کێ میراتگری مام جەلال و تەواوکەری ڕۆڵەکەیەتی؟

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  06/04/2021  |    2151 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵڕۆژی بە سەرۆک کۆماربوونی مام جەلالدا، کە بۆ کورد لە عێراقدا واتای ڕەمزیی خۆی هەبوو، هەندێ قەڵەم و پەیج سەرنجیان بۆ سەر هەندێ گۆشەو ڕۆڵی ئەو دەربڕی. ئێمەش ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ تیشک خستنەسەر هەنێ تایبەتمەندی بیرکردنەوەو ڕۆڵ و مامەڵەکردنی ئەو لەگەڵ کێشەو قەیرانەکاندا، بە حوکمی ئەوەی دەتوانێ لەمڕۆدا خزمەت بە واقیعی هەرێمی کوردستان و بیناکردنەوەی ڕۆڵەکان و گواستنەوە بۆ قۆناغێکی تر بکات. سەرنجەکانیشمان لەم دوو خاڵەدا کورتدەکەینەوە :

 یەکەم/ مام جەلال لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق، دۆخەکە لە سایەی جەنگی ناوخۆدا بە جۆرێك بوو، پرسیار لە مانەوەی عێراق وەك قەوارەیەکی سیاسی، پاساوی خۆی هەبێت. مام جەلال ڕۆڵی هەبوو لە بە یەکگەیاندنی لایەنەکان و کۆنتڕۆڵکردنی جەنگەکەو ڕزگارکردنی عێراق لە هەرەسهێنان؟

لە ئەزمونی جەنگی ناوخۆی هەرێمیشدا، بوێری ئەو لە شکاندنی بەربەستە دەرونیەکان و چوونە پێشەوە تا ئاستی سەرکێشی کردن لەم ڕووەوە، ڕۆڵی بنەرەتی هەبوو لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان و کۆتاییهێنان بەو گەڕە پوچگەراییەی جەنگی ناوخۆی کوردی باشور .

لێرەشەوە تێدەگەین کە مام جەلال لە سێ ئاستداو بە سێ شێوە مامەڵەی لەگەڵ قەیران و کێشەکان کردووە :

١ - بەڕێوەبردنی ململانێکان

٢ - خاوکردنەوەی گرژییەکان

٣ - دەستپێشخەری بۆ شکاندنی بەربەستە دەرونی و بەستەڵەکە سیاسیەکان. کە چارەسەری کاتیان لێکەوتۆتەوە .

ئەمەش پێوەرێکمان دەداتە دەست بۆ دیاریکردنی میراتگرانی مام جەلال. بە گوێرەی پێوەرەکەش، میراتگرانی  هەموو ئەوانەن، کە نەك هەر خۆیان بەربەستی دەرونی گەورە لەگەڵ بەرامبەرە ناکۆکەکاندا دروست ناکەن، بەڵکو لەخۆبردوویی لە خۆیان نیشاندەدەن و بەربەستە دەرونییەکان لەگەڵیان تێکدەشکێنن و دووبارە شایستەگی بۆ قسەبەیەکەوە کردن و ئەزمونکردنی ڕێگەی جیاواز لە مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا دەگێڕنەوە .

بەڵام وێناکردنی سەرەوەمان بۆ ڕۆڵی مام جەلال، ئەرکی میراتگرانی بە تەنها دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوازەکەی ئەو سنوردار ناکات، لەبەر ئەوەی ڕۆڵەکە ڕووی تری رەهەندێکی تەواونەکراوی هەیە، کە پێویستی بە تێپەڕاندن و تەواوکردنەو حوکمی وەسێتی یاسایی نەوتراوو پابەندکەری هەیە. واتە، مافدان بە میراتگریەکە، بیناکردنێکی نوێ لەسەر کلتورو ڕۆڵی مام جەلال لەم ڕووەوە دەخوازێت .

ئەمیش لەو سۆنگەوە کە :

تاکتیکەکانی مام جەلال(تاکتیك لێرەدا بە واتای کاتی بوونی چارەسەرەکان دێت) پێویستیان بەوەیە وەك کۆمەڵێ پرسی لێکدابڕاو نەمێننەوەو بخرێنە خزمەت قوڵایی و ئامانجە ستراتیژیەکانیانەوە. لەو سۆنگەوە کە بوونی مام جەلال لە پێگەی سەرۆککۆماری عێراقدا، گرژییەکانی خاو کردەوە، بەڵام نەیتوانی دەستکاری سروشتی قەوارەی عێراق و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکانی و لەوانەش کێشەی نێوان کورد لەگەڵ ئەم قەوارەدا بکات .

