ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلی

  2021-02-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زولەیخا کەریم

پانزە ساڵ لەوەوبەر، کاتێک من لە زانکۆ دەمخوێند، دوو جۆر خوێنەری بەختیار عەلیم لەناو خوێنەرانی زانکۆدا دەبینی:  ئەوانەی عاشقی بوون و ھالەیەکی پیرۆزییان لەدەوری دروست کردبوو و  ھەموو ڕەخنەگرتنێکیان لەو بە بەشتێکی نزیک لە کوفر دەبینی، ئەوانەشی کە حەزیاندەکرد ئەو نوسەرە تەنھا وەک دزێک و کوردینەزانێک پیشانبدەن کە ڕێزمان و تەنانەت ھەندێ وشەی سادەش بە ھەڵە بەکاردەھێنێت؛ بێگومان ھەر دوو بەرەکە بە ئەندازەی یەک ماندووکەر و چەقبەستوو و کوێر بوون. ئەگەر ئەم قسەیە زۆر بە گشتی لێکنەدرێتەوە، ھەر ئەم جۆرە لە خوێنەر، کە ئەمە ھەندێک لە ڕەخنەگرانیش دەگرێتەوە، وایکردووە کتێبەکان لە کوردستاندا خوێندنەوەی جدیان بۆ نەکرێت و لێکۆڵینەوەی جدیی ئەوتۆیان لەبارەوە نەنووسرێت، ڕانانەکانیش زۆر جار تەنھا جۆرە وەسف و پیاھەڵدانانێکن کە ھەندێک کات پەیوەندی ھاوڕێیەتی لە ھەر شتێکی دی زیاتر پاڵنەرییەتی. 

بۆ من، کەشتی فریشتەکان، باشترین ڕۆمانی ئەم نوسەرە بوو تا ئەو کاتەی داگیرکردنی تاریکی نووسی. لە کەشتی فریشتەکان، ئەو درێژدادڕیەی کە بە یەکێک لە کەموکوڕییەکانی شێوازی نووسینی ئەو دادەنرا تۆزێک سێبەری کاڵبووبوویەوە، ھەم توانیبووشی کۆمەڵێک خەیاڵی جیاواز و کاراکتەر و گێڕانەوە بەیەکەوە ببەستێتەوە و خوێنەر ناچاربکات سەرەڕای درێژی کتێبەکە دەست لە خوێندنەوەی بەرنەدات. 

بەختیار عەلی لەم ڕۆمانە تازەیەی زمانێکی تەواو جیاوازی ھەیە، بەبێ ئەو درێژکردنەوەیەی کە لە زۆرینەی ڕۆمانەکانی پێشووتری ببون بە مۆرکی نووسینی ئەو، لەکاتێکدا سەرەتاکانی ئەم گۆڕانکارییە لە زمانی نووسین و شێوازی دەربڕینی نووسەر لە دەریاس و لاشەکاندا دەرکەوت، ئەوا لە داگیرکردنی تاریکی دا تەواو جێگیربوو. 

نووسین لەبارەی زمانی کوردیی و لەگەڵیشیدا شوناسی کورد وەک کێشە گەورەکانی کوردانی باکور، کە بەشێکی گەورەی تێمای ئەم ڕۆمانەیە، بۆ ھەر نووسەرێکی کورد قورسە، چونکە یەک مەترسی ھەمیشە ئامادەیە، ئەویش کەوتنە ناو تەڵەی لایەنگریی و کوێرانە پشتگرتن. زمانی لایەنگرانە دەکرا زیانی گەورە بەم ڕۆمانە بگەیەنێت و شتێکی حەتمیش دەبوو ئەگەر بەشێکی زۆری کارەکتەرە سەرەکییەکان لە بری تورک کورد بوونایە. بەتایبەتی کەسایەتی عەلی ئیحسان ئاکانسو کە یەکێکە لە ھەڵبژاردنە زۆر زیرەکەکانی ناو ئەم ڕۆمانە. عەلی ئیحسان مرۆڤێکە تاڕادەیەکی زۆر یەکلانبۆتەوە و ئاسان پۆلێن نابێت بەسەر باش و خراپدا، ئەمەش پانتاییەکی بێلایەنانە و فراوان دەدات بە نووسەر بۆ گێڕانەوەیەک کە بۆ خوێنەری غەیرە کوردیش باوەڕپێکراو و سەرنجڕاکێشە.  زمانی لایەنگرانە ڕەنگە نووسەر ناچار بە دروستکردنی قوربانی و جەلاد بکات و خۆی سنووردار بکات. 

