سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم ئاڵنگاریی بڕیاری ڕووخاندنیدا؟

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  19/03/2026  |    512 جار خوێندراوەتەوە

ئێمە چەند ساڵێکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم قۆناغ و وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدایە، سەبارەت بەکوردو دۆزەکەشی، بە سەرەپێچی مێژوویی وەسفمان کردووە. (٧ی ئۆکتۆبەر) دەرفەتێکی زێڕینی وای خستە بەردەم ئیسرائیل و ئەمریکای هاوپەیمانیەوە، کەئاسان نییە وابیربکەینەوە، دەست لەوەبەرهێنان تیایدا هەڵبگرن، پێش بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان.

هەربۆیە سەبارەت بەم جەنگەی لە ئێستاد شدا لە ئارادایە، چاوەڕێ ناکرێت تەنها بەهەندێ دەستکەوتی سیاسی و سەربازی و سەرکەوتنی تەکتیکی وکاتی وازبهێنن و پاشەکشە بکەن، دەست لەهەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە بەرەی بەرەنگاری ئیسلامی ناوچەکە بە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێی بەکارهێنانی ئەوپەری هێزەوە هەڵبگرن. جابەقۆناغێک بێت یاخود زیاتر.

لێرەشەوە، قورسە وابیر بکەینەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم جەنگە بە ناتەواوی ونیوەنا چڵی بەجێ بھێڵن، سەرلەنوێ بە ھەمان داواکاری جارانەوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لە کاتێکدا گفتوگۆکانی پێشوویان تەنھا وەک بەشێک لە ئیدارەدانی ململانێکان و غافڵگیرکردنی بەرامبەر بەکار ھێنا، نەک گەیشتن بە چارەسەری مام ناوەندی لەگەڵ ئێراندا، چونکە ئامانجێکی لەوجۆرە دژ بە ستراتیژو نەخشە داڕێژراوەکانیان بوو.

لەلای خۆشمەوە، بە چەند ڕۆژێک پێش ھەڵگیرساندنی ئەم جەنگەی ئێستا، لە کورتە وتارێکدا ئاماژەم بەو ڕاستیە کرد ، سەرنجم بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە ئەوەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە ئارادایە، لە جەوھەردا گفتوگۆ و وتووێژ نییە، بەڵکو خستنەررووی کۆمەڵێ داواکارییە بۆ ئێران ، کە قبووڵکردنیان یەکسانە بە خۆڕادەستکردن و رەتکردنەوەشیان دەبێتە پاساو بۆ بەکارھێنانی ھیز لەدژی، لەپێناو سەپاندنیاندا.

رووخاندنی رژێم وەک ئامانجی ستراتیژیی پشت جەنگەکە؟

گەرچی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەبەر ھەندێ ھۆکار و ھاوشێوەی ئەزموونی عێراق، بە ئاشکرا ڕووخاندن وگۆڕینی ژێمیان لەتاران وەک ئامانجی گەورەو سەرەکی جەنگەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵکو بەستیانەوە بە ملنەدانی ئێران بەکۆمەڵێ داخوازی وەکو کۆتاییھێنان بەبەرنامە ئەتۆمی ومووشەکی و درۆنییەکەی و دەستبەرداربوون لەپشتیوانی گرووپە ئایدۆلۆژییە چەکدارە ھاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا( کەھەرئەوە خۆی ھەڵتەکاندنی بناغەی نیزام وکۆتایی گووتارەکەی دەگەیاند)، بە کردەوە، کار بۆ ئەوئامانجە دەکەن. ڕانەگەیاندنی ئەو ئامانجەش بەروونی لە لایەن ئەمریکاوە، ڕەنگە بۆ کۆمەڵێ ھۆکار بگەرێتەوە لەوانەش:

. ترەمپ نایەوێت ئەزموونی عێراق و ئەفغانستان جارێکی تر دووبارە بکاتەوە، کە لە خەیاڵدانی ئەمریکاییەکاندا شتێکی نەخوازراوە. ڕای گشتی ناوخۆ بە قورسی قبووڵی دەکات و لەسەر ئاستی جیھانیش بەشی خۆی کێشە خوڵقێنەرە و لەگەڵ بەرنامەی ھەڵبژاردنی خۆشیدا ناکۆکە.

