شیعر و تابلۆ: بەهار حوسەینى
هێشتا بێ وڵاتی و
بۆن بە گوڵێکی کۆچەرییەوە دەکەی.
چیرۆکی برینەکانت
بەدەم گۆرانییەکی ڕۆژئاواییەوە
بە هیوای ڕۆژهەڵاتەوە دەچڕی.
لەبیرمە
ئەو ملپێچەی لە سنوورەکانی خوێنەوە
هێنات و
لە نێو شەوێکی کپی باشووردا
پێتدام
هێزی چ شۆڕشێکی لە خۆیدا حەشار دابوو.
ئێستا دەزانم
ئێستا
کە لەم بەندەرە هێمنەوە
بە سەر تەرمی خۆمەوە وەستاوم و
بیر لە تۆ دەکەمەوە
دەزانم.