کاتێک بارەگای بارزانی قسە دەکات!

  30/12/2025  |    562 جار خوێندراوەتەوە

ئەڵبەتە مەعلوم نییە کە کاک مەسعود چۆن عەقڵی خۆی داوەتە دەست ئەو خەڵکە مستەوا و بێ سەروبەرەی کە لە ژێر چەتری بارەگادا، لاقیان لێڕاکشاوە و، فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نییە!؟

ئەوەی دوێنێ بە ناوی کاک مەسعودەوە سەبارەت بە دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بڵاو کرایەوە، زادەی ئەو فانتازیاییە جاهیلانەیەیە کە کۆمەڵێک (گەللۆر)ی هیچ لەباردا نەبوو دایانڕشتبوو.

کاک مەسعود لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە بەپێی رێککەوتنی نووسراو بێت یان نەنووسراو، پۆستە باڵاکانی هەرێم بۆ پارتین و لە بەرامبەریشدا، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بۆ یەکێتییە. 

سەرباری ئەوەی کە بارزانی سوڕ دەزانێ کە ئاخیرەکەی دەیدۆڕێنێ، بەڵام بارەگا، پەلکێشی دەکەن.
رەنگبێ کەسیش بە قەدەر بارزانی ئەوە نەزانێ کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، یەکێتی باجی درێژکردنەوە ناقانونییەکانی ماوەی سەرۆکایەتیی ئەو دەدەن لە سەردەمێکدا کە سەرۆکی هەرێم بوو!

پێش ئەوەی باسی فانتازیایەکانی (گەللۆر)ەکان بکەم، تەنها یەک پرسیار. ئایا ئەگەر پۆستی سەرۆکی عێراق بەرکەوتەی پارتی بایە، ئەو جۆرە میکانیزمانە پێشنیاز دەکران!؟

خۆری پارتی و بارزانیی باوک  کە رۆژانێک لە هەولێرەوە بڕیاری لە ئاییندەی حوکمڕانیی عێراق دەدا، ئیتر ئاوا بووە. ئەگەر جاران شیعە و سوننە شاقەلی جەنابیان ماچ کردبێ، ئەمڕۆ بارزانی بۆ سەرخستنی کاندیدی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، دەستەودامێنیان بووە!
ئەوە سەرەتای شکست و داڕمانی یەک ملیۆن دەنگەکەی پارتییە کە بارەگا لەسەر مێزی قوماری سیاسیدا دەیدۆڕێنێ.

بۆ؟

چونکە ئەوە هەمووی لە سایەی ئەو فراونخوازییە بوو کە بە هۆی (گەللۆر)ەکانی بارەگاوە کە رێگەیان نەدا و یان خودی بارزانی نەیویست لە جیاوازیی نێوان سەرۆکاتیی میللەتێک و سەرۆکایەتیی حزبێک تێبگات.

چۆن؟

لە ناڕەزایەتیەکانی چەند ساڵ پێش ئێستای سلێمانیدا، بارەگا بڕیاری دا کە بارزانی پێشوازی لە چایچییەکی ناوچەی پارتی لە سەیدسادق بکات و بە گیرفانی پڕ دۆلارەوە ناردییەوە ماڵێ کە دوو شەقی پێکەوتبوو! بەڵام گەللۆرەکان رێگەیان نەدا کە بە یەک کەلیمەش بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو کەسانە بکات کە گیانیان لە دەست دابوو! گوایە جەنابیان مەڕجەع بوو! 

یان لەوەش بگەڕێین کە ئەوانە بە قەولی خۆتان (میللەت)نەبوون و (عیللەت) بوون، بەڵام خۆ ئەدهەم بارزانی، نەوەی خودانی بارزان و لە گۆشت و خوێنی خۆتان بوو! لە سەر سێ گوتار شاربەدەریان کرد و رێگەتان نەدا ماڵئاوایی لە تەرمی دایک و براکەی بکات!

ئینجا سەبارەت بە میکانیزمەکانی دیاریکردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ئەوەی بە ناوی بارزانییەوە بڵاو کراوەتەوە، جێگەی سەرسوڕمانە و زیاتر لە نوکتە دەچێ. 
١٤ مانگە لە کوردستان هەڵبژاردن کراوە و، پەرلەمان یەکجار کۆبۆتەوە. سەرۆک و جێگرەکانی پێ دیاری ناکرێ، کەچی بارەگا دەفەرموێ با ئەو پەرلەمانە کاندیدی  سەرۆکایەتیی کۆمار دیاری بکات!

خەیاری دووەم ئەوەیە کە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان کۆ ببنەوە و کەسێک دیاری بکەن. بەڵام ئایا قسەی حزبە کوردستانییەکان لای ئێوە دە فلسی قەڵب دێنێ!؟ ئەدی ئەگەر حزبە کوردستانییەکان کۆبوونەوە و گوتیان بۆ دەرچوون لەو چەقبەستوییەی کە بۆ پێکھێنانی کابینەی ١٠دا دروست بووە، پێمانباشە کە پارتی لە جیاتی کوڕەکەی بارزانی فڵانکەس لە پارتی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت راسپێرێت، ئایا بارزانی قەبوڵی دەکات!؟

خولاسەی کەلام، لە هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا، کوڕە فەقیرێک، پایەکانی عەرش و سەڵتەنەتی بارزانیی لە بەغدا ھەژاند. 

ئیسپاتی کرد کە وجودی پارتی لە بە غدا، مانای وجودی کورد نییە و کوردایەتیش لەسەر پارتی تاپۆ نەکراوە. ھەر لەو گۆشەیەوەش ئیتر بارەگا بە تەهدید و شانتاژ ناتوانێ بڕیار لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بدات.

ئەگەر بە راستی لە خەمی کورددا، بوون، دەبوایە لە جیاتی پارە بەشینەوە بەسەر عەرەبدا، کاندیدە فاشیلەکەی خۆتان کشاندبایەوە و پشتگیریتان لە کوڕە کوردێکی دڵسۆزی کوردایەتی واتا دکتۆر رێبوار کەریم مەحمود کردبایە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.

زیاتر