. ئەگەردانانی ئەوەی ئامانجێکی لەوجۆرە تێچوویەکی زۆری بووێت و سەرنەگرتنیشی لەقۆناغی یەکەمدا وەک شکست بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لێکبدرێتەوە.

.پاساودانی جەنگەکە بەکۆمەڵێ ئامانج کەلەسەر ئاستی ھەرێمی ونێودەوڵەتیی تاراددەیەکی زۆر قبووڵکراون. ھەر بۆیە مەسەلەکەیان لە ڕاگەیاندنی جەنگ و رووخاندنی ڕژێمەوە دابەزاند بۆ ئاستی ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنووردار و کاتی، بەڵام ناو بەناویش- بەجۆرێک لێپرسراوێتی سیاسی و سەربازیی ڕاستەوخۆ درووست نەکات-بەزیندوویی ھێشتەوە، ئەوەشیان نەشاردەوە کەخوازیارن گەلانی ئێران سوود لەدەرفەتەکە وەربگرن و دەستپێشخەری بەدەستەوە بگرن وبەیارمەتی ئەوان ھەوڵی گۆڕینی ڕژێم بدەن. جوگرافیاو سرووشت وجۆری بۆمباران و بەئامانجگرتنەکانیش، بەشێکی بەرچاوی دەچنە خزمەتکردن بەم ستراتیژەوە، واتە ستراتیژی گۆڕینی ڕژێم.

ھەموو ئەوەش ئەوە دەخاتە ڕوو، کە ڕووخانی ڕژێم ئامانجە گەورەکەی پشت جەنگەکەیە، تەنھا ئەوەندە ھەیە دەیانەوێت، بە جۆرێک بێتە دی، ئەو لێپرسراوێتی و خەرجی و تۆچوونە مادی و مەعنەوییەیان نەخاتە ئەستۆ، کە لە عێراق و ئەفغانستاندا وەک ئەمریکییەکان لەئەستۆیان گرت و ئاکامەکانی بۆیان نەخوازراوو خراپ بوون. ئەمەش دەری دەخات، ستراتیژی گۆڕینی ڕژێمەکان لەسەر دەستی کۆمارییەکان، گۆڕانی قووڵی بەسەردا نەھاتووە، بەڵکو ئەوەی گۆڕاوە ڕێکار و تەکتیک و شێوازی نوێی داھێنەرانەیە بۆ بەدیھێنانی نەک بنەماو ستراتیژەکە. ئەوەش بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەک لە نێوان دەستگرتن بە ئامانجەکان و دروشمە نوێکانی خۆیانەوە بێننەدی.ئەگەر لە ھەندێ شوێنی وەکو ڤەنزوێلاش، ئەو ئامانجە، بە دەستگیرکردن ولادانی لووتکەی ھەرەمەکە و گۆڕینی پێگەکانی ھێز لەنێو سیستمدا بێتە دی، سەبارەت بە زلھێزێکی ھەرێمی وەکو کۆماری ئیسلامی ئێران و سیستمێکی ئایدیۆلۆژی ڕەقی ڕەگدا گوتراوی چەندین ساڵە، بە ھەمان شێواز نایەتەدی، چونکە گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەت و نوخبەی حوکمڕان، لە سۆنگەی سروشتی ڕژێمەکە و مەنزومە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئەمنییە ئاڵۆزەکەیەوە، بە گۆڕینی ڕژێم نەبێت نایەتە دی.