واتە هەوڵەکانی ئەو ئەخلاقی بوون، بەڵام پێویستیان بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ئەخلاقی قوڵتر هەبوو، ئەویش ئەوە بوو: ئایە مانەوەی ئەم قەوارە بەم جۆرەو پارێزگاری لێکردنی، لە ڕووی ئەخلاقیەوە دەچێتە خزمەت هاوڵاتی و گەل و پێکهاتەکانی عێراقەوە؟

لە کوردستانیش، سەرەڕای کۆتایی هاتن بە جەنگ و ڕۆڵی گرنگی مام جەلال لەم ڕووەوە، تا ئەم ساتەوەختەش، نەتوانراوە تارمایی جەنگی ناوخۆ بە تەواوی بڕەوێنرێتەوە، ئاسەوارەکانی بسڕدرێتەوەو بینای سیستەم بکرێتەوە. کەواتە مام جەلال گرنگە، بۆ ئەوەی جەنگ بگۆڕین بە ململانێی ناخوێناوی و چۆنێتی بەڕێوەبردنی، دوای ئەوەش خاوکردنەوەی گرژییەکان و شکاندنی بەربەستەکان لە پێناو پێنانە قۆناغێکی نوێی پێکەوە کارکردن. بەڵام، ئەم ڕۆڵە تێپەڕاندن و تەواوکردنی دەوێت  لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرە هەمیشەیی و ستراتیژەکان .

...........................................

 دووەم/  شوێنپڕکردنەوەی مام جەلال وەك کەس، لەسەر ئاستی حیزبەکەی، بە حوکمی کاریزمابوونی بۆ ئەندامان و جەماوەرەکەی، کارێکی قورسە، چونکە بەگشتی کاریزمابوون بەشێکی لەسەر حسابی بە دامەزراوەیی نەبوونی ژیانی حیزبیی و سیاسیە .

بەمەرجەع بوونی کەسەکەو هەژمونی گەورەی بەسەر هاوەڵەکانییەوە، وادەکات مەودای نێوان خۆی لەگەڵ ئەوان، بە جۆرێك گەورە ببێت، پڕکردنەوەی ئاسان نەبێت. ئەوەش کێشەی یەکتر قبوڵنەکردن لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت، چونکە خەڵکەکە ئەو کلتورەیان نیە لە ئاستە جیاوازەکاندا بە دەوری دامەزراوەو بیرۆکەدا کۆببنەوەو بەهۆی ئەوەشەوە سەرۆك یان سکرتێری جێگرەوە قبوڵ بکەن؟ !

یەکێتیەکان ئەم دۆخەیان والێکدایەوە کە: جگە لە مام جەلال سکرتێری گشتی شایستەی کەسی تر لە پاش خۆی نیە؟! واتە پۆستەکە پەیوەست و پاشکۆی تاکەکەس بووە! کە ئەم گوزارشتدانەوە بۆ پارتێکی خۆ بە سۆشیال دیموکرات پێناسە کردوو، ناڕاستە. بەڵام، هەرچۆنێك بێت ئێمە دەخوازین مامەڵە لەگەڵ واقیع بکەین و بڵێین: کاتێك جێگرەوەی تاکەکەسی بۆ مام جەلال ئاسان نابێت، چارەسەر هاوسەرۆکی لەگەڵ درێژەدان بە دۆخی نادامەزراوەیی کۆن نیە، بەڵکو دووبارە بیناکردنەوەو بە دامەزراوەیی کردنە. واتە، دامەزراوە، نەك کەس ببنە جێگرەوە. دوای ئەوە سکرتێر یان هاوسەرۆکەکان ڕۆڵی خۆیان ببینن .

بەدەر لەمە، زەمانەتی هارمۆنێتی نێوخۆیی لاواز دەبێت، کەسەکان دەبنەوە بە تەوەری دیاریکردنی هەستیاری و چارەسەرو دیدگاکان. بەدەر لەم ئاستە حیزبییەش، دەبێت ئەوانەی خۆیان بە میراتگرو درێژەپێدەری ئەم ڕووەی کەسێتی مام جەلال دەزانن، هەوڵدەن لەسەر ئاستی گشتی و کۆمەڵگەو دامەزراوە نیشتیمانیەکانیشدا، جۆری مامەڵەو پێویستیە تەواوکەرەکانی بە دامەزراوەیی بکەن. بەڵام، لێرەدا نابێت سەرنجمان تەنها لەسەر کوڕەکانی و هاوسەرۆکەکان و تەنانەت یەکیەتیەکانیش بێت، بەڵکو بە حوکمی ڕووە نیشتیمانییەکەی کەسێتی سەرکردەی کۆچکردوو، کەس و گروپ و ناوەند گەلی تریش دەتوانن وەك سود وەرگرتن لە ئەزمون، خۆیان بە میراتگر لەقەڵەم بدەن و لەم ڕۆڵەدا بەشدار بن .


زیاتر