ئەو راستیانەی پەلاماردانی رۆژئاوای كوردستان دەریخست
26/01/2026
|
604 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی ئەو رووداوانەی رۆژئاوای كوردستان چەند راستیەكی نوێ لەژیانی سیاسی كۆمەڵایەتیی بۆهەموولایەك روونتر بوویەوە.
یەكەم: دەركەوت ئەمریكا ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا جێگای متمانە نین، ناكرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆیە دەبینین دوای زیاتر لە 10 ساڵ لەهاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریكاو كورد وەك خۆیان دەیانگوت، ئەمڕۆ ئەمریكا كوردی خستە سەوداو فرۆشتی بەو نرخەی كە خۆی دەیویست. راستە ئەمریكا هیچ پەیمانێكی بەكورد نەدابوو، بەڵام هیچ مەنتقێكیش رێ بەوەنادات ئەو سەودایەی ئەمریكا لەگەڵ ئەو هێزەدا بێت كە 10 ساڵە لەگەڵ كورد بەناوی تیرۆرەوە دژایەتیان دەكات.
بۆیە پێویستە ئەو كەوتن، یاخود ئەو رووداوانەی رۆژئاوای كوردستان ببێتە پەندو ئەزمون بۆ سەركردایەتی بڕیاردەری كوردستان تا پێداچوونەوە بەتێگەیشتنی خۆیان لەبارەی هەڵوێست و سیاسەتی ئەمریكا بكەن. ناكرێت هەموو هێلكەكان بخرێتە سەبەتەی ئەمریكاو وابزانن فریادڕەسە.
لەسەر زاری رەحمەتی مامجەلال دەگوترێت كە گوتویەتی "لەگەڵ ئەمریكا وەك هاوپەیمان و لەگەڵ ئێران وەك دراوسێ مامەڵە دەكەین". مەبەستی ئەوەبوو كە ئەمریكا هێزێكی گەورەیە لەدونیا، بەڵام دەكرێت هەمووكاتێك ناوچەكەو كوردستان بەجێبهێڵێت، بەپێچەوانەی ئێران، سەرباری ناكۆكیی و گرفت، بەڵام دەمێنێتەوەو ناڕوات بۆیە پێویستە ئەو راستیەمان لەبەرچاومان بێت.
دووەم: پەلاماردانی كورد لەسوریا دەریخست لەرووی ستراتیجییەوە، هاوپەیمانێتی كورد لەناوچەكە لەگەڵ شیعە باشترە نەك سوننە. دەركەوت هەمووكاتێك بیری (سوننە) مەترسی گەورەیە لەسەر كۆی دۆزی كورد لەناوچەكە. ئەو راستیە دووپاتبوویەوە كە هزری سوننەو دەمارگیری عەرەبیی و تورك دووانەی لێكدانەبڕاون. فكری سوننە وەك داینەمۆو وزەیە بۆ گەشەو بەردەوامی هزری دەمارگیریی قەومیی عەرەب و تورك لەناوچەكە، هەردوولا لەپەنای دینەوە كورد دەچەوسێننەوە.
لەعیراق هاوپەیمانێتی كورد و شیعە زەرورەتێكی مێژووییە.لەبەر ئەم هۆكارانە:
1- هەردوولا قوربانی گەورەی حوكمڕانی سوننە بوون لەماوەی 100 ساڵی رابردووی عیراق، ئێستاش كە جارێكی دیكە لەپەنای ئەمریكا هەژموونی سوننە خەریكە زیادبكات، تەنها مەترسی نییە لەسەر شیعە، بەڵكو راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كورد دروستدەكات، بۆیە دەتوانین بڵێین نەیاری هاوبەشی هەردوولایەو دەكرێت وەك هاوبەش وەربگیرێت.
2- كێشەی گەورەی كورد لەعیراق پرسی خاكە (ناوچە جێناكۆكەكان) ئەو گرفتەی لەگەڵ سوننەیە نەك شیعە كەوایە بەریەككەوتنی كەمتری لەگەڵ شیعە هەیە.
سێیەم: بەهۆی ئەو رووداوانەی رۆژئاوای كوردستان، یەكەمجارە گوتاری نەتەوەیی بەسەر گوتاری ئاینیی دا زاڵ ببێت. رۆژئاوای كوردستان، كوردی لەهەموو شوێنێك و بەهەموو رەنگە جیاوازەكانەوە یەكخست. مامۆستایانی ئاینیی، لەهەموو كونجێكی كوردستان، رۆڵێكی زۆرباشیان هەبوو لەخرۆشاندنی شەقام لەدژی داگیركاریی و ستەمكاریی عەرەب و توركان، تەنها چەند مەلایەكی نەزان نەبێت كە داكۆكیان لەعەرەب و جۆلانیی كرد، بەڵام رووبەرووی رەخنەی توندی شەقام و میدیا بوونەوە. بۆنمونە مەلا عەلی قەرەداخی كە بەهۆی داكۆكی لەئەجێندای قەومەچێتی عەرەب و قەتەر داكۆكی لەستەمكاریی جۆلانیی كرد لەسوریا، بەڵام خۆی رووبەرووی شەپۆلێكی ئێجگار بەهێزی توڕەیی شەقام كردەوە، مخابن خۆی شەرمەزاركردو ناوی خۆی لەكەداركرد، تاماوە پێی راستناكرێتەوە.
چوارەم: یەكەمجارە لەمێژووی نوێ، كورد وەك نەتەوە لەهەموو دونیا هەستایە سەر پێ. رەنگە لەوێستگەی دیكە خرۆشان دروستبووبێت، بۆنمونە لەدەستگیركردن و رفاندنی رێبەری پەكەكە (عەبدوڵلا ئۆجالان)، بەڵام هێشتا ئەوەی چەند رۆژی رابردوو كاریگەرتر بوو چونكە ئەمجارە كورد وەك نەتەوە لەدەرەوەی تێگەیشتنی حزبیی، یان كاریگەری ئاینیی راپەڕیی و رووبەرووی ستەم و داگیركاریی عەرەب و تورك بوویەوە.
رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان، هەستی نەتەوەیی كوردبوونی لەهەموو ناوچەیەكی كوردستان گڕ تێبەردا، بەتایبەت لەباشوری كوردستان كەبەهۆی گەندەڵیی و ستەمكارییەوە زۆر لاوازبوو، بەهۆی داگیركارییەكانی رۆژئاوا سەرلەنوێ زیندوو بوویەوە. لەوەش واوەتر سەدان گەنجی كورد لەهەموو شارەكانی باشورو رۆژهەڵات و باكوری كوردستان بەلیشاو روویان لەرۆژئاوای كوردستان كرد بۆ بەرگریی. ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ گەشەو خەمڵینی هەستی نەتەوەیی لای هەموو تاكێكی كورد.
|