ئەوەی ئەم خواست وئامانجەشی لای واشنتۆن و تەلئەبیب لە ئێستادا گەورەتر کردووە، دەرھاویشتە و بەرئەنجامەکانی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر لەناوچەکە و بڕیاری دووبارە دیزاینکردنەوەی کۆی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوەی ئامانجێکی لەو جۆرە، تەنھا بە لاوازکردنی ڕژێم لە تاران و کەمکردنەوەی ھەژموونەکەی نایەتە دی، بەتایبەتیش کە ئامادە نەبوو دەست لە ھاوپەیمانێتی و پشتیوانی ئەو ھێز و گروپانە ھەڵبگرێت کەلە ناوچەکەدا ئاڵای دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئەمریکایان بەرز کردووەتەوە ھەوەھا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمی و چەکسازییەکەشی نەبوو، کەسەرچاوەی ھەژموون وبەھەرەشەبوونییەتی بۆ ئیسرائیل ودۆستەکانی، ھەر بۆیە بیریان لە چارەسەری ڕیشەیی و کۆتایی ھێنان بە ڕژێم لە تاران و کۆی ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا کردۆتەوە و لەئێستاشدا بەکردەوە بەھەرچی پێیان دەکرێت ھەنگاو بە ھەنگاو کار بۆ ئەم بەدیھێنانی ئەم ئامانجە جیۆ ستراتیژیە گەورە دەکەن.،بیانوو خوڵقاندنی ئەمریکاییش بۆ شکستپێھێنانی گفتوگۆکان و تەنانەت بەکارھێنانیان بۆ پەلاماردانی سەربازیی غافڵگیرانە، بێ گوێدانە ئەو بەرئەنجامە دەرونی و سیاسیانەی لێیان دەکەوێتەوە، لەوانەش ڕووخانی متمانە بە گفتوگۆ وەک ڕێکار و ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە، ھەر دەچێتە خزمەت ئەو پلان و نەخشە لە پێش داڕێژراوەوە..

کۆتایی گفتوگۆکان و ئاساننەبوونی دووبارە بوونەوەی خێوەتەکەی سەفوان وەکو خۆی

بەشێ لەشرۆڤەکاران و چاودێرانی جەنگەکەو دۆخی ئێستای ململانێکان، ئەگەری ئەوە دادەنێن کە ئەزموونی( ١٩٩١)ی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خۆڕادەستکردنی وەک ھێزێکی شکستخواردووی جەنگی کەنداوی یەکەم، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا دووبارە ببێتەوە، واتە لەئێستادا ڕژێم نەڕوخێت، بەلکو توانا سەربازییەکانی لێ دابماڵرێت و ملکەچی داخوازییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بکرێت و بەقۆناغێکی لاوازی ونیمچە شکستخواردووییدا تێبپەڕێت ودواتر سەری لەڕووخانی یەکجارییەوە دەربچێت. بەڵام سەرەرای ئەوەی دەکرێت ئەگەرێکی لەم جۆرە، نەکرێتە دەرەوەی بیرکردنەوەو شرۆڤەی سیاسییەوە، وادەبینم ئاسان نەبێت ئەزموونی خێوەتەکەی سەفوان وخۆرادەستکردنی عێراق سەبارەت بەکۆماری ئیسلامی ئێران وەک خۆی دووبارە ببێتەوە، ئەویش لەسۆنگەی کۆمەڵێک ھۆکارەوە، لەوانەش:

. جەنگی کەنداوی یەکەم لەچوار چێوەی بریارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وھاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دژبەعێراق بەڕێوە چوو.
. ئامانجی جەنگەکە ڕوون و دیاریکراوبوو، کەئەویش ڕزگارکردنی کوێت و وەدەرنانی ھێزە عێراقییەکان لێی و سزادانی عێراق بوو لەسەر ئەوکارەی، واتە ڕووخاندنی رژێم ئامانج نەبوو. بەڵکو ئامانج ملپێکەچکردن و لاوازکردنی بوو.
. ئیسرائیل بەشێک نەبوو لە جەنگەکەو حەوتی ئۆکتۆبەرێک و دووبارە دیزاینکردنەوەی خۆرھەڵاتی ناوەراست بەم جۆرەیلە ئێستادا ھەن لەئارادا نەبوو.
. سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی وباس وخواسی چارەسەرکردنی کێشەی فەلەستین بوو، لەکاتێکدا دۆزی فەلەستین لە ئێستادا لەبەردەم مەترسیی پاکتاوکردندایە.
.ترسێک ھەبوو لەوەی کە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسەین لەقازانجی کۆماری ئیسلامی و بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامییە شیعەکاندا کۆتایی پێبێت، لەکاتێکدا ئێستا ئامانجەکە کۆتایھێنا نە بەکۆی ئەوھێزانە لەناوچەکەدا، جێگرەوە گریمانکراوەکانیش جیاوازن.
. بوونی ترەمپ بەوتایبەتمەندییانەی ھەیەتی لەپێگەی سەرۆکایەتی ئەمریکاو لەسەر کاربوونی حکومەتێکی ڕاسترەو لەئیسرائیل بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانێکی توندرەوو فراوانخواز، کە خەونی دامەزراندنی ئیسرائیلی گەورەی لەمێشکیدایە وتوانیویشییەتی بەسەرکێشییەکانی زۆر تاپۆ لە ناوچەکەدا بشکێنێت.

