وه‌رگێڕ: ئارام ڕه‌شید
"ئارتورۆ ماتسۆ یاره" به‌شه‌ودا کارى ئه‌کرد. کاژێر شه‌ش نۆبه‌ى کارکردنى ته‌واو ئه‌بوو. مه‌وداى شوێنکاره‌که‌ى تاوه‌کو ماڵه‌که‌ى زۆر بوو. گه‌ر دونیا خۆش‌و که‌ش له‌بار بوایه به بایسکیل ده‌ڕۆیشت بۆ سه‌رکار، کاتى سه‌رماوسۆڵه‌ش به ترام ده‌ڕۆیشت. هه‌میشه نزیکه‌ى چاره‌ک بۆ حه‌وت ده‌گه‌یشته ماڵه‌وه. بڕێجاریش به‌ر له زه‌نگى کاژێره چاڵمه‌که ده‌هاته‌وه. هه‌ندێجاریش پاش ئه‌وه‌ى که زه‌نگى کاژێره‌که "ئالیده"ى بێ‌دار ده‌کرده‌وه ده‌گه‌یشته ماڵه‌وه .
ده‌نگى زه‌نگى کاژێره‌که له‌گه‌ڵ ده‌نگى پێى پیاوه‌که له قووڵایی گیانى ئالیده‌دا که ڕۆچووبووه خه‌وێکى قووڵ و شیرینه‌وه ده‌بووه یه‌ک و ئاوێته ده‌بوو، خه‌وى خۆشى ده‌مه‌وبه‌یانی له چاوى ئه‌تاراند و لێنه‌ده‌گه‌ڕا له‌ززه‌ت له سات به‌ساتى ببات .
ئالیده به چاوى نووقاوه‌وه ده‌ستى بۆ کراسه‌که‌ى درێژ ده‌کرد تاوه‌کو له‌به‌رى بکات. ئارتورۆ کیسه به‌تاڵه‌که‌ى له جانتاکه‌ی ده‌رده‌هێنا و ده‌یخسته نێو سه‌نگى قاپوقاچاغ شوشتنه‌که‌وه و ته‌رمۆزه‌که‌ى ده‌خسته سه‌ر مێزه‌که. هاوکات ئالیده خه‌واڵو و به‌قژى بژه‌وه ده‌رده‌که‌وت، که تاڵى قژى که‌وتبووه سه‌ر ڕووخسارى. قاوه‌که‌ى ده‌خسته سه‌ر ته‌باغه‌که. که ئارتورۆى ده‌بینى تاڵه‌کانى قژى له‌سه‌ر ڕووخسارى لا ئه‌برد و چاوه هه‌ڵئاوساوه‌کانى به‌زۆر هه‌ڵده‌هێنا. وه‌ک بڵێى له‌به‌رئه‌وه‌ى که هاوسه‌ره‌که‌ى به‌ر له هه‌ستانى ئه‌و گه‌ڕابووەوه شه‌رمى پێده‌هات. کاتێک که به‌ئاگا هاتبووەوه سه‌روسیمایه‌کى شیاوى نه‌بوو. ئێستا گه‌ر دوو به‌دوو لاى یه‌که‌وه بخه‌وتنایه په‌شێوى و شه‌مزاوییان مه‌سه‌له‌یه‌ک نه‌بوو، شتێکى ئاسایی بوو. بڕێ‌جار ئارتورۆ به کوپێک قاوه‌وه به‌رله‌وه‌ى که زه‌نگى کاژێره‌که ئالیده به‌ئاگا بێنێته‌وه ده‌هاته ژوورسه‌رى و بێدارى ده‌کرده‌وه. چ بێدارکردنه‌وه‌یه‌ک، ئالیده هه‌ر به‌ده‌م خه‌وه‌وه ده‌ستله‌ملانى هاوسه‌ره‌که‌ى ده‌بوو و ڕایده‌مووسى. کاتێک قاپووته‌که‌ى ئارتورۆ به‌ر جه‌سته‌ى ده‌که‌وت ده‌یزانى که‌شى ده‌ره‌وه چۆنه، به‌ڵام هێشتاکه نه‌یده‌توانى پێش به خۆى بگرێت و هه‌ر ده‌یپرسى هه‌واى ده‌ره‌وه چۆنه؟
ئارتورۆیش له‌ژێر لێوه ده‌ستیده‌کرد به بۆڵه‌بۆڵ و له ده‌ست گشت شتێک ده‌یناڵاند. له جیکه جیکى سه‌ر کاره‌که‌ى، نه‌فه‌ر بارکردن و ئه‌و هه‌وا سارده‌ى که له ده‌رەوە چاوه‌ڕوانى ئه‌وى ده‌کرد. ئه‌و هه‌وایه‌ى که له‌گه‌ڵ هه‌واکه‌ى شه‌وى ڕابردوودا فرە جیاواز بوو. باسى کار‌و کرێکاره‌کان و هه‌راوهه‌نگامه‌کانیانى بۆ ده‌گێڕایه‌وه، کورت‌و پوخت. جاروباریش باسى به‌زم و قۆشمه‌چییه‌تى هاوکاره‌کانی ده‌کرد .