ھەرچەند بەراوردێکی بەئینساف نیە، بەڵام ئەم ڕۆمانە "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن"ی حەلیم یوسفی بیرھێنامەوە، ڕەنگە بەھۆی بابەتی دوو ڕۆمانەکەوە بووبێت، بەڵام لەکاتێکدا ڕۆمانەکەی حەلیم یوسف کە ھەرچەند ڕۆمانێکی کامڵ و بێ کێشەیە و گێڕانەوە بە ئازارەکانی بۆ منی کورد ئێش بەدڵم دەگەیەنێت، ئەوا ئەم ڕۆمانەی بەختیار عەلی زیاتر لەگەڵ عەقڵی منی کورد قسە دەکات. ڕەنگە بەدیوێکیش وردکردنەوەی خودی ئەو کێشە پڕ وردەکارییانە بێت کە لە تورکیادا گرێی قەدەغەبوونی زمان و شوناس لە مرۆڤی کورددا دروستی کردووە. ئەم کتێبە بیرەوەرییەکانی (نورەدین زازا)شی بیرخستمەوە، کە کتێبێکی گرنگە بەتایبەت لە گێڕانەوەی سەرەتاکانی سەرکوتکردنی کوردان لە تورکیادا لە فۆرمی یادەوەرییدا، پێمباشە ھەر کەسێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە ئەم کتێبەی زازاشی خوێندبێتەوە یان بخوێنێتەوە. 

ئەم کتێبە واتلێدەکات بیربکەیتەوە و وردبیتەوە لە سیحری بەخواوەند زانینانەی سەرکردە فاشیستەکان، کە وادەکات مێگەلێکی خۆ بە خواوەندزان دروست بکەن، بێگومان ئەم پرسیارە شتێکی تازە نیە، ئەم ڕووداوانەی ساڵەھایە لە دنیای کورددا ڕوویداوە ڕەنگە چەندەھا جار وایان لە ئینسانی کورد لە ھەموو بەشەکانی کوردستان کردبێت ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن. بەڵام گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە بەبێ لاڵانەوە و زەخرەفەیەکی زۆر چیرۆکی دوو نەوە لە تورکە نەتەوەپەرستەکان دەگێڕێتەوە، مێژوویەکی نەتەوەپەرستی، سەرکوتکردن و سڕینەوەی شوناس لەبەریەک ھەڵدەوەشێنێت، ھەوڵیشدەدا بێجگە لە ڕق، ترسیش بپشکنێت، جۆرێک لە ترس کە زیاتر وەک ترسان لە دێو وایە تێکەڵە بە خورافە بەقەدەر ئەوەی عەقڵانیی بێت. ھەم ترس و ھەم ڕق بەردەوام وەک ماکینەیەک یەکدی بەرھەمدەھێننەوە،  لە شوێنێکدا عەدنان عاریف پاشا، یەکێک لە کاراکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لەگەڵ کورداندا دەڵێت "بیانخەرە ژێر فشارێکی گەورەوە و پێیان بڵێ دەبێت ببن بە تورک، بەڵام لە ھەمان کاتدا تێیانبگەیەنە ھەرگیز ناتوانن ببن بە تورک،،،" 

ئەم ڕۆمانە ھەوڵێکی تایبەتیشە لە ڕێزگرتنی خوێنەری کورد و خوێنەر بەگشتی، لەوەی نووسەری کورد ھەوڵبدات لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاریی بکات بە کەرەستەیەکی پاڵپشتکەر و بەھێزی نووسین، چونکە بێگومان گەر بەختیار عەلی ھەوڵێکی زۆری نەدابێت بۆ وردبوونەوە لە مێژووی مۆدێرنی تورکیا و دیراسەکردنی ڕووداوە گرنگەکان و قەتڵوعامکردنەکانی کورد و ئەرمەن و یۆنانیەکان و کۆمەڵێک بابەتی کرد، نەیدەتوانی ڕۆمانێک بنووسێت قەناعەتپێکەر بێت بۆ خوێنەر. بەتایبەتی لە بەکارھێنانی ھەندێک لە ڕووداوە مێژووییەکان لە گرێی ڕۆمانەکەدا. 

تەمەنادەکەم ئەم ڕۆمانە بخوێندرێتەوە، نەک ھەر لێرە، بەڵکو لەلایەن کوردانی پارچەکانی دیش، بێگومان وەرگێڕانیشی بۆ زمانەکانی تر گرنگییەکی زۆری ھەیە لە ڕووناکی خستنە سەر کێشەی کوردان، بەتایبەتی کێشەی زمان و شوناس. کاتی ئەوە ھاتووە کورد بتوانێت لە ڕێی ئەدەبەوە قسەکانی خۆی بکات. 


ڕیکلام