خەونی من،
بەدەم ژاکانەوە بۆ نیشتیمانێک دەگەڕێ
کە ھەرگیز نایدۆزێتەوە..
کە شەڕ ھات،
کەس بەجێ ناھێڵێت
لەگەل خۆی دەمانبا
ھێدی ھێدی
فڕێماندەداتە ناو
تەنیاییەوە و
بۆ مردن
جێمان دەھێڵت..
گوێم لە پێکەنینی شەڕە
بۆ ئێرە دێت،
بۆ ئێمە دێت،
وەک دیاریی پاییزێکی ھەتاویی،
وەک مانگەشەوێکی خەمگین
وەک بەرمیلە نەوتی بایعی
وەک کولێرەیەکی ژەھراوی..
بەوێنەی ئاگرێکی داغ
وەک ئازادییەکی درەنگوەخت
ئاخ..خخخخ..
ھەروەک پاشایەکی پەککەوتەی
کەڕ و کاس و
بێ دەماخ..


ڕیکلام