بەبەرچاوی عەرەب و عەجەم، كورد دەكەونە ململانێی و رنینەوەی پرچی یەكتر
27/01/2026
|
272 جار خوێندراوەتەوە
لەماوەی چەند رۆژی رابردووی ئەو دۆخە نەخوازراوەی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی پەلاماری گروپ و میلیشیاكانی ئەحمەد شەرع و تورك، گەلی كوردستان لەهەموو كونجێكی ئەم سەرزەمینە، بەبەرپرسیارێتی خۆی رابوو، هاتەسەرپێ و دلێرانە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانیی خۆی پێشكەش بە رۆژئاوای كوردستان كرد، هەروەك بەهەموو شێوازێك رووبەرووی كارە دوژمنكارانەكانی دوژمنان بوونەوە.
مخابن لەم دۆخە ناسكەدا كە گەلی كورد لەهەمووكات زیاتر پێویستی بەیەكگرتوویی و هەماهەنگی هەیە، دەبینین سبەی لەبەغدا ململانێیەكی توند لەنێوان لایەنەكانی هەرێم بەتایبەتیش پارتی و یەكێتیی هەیە سەبارەت بەپرسی سەرۆك كۆمار! لەم تەنگانەیەدا، لەم دۆخە خراپەی رۆژئاوای كوردستان و ناوچەكە، هەموو گەلی كوردستان چاوی لەوەبوو سەركردایەتی حزبەكان بەرپرسیارانەتر لەشەقام مامەڵە لەگەڵ قۆناغەكەدا بكات! بەڵام پێدەچێت بەرژەوەندی حزبی و خواستی پاوانخوازیی رێگریان لێبكات.
سبەی لەبەغدا، بەبەرچاوی عەرەب و عەجەم، كورد دەكەونە ململانێی و رنینەوە پرچی یەكتر! هەر لایەنەو كە كاندیدی هەیە لەباتی روو لەیەكتر كردن و رێككەوتن، دەچنە لای لایەنە شیعەو سوننەكان داوای دەنگ و پشتیوانیان لێدەكەن ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر لەنێوان خۆیان رێككەون، یەك كەس نییە كێبڕكێیان بكات، چونكە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد یەكلایی بۆتەوەو هیچ مشتومڕی لەسەر نییە! لەهەمووی خراپتر، ئەم ئێوارەیە بینیم، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبونەوەیەكیان رێكخستبوو، هەردوو كاندیدی پارتی و یەكێتیان بانگكردبوو بۆ كۆبونەوەكە، تاوەكو لەنێوان خۆیان رێككەون چونكە لایەنە شیعەكانیش هەست بەجۆرێك لەئیحراجی دەكەن و نایانەوێ ئەو ململانێیەی ناو ماڵی كورد بێتە ناو شیعە بەڵكو دەیانەوێ كورد خۆی كاندیدی خۆی یەكلایی بكاتەوە نەك شیعە.
لەم دۆخەدا كە ناوچەكە گڕ دەگرێت و لەرۆژئاوا رۆژانە ئاگربارانەو گەلی كورد رووبەرووی دوژمنكارانە دەبێتەوە، لایەنیكەم دەبوو لایەنە سیاسیەكان كۆبونەوەیەك، دیدارێك، هەماهەنگیەكیان كردبا، تەگبیرێكیان لەدۆخی رۆژئاوای كوردستان و ئەو هەڕەشانەی ناوچەكە كردبا، كەچی مخابن پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشیان لەنێوان خۆیاندا نەكردووە؟! بگرە هەریەكە بەلایەكدا لەخەمی پۆست و پلەی بەغداو لەخەمی ئەوەیە سەرۆك كۆمار وەرگرێت تا سوێند بخوات یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزێت!
|