ئاسایی به‌و به‌یانییه زووه ماڵه‌که زۆر گه‌رم نه‌بوو. ئالیده بێئه‌وه‌ى جله‌کانى له‌به‌ربکات به‌ره‌و گه‌رماوه‌کە ڕایده‌کرد بۆئه‌وه‌ى خۆى بشوات. ئارتورۆیش به‌دواى ئه‌ودا خۆى ده‌کرد به گه‌رماوه‌که‌دا و جله‌کانى دائه‌که‌ند تاوه‌کو تۆز‌وخۆڵ و چه‌ورى جه‌سته‌ى بشوات. بڕێ‌جار هه‌ر سه‌رپێییانه له گه‌رماوه‌که‌دا سێکسیان ده‌کرد، له کۆتاییشدا هه‌ر له‌نێو گه‌رماوه‌که له ته‌نیشت یه‌که‌وه له‌سه‌ر زه‌ویه‌که ته‌خت ده‌بوون .
ئالیده ناکاو ده‌هاته‌وه یادى که دره‌نگه و وه‌ک فیشەکەشێتە له جێگه‌ى خۆى به‌رز ده‌بووەوه. به جه‌سته‌ى نیوه ته‌ڕه‌وه گۆره‌وى و جله‌کانى ژێره‌وه‌ى ده‌پۆشى، پاشان جله‌کانى له‌به‌ر ده‌کرد. قژى په‌خش و په‌رێشانى شانه ده‌کرد و ته‌وقه‌ى قژه‌که‌ى به ددان ئه‌گرت بۆئه‌وه‌ى له کاتى خۆیدا بیدا له قژى. له ئاوێنه‌که‌وە له ڕووخسارى خۆى ده‌ڕوانى و ئارایشتێکى خێرایى ده‌کرد. ئارتورۆیش به جگه‌ره‌یه‌که‌وه له پشته‌وه له‌و ڕامابوو. هه‌رجارێک له جارى پێشوو زیاتر بێتاقه‌ت ده‌بوو. ئه‌وه که‌ى ژیان بوو. ئالیده ئاماده بوو، ماچێکى ئه‌دا‌و ده‌رگاکه‌ى ده‌کرده‌وه و به پلیکانه‌کاندا ڕایده‌کرده خوارەوە. کاتێک ئالیده ده‌ڕۆیشت ئه‌و به‌ته‌نیا ده‌مایه‌وه .
ئێستا ئه‌و به چاوى خه‌یاڵ ئالیده‌ى ده‌بینى، که به چ په‌له‌پڕوزه‌یه‌ک له حه‌وشه‌که تێده‌په‌ڕى و تاوه‌کو وێستگه‌ى ترامەکه ڕایده‌کرد. ده‌نگى تایه‌ى ترامەکه به‌لایه‌وه ئاشنابوو. تایه‌کانى به قیژه‌یه‌کى کێشدار ئیستۆپى ده‌کرد. به‌ربه‌ستى ترامەکه که له‌گه‌ڵ سواربوونى هه‌ر که‌سێک شه‌قه‌یەکى ده‌کرد، ئێستا ئیدى ئالیده لێى تێپەڕیبوو. ژنه‌که‌یی له‌نێو ئاپۆره‌ى موسافیره‌کاندا ده‌بینى که له‌سه‌ر کورسى ترامەکه دانیشتووه و ده‌ڕوات بۆ سه‌رکار .
