شانۆنامەکى ژان پۆڵ سارتەر دەکرێتە کوردى

  2020-12-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شانۆنامەکە ناوى (دەرچەیەک نییە)

ژان پۆڵ سارتەر لەگەڵ ئەوەى فەیلەسوفێکى بەناوبانگ و کاریگەرە، هاوکات خاوەنى چەند بەرهەمێکى ئەدەبیشە، لەبەر ئەوە دەکرێت وەک فەیلەسوف ئەدیب ناویبەرین،  (دەرچەیەک نییە) یەکێکە لە شانۆنامەکانى کە نووسە و مامۆستای زانکۆ (دڵشاد حامید دەروێش) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم شانۆنامەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٤ لە پاریس نمایشکراوە، لە ئیستادا بە تەواوی زمانە زیندووەکانی دونیا دەخوێندرێتەوە و نمایشدەکرێت و لەبارەیەوە دەنووسرێت.

تایبەت بە تۆڕى هەواڵى ژیان وەرگێڕى ئەم شانۆنامەیە دەڵێت: ((سارتەر هەم فەیلەسووف و هەمیش ئەدیبێکی مەزنە، ئەو لەپاڵ شاکارە فەلسەفییەکانی وەک (بوون و نەبوون) و (بوونگەرایی هیومانیزمە)، خاوەنی چەندان بەرهەمی ئەدەبی بەپێزە، ئەم شانۆییە یەکێکە لە شانۆ ناوازەکانی ئەم فەیلەسووف و ئەدیبە فەڕەنسییە، هەرچەندە زیاتر دەستوپەنجە لەتەک گرفت و کێشەی (ئەوی دیک)ـەدا نەرم دەکات، بەڵام زێدەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین بە جۆرێک لە جۆرەکان تەواوی فەلسەفەکەی تێیدا نیشتەجێکردووە. بەو واتایەی بە خوێندنەوەی ئەم کارە، ئێمە بەر زۆرێک لە چەمکە سارتەرییەکان دەکەوین ((.

شایانی باسە ئەم کتێبە بەهاوکاری بەڕێوەبەرێتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە سلێمانی لەسەر بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری چاپکراوە و ناوەندی غەزەلنووسیش ئەرکی بلاوکردنەوە لە ئەستۆگرتووە..



ڕیکلام