دووری

  2021-02-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلالی میرزا کەریم

شەوێ نییە..
پەنجەکانی،
ئازیزی دوور
لە دەروازەی دڵم نەدا و
چاوی نوستووی ھیواکانم،
لەسەر ڕۆخی خەونەکانا..
ھەڵنەسێنێ و
نەمباتەوە..
ناو کۆڵانی سەرھەڵگرتووی 
کاروانی ئەو ئەستێرانەی،
کوژانەوە 
نەخێر.. بەژنی ئەو مۆمانەی،
توانەوە. 
* * *
ڕۆژێ نییە..
ورشەکانی،
ئاسۆی سوور
باڵی ھەناسەم ھەڵنەکا و
لانەی مەلی سەرگەردانم 
لە تارمایی یادەکانا..
ھەڵنەفڕێنێ و
نەمکاتەوە.. 
نەخشەی وڵاتێکی سووتووی
ڕێی دوێنێی ئەو پشکۆیانەی، 
ناکاوێک دامرکانەوە 
نەخێر.. تەرمی ئەو خۆزگانەی،
بۆ لای یادیان نەبرانەوە.
* * *
ئەزانم ڕێی،
ماچی لێوی خۆرھەڵاتی شارەکەم 
.. ترسناکە.
ئەزانم زێی،
پەڕینەوەی بەرەو لای خۆشەویستەکەم 
.. زۆر سامناکە.
ئەزانم ڕووی، 
نشێوەکانی سەر سنگی بەھارەکەم 
.. بێ گوڵزارە.
ئەزانم برووسکەی جوانووی
ناو چاوی کوردستانەکەم
.. بریندارە.
* * *
ڕەنگە.. وا زوو
نەگەمەوە،
سەر ئەو گۆڕەی..
ئەم فرمێسکەی بۆ ئەڕێژم.
ڕەنگە.. وا زوو 
نەگەمەوە،
ناو ئەو وەرزەی..
شەتڵی ھیوای نەورۆزی نوێی بۆ ئەنێژم.
بەڵام.. کڕێوە و زریانی 
چیا سەربڵندەکانم..
ھەمیشە لەناو چاودایە.
ئاودامانی،
وڵاتی ھەژارەکانم..
وەکو سێبەر لەگەڵدایە.
لافاوی ئاگر ھەڵسانی،
ناو جەرگەی سەنگەرەکانم..
لە ناخدایە 
لە ناخی گەرم و ڕووندایە.
١٩٨٨



ڕیکلام