گڵۆپه‌که‌ى ده‌کوژانده‌وه و په‌رده‌که‌ى دائه‌دایه‌وه. کاتێک ماڵه‌که تاریک ده‌بوو، ده‌چووه نێو جێخەوەکەى، جێخه‌وى ژنه‌که‌ى به تێکچوویی مابووەوه، به‌ڵام ئه‌و به‌شه‌ى که ئارتورۆى له‌سه‌ر ده‌نووست ده‌ستى لێنه‌درابوو. هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا ڕێکیان خستبێ. ده‌خزایه ژێر به‌تانییه‌که و چه‌رچه‌فه‌که‌ى ئه‌دا به‌سه‌رى خۆیدا. به‌ڵام هه‌ر خێرا جێگۆڕکێى ده‌کرد و ئه‌ژنۆى ده‌ساوویه ئه‌و شوێنه‌ى که هه‌نوکه تینى گه‌رماى جه‌سته‌ى ژنه‌که‌ى هه‌بوو، جه‌سته‌ى ئه‌و چاڵێکى بچووکى له‌سه‌ر دۆشه‌کڵه‌که دروست کردبوو. ده‌موچاوى ده‌چه‌قانده سه‌ر سه‌رینه‌که‌ى ئه‌و و عه‌ترى جه‌سته‌یی هه‌ڵده‌مژى تاوه‌کو خه‌وى لێبکه‌وێت .
ئالیده شه‌و ده‌گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه. ئارتورۆ که هێنده نه‌ده‌بوو بێداربووبووەوه، ده‌ستى ده‌هێنا به کون و قوژبنى ماڵه‌که‌دا. ته‌باغه‌که‌ى پێده‌کرد و خواردنه‌که‌ى ده‌خسته سه‌ر، تاوه‌کو پێگه‌یشتنى ژه‌مى ئێواره کاتى هه‌بوو کاره ورده‌کان ته‌واو بکات. جێخه‌وه‌که‌ى ڕێکده‌خست و جله‌کانى ده‌خووساند. ئالیده له‌گه‌ڵ قاچى ده‌خسته ژووره‌وه به‌دواى ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕا بزانێ چ کارێک به خه‌مساردیى ئه‌نجام دراوه. ئاسایی کاره‌کانى ئارتورۆى په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد. هه‌ڵبه‌ت ئارتورۆیش هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ى بێ ئیش نه‌بێ له ناچارییدا به‌نێو ماڵه‌که‌دا ده‌خوولایه‌وه .
ئالیده به‌رله‌وه‌ى که بێته‌وه ماڵه‌وه، سه‌رێکى له فرۆشگه‌کانیش ئه‌دا‌و پێداویستییه‌کانى ماڵه‌وه‌ى ده‌کڕى .
کاتێک ده‌نگى پێى ئالیده ده‌گه‌یشته ڕاڕه‌وه‌که، له‌گه‌ڵ ده‌نگى پێى چوست‌وچالاک و به که‌یفى به‌یانیدا جیاوازییه‌کى زۆرى هه‌بوو. قاچى شه‌که‌ت و ماندووی به‌زه‌حمه‌ت به‌رگه‌ى هه‌ڵگرتنى جه‌سته‌یی ده‌گرت، که ڕۆژێکى ته‌واو کاریان کردبوو. ئارتورۆ ده‌چوو به‌ده‌مییه‌وه و کیسه‌کانى له‌ده‌ست وه‌رده‌گرت و ده‌یهێنایه سه‌رەوە .
له ماڵه‌وه مه‌یلیان بۆ قسه‌کردن ده‌کرایه‌وه. به‌ڵام حاڵ‌وحه‌وسه‌ڵه‌ى قسه‌کردنیان نه‌بوو .
ئالیده له‌سه‌ر کورسیه‌که دائه‌نیشت، بێئه‌وه‌ى جله‌کانى دابکه‌نێت. ئارتورۆ کیسه‌کانى ده‌کرده‌وه و له‌سه‌ر مێزه‌که چێى ئه‌کردن. ژنه‌که‌ى ده‌یگووت لێیانگه‌ڕێ بۆ دوایی، پاشان هه‌ڵده‌ستا خۆى ده‌گۆڕى. پێکه‌وه ژه‌مى ئێواره‌یان ئاماده ده‌کرد. تۆزێکیان له خواردنه‌که جیاده‌کرده‌وه بۆ نیوه‌شه‌و کاتى پشوودانى ئارتورۆ له‌سه‌ر کار. له‌گه‌ڵ ژه‌مى به‌یانى ئالیده که ده‌بوو به‌یانى له‌گه‌ڵ خۆى بیبات بۆ سه‌رکار‌و ژه‌مى به‌یانى ئارتورۆ، که ده‌بوو کاتى گه‌ڕانه‌وه ئاماده بێت، ئاماده ده‌کران .