. نەبوونی ھەژموونێکی ناوچەیی ھاوشێوەی کۆماری ئیسلامی و بوونی ئەوتۆرە لەھاوپەیمانێتی گرووپە چەکدارەکان و بەو بەرنامە چەکسازیەوە کەھەیەتی لەوکاتەدا.

. پەلامارنەدانی سەرکردایەتی ئەوکاتەی عێراق ودواتر چاوپۆشیلێکردنی بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی گەلانی عێراق لەباشوورو کوردستاندا، لەکاتێکدا دیمەنەکە لەئێستادا تەواو پێچەوانەیە.

. ھاتنە ناوەوەی وڵاتانی کەنداو وەک لایەنێک بۆ وێناکردنی جۆری کۆتاییپێھێنانی جەنگەکە لەئێستادا، لەسۆنگەی ئەوزیانانەی بەریان کەوتوەو وبێمتمانەبوونیان بەرژێمی ئێستا لەتاران و بەزاندنی زۆربەی ھێڵە سوورەکان لەلایەن ئێرانەوە.

. متمانە بەخۆبوونی زۆری ئەوکاتەی ئەمریکاو خۆرئاوا، بەحوکمی ئەوەی پێیان وابوو، جەنگی ساردیان لەبلۆکی کۆمۆنیزم بردۆتەوە بۆ سنووری ڕاگەیاندنی کۆتایی مێژوو سەرکەوتنی ڕەھای لیبراڵیزم و سەرمایەداری، لەکاتێکدا ئێستا ئەمریکا ترسی ھەڵکشانی چین وکەمبوونەوەی نفوزە جیھانییەکەی لێنیشتووە، یاخود لانی کەم وەک ئاڵنگارییەک دەیبینێت،رەھەندێکی ئەم جەنگەش پەیوەندی بەوململانێ جیھانیی و ئەو شڵەقانە لەسیستمی نێودەوڵەتی باودا ھەیە.

بۆیە پێم وایە ئەوەی ئەمریکا وئیسرائیل چاویان تێبڕیوە، بە ھەندێ جیاوازییەوە، خۆڕەدەست کردنی ھێتلەر و ڕووخانی ڕژێمەکەیەتی، نەک نموونەکەی عێراق، واتە خۆڕادەستکردن و قبووڵکردنی شکست لەجەنگداو مانەوەی ڕژێمەکە.بەو واتایەی خۆڕادەستکردنی دەوڵەت یەکسان بێت بە کۆتایھاتنی ڕژێمەکە، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ناچار نەبن دووبارە پەنا بەر نەوە بۆجەنگ، کۆماری ئیسلامیش پەیامەکەی بەوجۆرە وەرگرتووە کەباسمان کرد وپێی وایە ململانێکە سفرییەو بواری چارەسەری مام ناوەندی زۆر تێدا نەماوە، ھەربۆیە جەنگی وجوودیی ومان ونەمانی خۆی دەکات و لەوپێناوەشدا گوێ بەڕێساو ھێڵە سوورەکانی پێش جەنگ نادات؟

زیاتر