ئالیده تاقه‌تى کارکردن و ڕێکخستنه‌وه‌ى ماڵه‌وه‌ى نه‌بوو. له‌سه‌ر کورسییه‌که دائه‌نیشت و ورده فه‌رمایشتى ئه‌کرد. ئارتورۆ که باش حه‌وابووەوه فه‌رمانه‌کانى به‌جێ ده‌هێنا‌و ده‌کۆشا ژنه‌که‌ى له خۆى ڕ‌ازى بکات. بڕێجاریش هۆشى لاى خۆى نه‌ده‌ما‌و کارێکى به باشى ڕانه‌ده‌په‌ڕاند، ئه‌و کاته هاتوهاوارى ژنه‌که‌ى به‌رز ده‌بووەوه و به‌یه‌کدا هه‌ڵده‌شاخان. ئالیده ده‌یگووت پیاو ده‌بێ زۆر به باشى ئاگادارى ئه‌و کاره بێ که ده‌یکات، ئارتورۆیش گشت بیروهۆشى لاى ئه‌و کاره بوو که شه‌و تا به‌یانى ده‌یکرد، ئیدى کاتى نه‌بوو. ده‌بوو بجووڵێ .
ژه‌مى ئێواره‌یان ئاماده ده‌کرد، ئیدى پێویستى نه‌ده‌کرد خۆیان به‌شتى تره‌وه خه‌ریک بکه‌ن. ده‌یانزانى کاتێکى که‌میان له‌به‌رده‌ستدایه. نه‌ده‌هاته‌وه یادیان فه‌رمووى خواردنیان له‌یه‌کترى کردبێ. ئارتورۆ پارووەکانى هه‌ر به نه‌جاوراوى قووت ئەدا‌و قاوه‌که‌ى ده‌خوارده‌وه. کوپى قاوه‌که هێشتا نیوه بوو که ده‌چوو بۆ لاى بایسکیله‌که و ماچێک و ده‌ست له ملکردنێکى ئالیده‌و ته‌واو. تێر یه‌کتریان نه‌دیتبوو ماڵئاواییان ده‌کرد. بایسکیله‌که‌ى هه‌ڵگرت و له‌سه‌رخۆ به پێپلیکه‌کاندا چووه خوارەوە .
ئالیده قاپه‌کانى شووشت و به‌ده‌م بۆڵه‌بۆڵه‌وه پاشه‌ڵى مێرده‌که‌یی کۆکرده‌وه. هاوسه‌ره‌که‌ى به بایسکیله‌که‌وه به‌شه‌قامه نیوه تاریکه‌کاندا گوزه‌رى ده‌کرد. دینه‌مۆى بایسکیله‌که ئیشى ده‌کرد و ڕووناکییه‌کى کزى بۆ پێشه‌وه دروست ده‌کرد، که له‌به‌رده‌م ڕووناکى گڵۆپى دارتێله‌کانى سه‌ر جاده‌دا شه‌وقى نه‌ده‌ما. دیاره ئێستا گه‌یشتووه‌ته کارگه .
ژنه‌که چووه نێو جێخەوەکەى. له‌سه‌ر به‌شى دۆشه‌که‌که‌ى خۆى تلێکى خوارد، بۆئه‌وه‌ى بگاته شوێنى خه‌وى هاوسه‌ره‌که‌ى تاوه‌کو هه‌ست به گه‌رماى جه‌سته‌ى بکات. به‌ڵام کاتێک قاچى درێژکرد هه‌ستى کرد شوێنه‌که‌ى خۆى گه‌رم تره. تومه‌ز ئارتورۆ له شوێنه‌که‌ى ئه‌ودا نووستبوو. گه‌رماى جێخه‌وه‌که ڕۆچووه جه‌سته‌یه‌وه و هه‌ستى به خۆشەویستى کرد .
.................................
* ئیتالۆ کالڤینۆ نووسەر و ڕەخنەگر و تیۆریسەنى کوبایى – ئیتالى، بە یەکێک لە گەورەترین نووسەرانى سەدەى بیست دادەنرێت. کالڤینۆ نووسەرێکى داهێنەرە. خەلاقیەتى ئەو لە نووسیندا لە بابەتى چیرۆکەوە بگرە تا دەگاتە پلۆت سەرسامکەرە.